ڕیزی هەڵپەڕكێ ببەستنەوە

AM:10:50:20/03/2025 ‌
ئەرێ بۆچی هەڵپەڕكێ و ئاهەنگی گەورە نەماوە؟ زۆر دەمێكە چالاكیی هونەریی گەورە نابینم لە كوردستان، خۆ ئەو ئاهەنگانە زۆر چێژبەخش و گرنگن، جێگەی خۆیەتی هەموو شارەكان لە هەر چوار وەرزەكەدا كاری وا بكەن.

جاران كە پارە نەبوو، تا 2003یش ساڵانە فێستیڤاڵی هونەری گەورە دەكرا، گرووپەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەهاتن، بەڵام جێگەی خۆیەتی لەمەودوا لە گۆڕەپانی گەورەتردا بكرێ و خەڵكی زۆر بەشدار بن و بۆ خۆیان هەڵپەڕن.

ئەم ڕۆژانە كوردستانی ڕۆژهەڵات دەبینم، هەستی ئەوەم لا دروست بووە كە دنیای ئێمە چالاكیی ژیانیی تێدا نەماوە و وەك تەلەڤزیۆن و حزبی ئیسلامی، خەڵكیان تووشی بێ جەوی كردووە، ئەی لایەنە هونەری و ئیدارییەكان بۆچی دنیایەكی شاد ناخەنە گەڕ، خۆ بەپێی سەرژمێرییەكە، ژیان لە كوردستان زۆر خۆش و باشە و زۆرینەی ڕەهای خەڵك خانوو و ئۆتۆمبێل و هەموو شتی هەیە، دە بژین ئیتر و واز لە بێتاقەتیی بێنن، خەڵك لە دەوڵەمەندترین وڵاتیش هەر بۆ ئەوە هەوڵ دەدات خانوو و ئۆتۆمبێلی هەبێ. 

دەزانم كورد لە ژێر گوشاری هەمەلایەنەی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە نائارامە، بەڵام خۆ ستەم لە هی ئێران تۆختر نییە لەسەر كورد، ئەوەتا شادن و لەوپەڕی تەنگانەدا ژیان دروست دەكەن، پیاو كە ئەوان دەبینێ دەڵێ عەمری ئێمە نەمێنێ كە هەڵناپەڕین.

هەڵپەڕكێی كوردی پڕە لە جووڵە و خەمڕەوێنی، مرۆڤ كە كەناڵێكی نەبێ بۆ خۆبەتاڵكردنەوە، وەك ئەم كوردی باشوورە لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا هەست دەكەی ڕێی وێڵ كردووە و هەر كەسێك دەبینی باسی خەمە، هیچ گومانم نییە پزیشكە جەلادەكەیش هەڵپەڕییایە، ئەو تاوانەی نەدەكرد، هاووڵاتییانی ئەوروپی كە توندوتیژ نین، هی ئەوەیە هەموو پشووەكانی هەفتە شەوەكەی بە سەما تەواو دەكەن، دە با ئێمەیش هەڵپەڕین، خۆ ژیان هەر دەڕوا، بۆ دەیكەن بە خەم؟

سەیرە ئەم ژینگە و ژیانە زیندوو و چالاكە جێهێڵراوە بۆ گرووپە ئیسلامییە سیاسییەكان و بە ئارەزووی خۆیان خەڵك دەگەوجێنن، لە كاتێكدا كورد هەرگیز كێشەی ئاینی نەیووە و خۆی گەلێكی مسوڵمانە و دەزانێ كێشەی نەتەوەیی هەیە، وەك دكتۆر نەجاتی عەبدوڵا لە نووسینێكدا دەڵێ، "كورد لە هەڵپەڕكێدا یەكگرتووە و هەموو جیاوازییەكان وەلا دەنێ". كەواتە گۆڕەپانەكە خۆش بكەنەوە با وزە نەرێنییەكان بە هەڵپەڕكێ دەركەین و ژیان بدۆزینەوە.