نەورۆز بۆنەیەکی دیرۆکیی کوردە، بۆ ناو کولتووری زۆربەی نەتەوەکانی دانیشتووی ناوچەکە و تەنانەت ئاسیای دوور و ئەورووپایش شۆڕ بووەتەوە. شتێکی ئاساییە هەر نەتەوەیەک لە سۆنگەی هێز و هەژموونی سیاسی و تەنانەت کولتوورییەوە، خۆی بە خاوەنی نەورۆز بزانێت، بەڵام ناکرێت ئەو گێڕانەوە مێژوویی و دیرۆکیانە پشتگوێ بخەین کە لەسەر مێژووی نەورۆز هەن.
گێڕانەوەیەکی مێژوویی دەڵێت مادەکان پاش سەرکەوتنیان لە ٧٢٨ ساڵ پێش زاین، هەژموونی کولتووری و سەربازیی خۆیان بەسەر خێڵە جۆراوجۆرەکانی نیشتەجێی چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس سەپاند و دەستیاندایە دامەزراندنی یەکەمین دەوڵەتی سەربازیی خۆیان. ئەم بیرکردنەوە ڕێکخراوە بوو بەهۆی دامەزرانی ئیمپراتۆڕیی مادەکان کە لەخۆگری ناوچەیەک دەبوو لە ئەنادۆڵی ناوەڕاستەوە تا ئاسیای ناوەڕاست کە لەژێر حوکمڕانیی پاشا کیاکسارێس (کای-خۆی-سرەو) بوو.
لە سەردەمی کای-خۆی-سرەو، لە ڕووی مێژووییەوە وەک یەکەمین قەیسەر (کایسار) دەناسرێت، مادەکان جەژنی (نەورۆز) نووڕۆژیان بۆ هەموو خەڵک لەناو سنوورەکانی پاشایەتیی خۆیان بەڕێوە بردووە. ناوی مادەکان لە Ma-Da وشەیەکی کۆن بۆ دایەگەورە یان سادەتر بیڵێین Da بە واتای دایک/دایە وەرگیراوە. واتە کەسێک کە کولتووری دایک دەچێنێت و پەروەردەی دەکات و بە ئێمەی دەبەخشێت. ئەمە خۆی دەرخەری ڕەگەزی مێینانەی نەورۆزە لە کولتووری دیرۆکیی کورددا و بە ڕای زۆربەی مێژوونووسان، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ مادەکان.
ئەمە پێشاندەری پێگە و ڕۆڵی پیرۆزی ژنە هەم وەک دایک و هەمیش وەک هاوسەر و یار و... بە گشتی ڕەمز و هێمایەک بۆ زاوزێ و لە دایکبوونەوە و نەمری. لە پاش خیانەتی کوروشی هەخامەنیشی لە باوەگەورەی، واتە دواپاشای ماد بە ناوی ئاستیاگوس و کوشتنی پاشا، کۆی میراسی مانەویی و سیاسی و ئاینی مادەکان لەلایەن هەخامەنشییەکانەوە کە خێڵێکی ناوچەی پاسارگاد بوون كە ئێستە لە پارێزگای شیرازە و ئەوکات لەژێر کۆنترۆڵ و خزمەتگوزاریی مادەکاندا بوون، داگیر کرا و نەک هەر ئەوە، لە سەردەمی دواتر و پاش هاتنەسەرکاری پاشاکانی وەک داریوشی یەکەم، هەموو هەوڵێک درا هیچ ئاسەوارێک لە مادەکان و سامانە ئاینییەکەیان کە موغەکان سەرپەرشتیارییان دەکرد، نەمێنێتەوە.
ئەمە باس و قووڵبوونەوەی مێژوویی وردی دەوێت، بەڵام وەک گێڕانەوەیەکی گشتی لەناو مێژوونووساندا هەیە. مێژوو پێمان دەڵێت نەورۆز تەنیا بۆنەیەکی سیاسی و ئاسایی و هاكەزایی نەبووە، بەڵکوو لە باوەڕی قووڵی ئاینی مادەکان بە لەدایکبوونەوە و بووژانەوەی سروشت و جۆرێک سوپاسگوزاریی بۆ گەردوون، هەڵقوڵاوە.
گێڕانەوەی دژواز هەن لەبارەی نەورۆز یان وەک هەندێک لە مێژوونووسان دەڵێن "نووڕۆژ"، بەڵام بە دڵنیاییەوە نەورۆزی کوردی فۆرمە ڕەسەنەکەی نەورۆزە لە ناوچەکەدا و نەورۆزی ئێرانی یان هەمان نەورۆزی فارسی، فۆرمە ساختە و شیوێنراوەکەی نەورۆزە.
وەک لە سەرەوە باسم کرد، هەخامەنشییەکانی نیشتەجێی ناوچەی پاسارگادی ژێر دەسەڵاتی مادەکان، بە ناوی "پارسەکان" دەناسران، ئەم ناوە تا ئێستەیش لەژێر ناوی "سوپای پارس-داران" یان "سوپای-پاسداران"دا ماوەتەوە.
لە سەردەمی مادەکاندا هەخامەنشییە پارسەکان بۆ "پاسەوانیکردن"ی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی قەڵەمڕەوی پاشایەتیی ماد لە هەمبەر هێرشی خێڵە شەڕانییەكان، بەتایبەتی "سەکا"کان، دامەزرابوون و مووچەیان لەلایەن پاشای مادەوە پێ دراوە، بۆیە وشەی "پارس" واتە پاسەوانی، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی واتە هەمان سوپای پارسەکانی پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی!
سەیروسەمەرەیە خێڵێک سنوورەوانی مادەکان بوون، ئێستە لە فۆرمە ئیسلامییەکەیدا هەژموونی زۆریان بەسەر ناوچەکەدا پەیدا کردووە و بگرە کولتووری کوردیان بە نەورۆزیشەوە بە جۆرێك قەڵاچۆ کردووە.
نەورۆزی کوردی ئێستە و لەم سەردەمەدا هەمان زایەڵەی جیهانی مانەویی و فەلسەفیی مادەکانی هەیە، سەرباری ئەوەی تێکەڵ بووە بە هاواری مافخوازی و زایەڵەی سیاسیش. لە دوای شۆڕشی ژینا و بزووتنەوەی کوردستانیی "ژن. ژیان. ئازادی" نەورۆز ڕەگ و ڕووخساری سیاسییانەی خۆی زیاتر توندوتۆڵ کرد و دەرکەوتنەوەی خەست و خۆڵی ژنان و کچانیش زیاتر بوو. ئەمەیش هەمان خەیاڵە گشتییە مێژووییەکەیە کە تا ئێستە لە نەستی نەتەوەی کورددا ماوەتەوە، نەورۆزی کوردی بە پێچەوانەی نەورۆزی فارسی و کۆماری ئیسلامیی فارسی ئێران، نەورۆزی ناو شوێنە داخراو و ژوورە بەرتەسک و میچدارەکان نییە، بەڵکوو بەشدارییەکی دەستەجەمعیی هەموو خەڵکە لەناو سروشت و لە ئامێزی بەهار و لەژێر ئاسمانی گەردووندا، بە هەڵپەڕکێ و ئاگری بڵێسەدار و سروود و گۆرانییەوە.
جیاوازییە جەوهەرییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەوان هەر ئەمانە نین، بەڵکوو لە تێڕوانینی ئێمەدایە بۆ بوونی ژن و بەشداریی ڕەنگاڵەیی و شکۆمەندانەیان لە پیرۆزکردنی نەورۆزدا. ئەمساڵیش نەورۆزی کوردەواری لە ڕۆژهەڵات (کە بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە لە هەندێک شوێن پێش وادەی خۆی کرا و بەردەوامیش دەبێت) بە شکۆ و حەماسەتێکی وەهاوە پیرۆز کرا، هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی ئێرانی سەرسام کردووە، کۆبوونەوەی حەشیمەتی چەند هەزار كەسی لە یەک شوێن و ناوچە و بە ڕێكخراوی، ڕێکوپێکی ڕیوڕەسمەکە، بەشداریی زۆر و گەشەداری ژنان کە ئەمساڵ بە جامانە و جلی خاکی توێ و دەلالەتی مانایی ساڵانی دیکەیشیان بە کۆماری ئیسلامیی وتەوە. دوو "نەخێر"ی گەورەیان مانیفێست کرد.
نەخێری یەکەم بۆ ئەو کولتوورە داگیرکەرەی هەخامەنشییەکان کە پێش چەند هەزار ساڵێک بە ناپاکی و خیانەتی ناوخۆیی (لەلایەن کوروشەوە کە کچەزای ئاستیاگوس دواپاشای ماد بوو و کوڕی ماندانا کچە گەورەی پاشا بوو) دەسەڵات و هێزی سیاسی و مانەویی باپیرانی ئێمەیان ڕووخاند و تا ئێستە غەدرمان لێ دەکەن.
نەخێری دووەمیش بۆ کۆماری ئیسلامی و زوڵمەکانین کە درێژکراوەی هەمان کولتووری هەخامەنشییە بەو جیاوازییەوە کە ئاین و کۆنەپەرستیی ئاینیشیان تێکەڵ کردووە، ئاینێک کە تەنیا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی و ئارەزوو و خەونەکانی چەند کەسی وەکوو عەلی خامنەییە!
نەورۆز لە هەموو کورد پیرۆز بێت، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی لانکە و بێشکەی ڕەسەنایەتیی و بەهیوام نەورۆزی ساڵی داهاتوو بە دەرکردنی هەموو داودەزگاکانی ڕژێمی ئاینی و فارسی لە کوردستان پیرۆز بکەین.