نەورۆزی مەزنی چوار پارچە و یەک پەیام

AM:10:59:24/03/2025 ‌
ڕەنگە بتوانین بەبێ دوودڵی بڵێین نەورۆزی ئەمساڵ بۆ کورد جیاوازترین و هاوکات شکۆدارترین نەورۆز بووە. تیشكی ئاگرەكەی لە کرماشان و مەهابادەوە بۆ ئاکرێ و قامیشلۆ و لەوێشەوە بۆ ئامەد درێژ بووەوە، تا سنووری بڕی و لە كۆڵن گەورەترین كەرنەڤاڵ پێشكەشی جیهان كرا. ڕێوڕەسمەکە لە هەر کام لە پارچەکاندا شکۆ و درەوشاویی و فرەڕەنگیی خۆی هەبوو. هاوکات لە هەر پارچەیەکیش پەیامێکی دیاریکراوی سیاسی و شوناستەوەرانەی هەبوو، بە گشتیش گەیەنەری یەک پەیام بوون بۆ جیهان لە ڕوانگەی کورد و کوردستانەوە. 

شکۆی نەورۆزی ڕۆژهەڵات، فرەڕەنگی و جۆشوخرۆش و هەڵپەڕکێ و کوردەواریبوونی پەیامێکی گەورە بوو بۆ سیستمێکی سیاسی و کولتووری کە کورد تا ئێستەیش وەک خێڵ و پەراوێز و "خۆماڵی" دەبینێت و پێناسەی دەکات. وەک لە گێڕانەوە مێژووییەکاندا هاتووە، نەورۆزی کوردی پێشینەدارتر و کۆنترە لەوەی فارس، ئەمە بە ڕێوڕەسم و شێوازی ئاهەنگگێڕاندا دیارە. 

نەورۆزی فارسی کە دەکەوێتە هاوکێشەیەکی سیاسی-شوناستەوەرانە، لەگەڵ نەورۆزی ڕۆژهەڵات، خوانێک هەیە کە حەوت شتی لەسەر دادەنرێت و ناوەکانیان دەبێت بە "سین" دەست پێ بکات. بۆ نموونە، "سرکە، سێو، سەمەنوو و سیر و..." ئەمەیش لە سەردەمی قاجارەکاندا كرایە باو. 


نەورۆزی ئەوان زیاتر وەک بۆنەیەکی خێزانی و لە شوێنێکی میچدار و داخراودا بەڕێوە دەچێت و ئەوپەڕی شەش حەوت کەسی لێ کۆ دەبنەوە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بەوەی نەورۆزی فارسی بۆنەیەکی بچووکی سیمبوڵییە و زیاتر لە خۆنواندنێکی زۆرەملێ دەچێت بە سنوورداری و بچووکیەکی سەیرەوە! 
بەڵام نەورۆزی کوردی بنەچە و ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و بۆ ڕێزلێنان لە گەردوون و سروست و نوێبوونەوەی ساڵ، هەموو خەڵک ڕێگەی دەشتودەر دەگرنە بەر و ئاگری نەورۆز دەکەن بە نیشانەی بەرزڕاگرتنی هێزی ڕووناکی و نوور، لە هەمبەر تاریکی و ڕەشاییدا. 

وردەکاریی بۆنەی نەورۆزی کوردی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لەم ئاستە بەراوردکارانە بچووکەدا، جیاوازیی ڕەسەنایەتی و کەونینەبوونی نەورۆزی کوردی لەگەڵ نەورۆزی فارسی، دەردەکەوێت. هاوپێچی ئەمەیش، نەورۆزی کوردیی ئەمساڵی ڕۆژهەڵات، پەیامێکی مەزنی سیاسیش بوو بۆ جیاوازیی و سەربەخۆبوون وەک نەتەوە و کولتوور و شوناس. هەرچی باشوورە نەورۆزی ئاکرێ بە شکۆداریی بێ وێنەی خۆیەوە وەک زۆربەی ساڵان و بە ئاڵای شەکاوە و بەرز و درێژی کوردییەوە و بە مەشخەڵی ڕووناکیی دەستی سەرۆکەوە، فەرمیبوونێکی وەهای دا بە نەورۆز کە دڵی هەموو کوردێکی لە پارچەکانی دیکە زیاتر گەشاندەوە. 

ڕاستە نەورۆزی هەموو پارچەکان سیاسی بوون، بەڵام ئەوەی ئاکرێ دەکرێت بڵێین بەشێوەیەکی فەرمی سیاسی بوو، جاڕدەری تەبایی و گونجانی ڕۆحی حوکمڕانی کوردی لەگەڵ کرۆک و جەوهەری مێژووی نەتەوەیەکی دێرین و کۆن بوو. 
ئاکرێ سەرەڕای ئەم لایەنە ڕەمزییە، لەو ڕووەیشەوە گرینگە كە وەک بەشێک لە باشووری نیوەئازاد خاوەندارێتیی فەرمی دەکات لەو جەژنە پیرۆزە مەزنە و دەکرێت تۆمارکردنی نەورۆز وەک جەژنێکی نەتەوەیی کوردانی هەموو دنیا و شوناسمەندکردنی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە لە چوارچێوەی گەڵاڵەیەکی کولتووریدا بخرێتە بەردەم ڕێکخراوی یونسکۆ، تا بە هیچ شێوەیەک هیچ وڵاتێک لەسەر خوانی کورد خۆی نەکات بە ساحێب ماڵ. 

ڕەنگە لە ڕووی ئەو دۆخە تازەیەی پرۆسەی ئاشتی لە باکور و بانگەوازەکەی سەرۆکی پارتی کرێکاران و بیسرانی دەنگی پێی گۆڕانکاریی نوێ، نەورۆزی ئامەدیش نەورۆزێکی تەواو جیاواز و سیاسی بووبێت، تێیدا هێما و دروشمە کوردییەکان بە ئازادییەکی زیاتر لە ساڵانی پێشوو لەلایەن جەماوەری ملیۆنیی باکورەوە بەرز دەکرانەوە، گرینگتر لەوەیش پەیامی سەرۆک بارزانی و کەسایەتییە سیاسییەکانی تر و بەیانكردنی داواكەی بارزانی بۆ ئازادیی ئۆچالان، هاونەوایی و هاوسۆزییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، لە باشوورەوە بۆ باکوری نیشتمان. 

هاوكات نەورۆزی ڕۆژاوایش پەیامی تایبەتی خۆی هەبوو، یەکەمجارە بەو شێوە و لە سوریایەکی بێ ئەسەد و لە جیۆگرافیایەکی ژێر دەسەڵاتی کورد و تەنانەت لە دیمەشقیش، ئاگری نەورۆز بکرێتەوە و کڵپەی کوردانەی گڕەکەی ئاسمانی شەو ڕووناک بکاتەوە. 
بە ڕاستی نەورۆزی ئەمساڵ هەمووی دەسکەوتی مەزن و گەورەی کولتووری و پەیامی سیاسی و ئامانجی یەکگرتوویی بوو، هیوادارم بە کارکردنی زیاتر لە ئاستی میدیا و شیکاریی مێژوویی و کوردانە، زیاتر مانای بدەینێ. 

لایەنی دیکەی نەورۆز کوردانی دیاسپۆرا بوون، هەر لە لەندەنەوە تا کۆڵن پەیامی کوردایەتیی و مافخوازی و شوناسمەندیی خۆیان دەربڕی و پەیامی سەرۆک بارزانی وەك ڕێبەرێكی نەتەوەیی بۆ ئەوان، نیشانەی بێ وڵاتی و غەریبیی ڕەواندنەوە و کورد ڕەنگە بۆ یەکەمجار بێ لە مێژوودا، ئاوا هەست و خرۆشێکی بۆ یەکبوونی هێما و پەرۆشییە نیشتمانی و نەتەوەیی و هەروەها دۆخە سیاسییەکەی هەبووبێت. 
نەورۆز مەزنتر و شکۆدارتر گەلەکەمان بگەیەنێت بە ئاسمانی ئاوات و ئامانجەکانمان، کڵپەی ئاگر شەوی نووتەکمان لێ بتارێنێ.