ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی و دژایەتیی کورد

AM:09:44:27/03/2025 ‌
ئەگەر چاوێکی خێرا بە مێژوودا بخشێنین، بە ئاسانی دەردەکەوێت کورد نەک هەر خزمەتی زۆری بە ئیسلام کردووە، بەڵکوو ئەو ئەرکانەیشی ڕایپەڕاندوون بۆ ئیسلام كە نەك بە هیچ نەتەوەیەکی تری مسوڵمان نەكراوە، تەنانەت عەرەب خۆیشی ڕاینەپەڕێندون. مێژووە کۆن و متمانەپێکراوەکەی ئیسلام واتە مێژووی ئیبن کەسیر، تەنیا یەکێک لە خزمەتە نڤیسکاری و ڕۆشنبیرییەکانی کوردە بە ئیسلام. ئەبوحەنیفەی دینەوەری و ئیبن تەیمیەی حورانی و ئیبن خەلەکان و دەیان کەسایەتی بەرز و مەزنی دیکە، خزمەتی زمان و کوتووری عەرەبی بیاباننشین و ئیسلامیان کردووە. سەڵاحەدینی ئەیووبی ناوێکە زاکیرەی جیهانی عەرەب و ڕٶژئاوا و تەنانەت جووەکانیش بە باشی هەڵیانگرتووە و کوردبوونی مۆرکێکی جیاواز و دانسقەیە لە ناو کولتوورێکی بەدەوی و خۆبەزلزانی عەرەبی پاش پێغەمبەری خودا (د . خ). 

ڕەنگە زۆر لە ئێمە ناوی سەحابییەکی پێغەمبەری خودا بە ناوی "گاوان کوردی" نەبیستبێ یا شتێکی ئەوتۆی لێ نەزانین، گاوان پیاوێکی بە هەیبەت و حەقیقەتدۆستی کورد بووە و کاتێک دەنگی بانگهێشتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەبیستێت و بانگی محەمەد بۆ یەکتاپەرستی دەگاتە گوێی، بە دڵ بانگەکەی وەرگرت و بۆ بینینی پێغەمبەر ڕێی مەدینەی گرتە بەر. ئەو گەیشتە خزمەت پێغەمبەر و ئیمانی بە ئاینی ئیسلام هێنا. بێگومان ئەمە شانازییەکە بۆ کورد هەم بە بارە ئاینییەکەیدا و هەمیش بە بارە نەتەوەییەکەیدا. 

گاوان پاش ئیمانهێنان، گەڕایەوە بۆ کوردستان و هاوزمان و هاونیشتمانیانی خۆی بانگهێشتی ئاینی ئیسلام کرد، ڕۆڵێکی گەورەی لە مسوڵمانبوونی بەشێک لە کورددا گێڕا. هاوکات ئەو سەفەرەی بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە بازرگانانی کورد هاتوچۆی شاری مەدینە بکەن و لەگەڵ پێغەمبەردا ببن بە هاوپەیمان. 

هەندێک گێڕانەوە لەبارەی ئەوەوە هەن، پێغەمبەر بەهۆی ئەم پێوەندیانەوە و بینینی جلوبەرگی کورد و وەفاداری و ئینتیمایان، هەر لەوکاتەوە بۆ کولتوور و پۆشاکی خۆی، جلوبەرگی کوردیشی لەبەر کردووە. هەموو ئەمانە بەڵگە و گێڕانەوەی مێژوویین، هەم بۆ جۆری پێوەندی کورد و ئیسلام و تەنانەت لەگەڵ پەیامهێنە مەزنەکە، هەمیش کراوەیی پەیامهێنی مەزنی ئاینی ئیسلام لە هەمبەر کولتووری بیانی و دەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەب.
 
ئێستە ئەگەر لەو مێژووە دوور و کۆنە بێینە دەرەوە و چاو لە دنیای ئێستەمان بکەین، دەبینین دنیایەک ڕەوت و گوتاری ڕادیکاڵی ئاینی لە هەمبەر جیهانی سەردەمدا وەستاونەتەوە و لە هەموو ئەمانەیش سەیرتر، هەر جۆرە لە هەمبەر وەستانەوە و دژایەتیکردنێکیش لە کوردەوە دەست پێ دەکەن و بەداخەوە بەشی زۆریشیان هەر لە کوردەوە دژی کوردەوە دەوەستنەوە. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە لەناو کورددا نموونەی بەرزی ئیسلامی میانڕۆ و ناسیاسی بوونی نییە و لە پێناو هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و بەهادا تێناکۆشێت، بەڵکوو ئەمە باسکردنی خەمناکانەی ئەو ڕاستییەیە کە هەندێک لە مەلا و بانگوازەکان ساڵانێکە دەستیان داوەتێ و لە دژی کورد هەموو شتێک بەرهەم دێنن کە ڕەنگە تەنانەت جیهانی عەرەب و تەنانەت تورک، نەوێرن ناوەرۆک و قسەی وا فاشیانە و ترسناکیان هەبێت. 

لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە تایبەت ئەو شارانەی هەم شیعە و هەم سوننەیان تێدان، لەوانە کرماشان و سەرپێڵی زەهاو و گەبلانی غەرب و شاباد و... چەندان مەلای ڕادیکاڵ و توندوتیژ، لە هەر جۆرە ڕەتکردنەوە و سووکایەتییەک خۆیان نەبوارد و نەورۆز و کولتووری کوردیان خستە خانەی شیرک و  ئیلحادەوە.

دیارە ئەم مەلایانە نوێنەرایەتیی هەموو مەلاکانی ڕٶژهەڵات ناکەن و بە ئەگەری زۆریشەوە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن سیستمەوە ئیدارە دراون، بەڵام خۆیان بەڕادیەک لەناو دەمارگرژی ئاینیدا نوقم بوون، نازانن بوون بە یاریی دەستی سیستمەكە و چەند پەیجێکی ئینستاگرام! 

ئەمانە هاوکات کە لەلایەن سیستمی ئێرانییەوە پشتگوێ خراون، تا دژی کورد هەرچی شتە بیڵێن، پێڕەوی لە گوتاری ئیخوانی و قەتەر و تورکیا دەکەن، ئەمانە بە بیانووکردنی حیجاب و باڵاپۆشی و بێئەخلاقی دەیانویست نەورۆزی کوردی پووچەڵ بکەنەوە و وەک داردەستی ڕژێم لە تۆڕەكانی کۆمەڵایەتیدا جوێن و بێحورمەتی دنیایان بە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکان و بەشداران و جەژنەكەیش کرد، بەڵام شەپۆلی خواستی ڕووناكیی کورد و ئیرادەی مەردانەی نەوەکانی ماد، نەک تەنیا لە ڕٶژهەڵاتی کوردستان، بەڵكوو لە هەموو پارچەکانی دیکە و تەنانەت لەناو کوردانی دیاسپۆرایش، ئەم گوتار و كەسایەتییە چەواشەکار و جاهیل و داردەستانەی تڕۆ کرد. 

ئایا کەسێک نییە بیریان بخاتەوە بەکارهێنانی قسەی زبر و جوێن و سووکایەتی بە هەر کەسێک، دوورە لە بنەماکانی ئیسلام؟ ئەگەر ئەوان بە کرێگیراو و دابەستە نین، بۆچی ئاوا ناو و ناوبانگی ئیسلام دەڕووشێنن؟ یا ئەوان پێیان خۆشە ئێمە بە جاهیل و دابەستە و نەزان ناویان بێنین؟ ئەگەریش پێیانخۆشە، ئەوا ئێمە پێمان ناخۆشە، چونکە ڕێزی ئەوە بۆ زمان و کولتووری کوردانەمان دادەنێین کە هەر مرۆڤێک جێی ڕێزە و نابێت وشەی زبر و ناشیرینی دەرهەق بەکار بێت. 

با ئەوانە باش بزانن نەورۆزی ئەمساڵی کوردستان، نەک تەنیا بانگەوازی کوردایەتی و پەیامی سەربەخۆیی لە هەموو پارچەکان و جیهاندا بوو، بەڵکوو دەست بە ڕووەنانی ئەو جۆرە لە ئیسلامی سیاسی و توندڕۆ و ناسەردەمییە، لە کۆمەڵگەیەکدا و لەناو نەتەوەیەکدا کە زیاترین خزمەتی بە ئیسلام کردووە و بەهۆی ئاوەها گوتارانێکەوە زۆرترین خەساریشی بەرکەوتووە!