"گۆڕان" لە هەلومەرجێکدا لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان جیا بووەوە، هەم بەشێک لە کەس و لایەنە کاریگەرەکانی ناو یەکێتی لە کۆی کێشە کەڵەکەبوو و چارەسەرتەكراوەكانی ناو یەکێتی وەڕەز بووبوون و هەمیش خەڵکێکی زۆری سلێمانی و زۆنی سەوز ئیتر تاقەتیان نەمابوو و ماندوو بووبوون، بۆیە دەکرێت بڵێین لەو قۆناغەدا نەوشیروان مستەفا لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدا بوو تا هەم ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە دروست بکات و سەرەڕۆیی و تاکڕەوییەکانی باڵێکی زاڵی ناو یەکێتی بە دنیایەک ناشەفافیەت و گەندەڵییەوە لەقاو بدات، هەمیش لە ئاستی ئەخلاقی سیاسیی و پێوەندیی بە کۆمەڵگە و جەماوەرەوە، قۆناغێکی نوێ دروست بکات. بەڵام ئایا توانی؟
ئەستەمە تەنانەت ئێستەیش ناوی "بزووتنەوە" بەسەر ئەو حزبەدا ساغ بکرێتەوە، لە گەرمەی ئەو هەلومەرجەدا و بەو تایبەتمەندی و جەمسەربەندییەی لە سەرەوە باسم کرد، کەشێک ئامادەبوو تا ئەم هێزە بە "بزووتنەوەبوون"ی خۆی مانیفێست بکات و دواتر و لە قۆناغەکانی تردا جێگیر و پتەوی بکات، ڕەنگە تا ئاستێک بەهۆی ئەو تووڕەییە قووڵەی خەڵک لە یەکێتی و سیاسەتەکانی و یاخیبوونی کەسایەتیی سیاسیی نەوشیروانەوە، ئەم مانیفێستە کرا، بەڵام تەمەنێکی کورتی هەبوو، دەتوانین بڵێین دوای ماوەیەکی کورت و تەنانەت پێش واژۆکرانی ڕێکەوتنی ستراتیجی نێوان مام جەلال و نەوشیروان، وەک بزووتنەوە کۆتایی پێ هاتبوو، هۆکارەکەیشی پاشەکشە لەو دروشم و داواکارییە ڕادیکاڵ و سەرکێشانە بوو کە نەوشیروان وەک دامەزرێنەر و تیۆریسێنی سەرەکیی خستبوویە ڕوو.
ڕەنگە بۆ زۆرینەی جەماوەر واتە ئەوانەی ئیتر بێهیوا بووبوون لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی یەکێتی، بینینی دووبارەی دوو ڕووخساری سەردەمی شاخ وەک کەسی یەکەم و دووەمی یەکێتی لە شاخ، لە فۆرمی کەسی یەکەمی دوو هێزی جیا لە خەباتی سیاسیی شاردا، بە پێکەنین و تەوقەوە شتێکی چاوەڕوانکراو نەبووبێت، ئەگەرچی ئەمە ڕواڵەتی یارییەکەیە و یەکلاکەرەوەی هەموو شتێک نییە، بەڵام لە شانۆی سیاسەتدا ئەم ڕواڵەتە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت و خەڵک لە تێگەیشتندا لەم ڕووەوە (هوشیارانە یان ناهوشیارانە هەڵە ناکەن، ئەگەر لە قەناعەتە پێشووەکانیان پاشگەز ببنەوە) هەڵەیان نەکرد. بۆیە بزووتنەوەبوونی ئەم هێزە تەمەنێکی کورتی هەبوو و هەر زوو شەبەنگی ڕادیکاڵیزم و داینەمۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لێ ڕەوییەوە و هاتە ئاستی حزبێک بە خەونێکی ڕژدەوە بۆ گۆڕانکاری.
بەڵام ئەمەیش هێندەی بە بەرەوە نەبوو و ئەو نەخشەڕێ و سیاسەتانەی لە کەناڵی "کەی ئێن ئێن"ەوە بە دەمڕاستیی سەرەکیی کاک نەوشیروان خۆی، هەندێک لە ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسە دیار و نادیارەکانی دیکە خرانە ڕوو، لە پاش هەڵبژاردن و بەشداریی لە حکوومەت و پەڕلەمان، قڵپ بووەوە و ڕۆشنبیر و ڕٶژنامەنووسانی وەک ڕێبین هەردی و هوشیار عەبدوڵا بوون بە کەواسووری بەر لەشکر و ڕۆژ دوای ڕۆژ تیۆرییەکانیان سواخ دەدا و بەردی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و یەکجارییان لە سینە ئەدا.
کار گەیشتە شوێنێک نائومێدیی ڕێبین هەردی وەک ڕۆشنبیرێکی دیار بەرەو هاودەنگیی لەگەڵ ئیسلامییەکان بردی و لە خۆپێشاندانەکاندا بە هاواری "ئەڵاهوئەکبەر" هاونەوایی و هاودەنگیی لەگەڵ لایەنە ئیسلامییە ئیخوان و سەلەفییەکان دژی حکوومەت، ڕاگەیاند! ڕەنگە خۆی ئێستەیش شانازیی پێوە بکات و بە کردەیەکی دژەباوی ڕۆشنبیرانەی بزانێت کە کەسێکی سیکولار و ئازادیخواز لەگەڵ ئیسلامییەکاندا دروشمی ئەڵاهوئەکبەری بە نیازێکی سیاسیی وتووەتەوە!
کۆی دیمەنەکە وەها نائومێدکەر و شۆکهێنەر بوو، بەختیار عەلی نووسەری ناودار کە سووکە ئومێدێکی لەسەر گۆڕان لە سەرەتادا هەڵچنیبوو، لە دیمانەیەكدا ڕای گەیاند، گۆڕان ئیتر نەماوە و بە تەواوەتی فەشەلی هێناوە. دۆخی کەسانی وەک وشیار عەبدوڵایش ڕوونە کە لەسەر حسێبی گۆڕان و کەناڵەكەی بوون بە پەڕلەمانتار و زۆرترین دژایەتی حکوومەت و حوکمڕانیی کوردیشیان کرد و دەیشیکەن! (هەڵبەت هەندێ سووکە ڕەخنەیش دەگرنە بەغداد، بەڵام دیارە لای ئەوان کێشەکان هەمیشە لە هەولێرەوە سەرچاوە دەگرن!).
پاش ئەم ڕووداوانە، نەک تەنیا بزووتنەوەبوون، بەڵکوو حزببوونی گۆڕانیش وەک دەستەواژەیەکی باو کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە پاش مەرگی دامەزرێنەرەكەی، بەڕێوەبەرایەتیی یان ڕێبەرایەتییەکی شایستە و یەکانگیر لە دایک نەبوو، حزب بە ئاسانی کەوتە دەست نما و چیا، ئەم دوو گەنجە ئەگەرچی کەمترین دەرکەوتنیان لە شاشە هەیە، بەڵام لە پشت هەموو ڕووداوەکانەوە ڕۆڵی خۆیان بە چاک یان خراپ دەگێڕن، نایشکرێت نکوڵی لەوە بکەین كە بوونی سێبەرئاسای ئەوان، خۆی هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەم مۆتەکە سڕکەرەی سەر گۆڕان وا بەهێز و کارامە بێت.
هەر ساڵە و بابەت و ڕووداوێکی تازە لەناو گۆڕان دەبیستین، نائومێدیی زیاتری جەماوەری ئەو حزبە و تەنانەت بوون بە گاڵتەجاڕ لە دوا هەڵبژاردن و نوشستییەکی کوشندە لە دەنگهێناندا، ڕۆژ دوای ڕۆژ بوونی ئەم لایەنە دەخاتە مەترسییەوە و لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک دەنگ و ئیرادەی سیاسی و مەعریفیی بەهێزی تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەم پرسیارە بەروەڕوومان دەکاتەوە کە ئایا گۆڕان کۆتایی پێ هاتووە؟ یان خەریکە کاژ دەخات و خۆی نوێ دەکاتەوە؟ ئاخۆ ئەم نوێکردنەوەیە ڕاستەقینەیە یا یارییەکی میدیایی و ئەودیو شاشەکانە و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بووە تۆزێک ڕووخساری ڕووشاو و خەمگینی خۆیان ماکیاج بکەنەوە؟
ئەم پرسیارانە پێکەوە لە پێوەندیدان و دەکرێت لەسەر هەرکامیان بوەستین، بەڵام وەڵامی ئەرێنی و دەلالەتی باشی هەرکام لەم پرسیارانە، لە حاڵەتێکدا مومکینە کە ئەو متماتە ڕووخاوەی نێوان خۆی و خەڵک دروست بکاتەوە، ئایا هێندە ئیرادەی تێدا ماوە بتوانێت ئەوە بکات؟ یا وەک بەرهەم ساڵح چاو لە کامێراکان دەکات و دەڵێت، هیچ پۆستێک تەنانەت سەرۆک کۆماریش قبووڵ ناکەم و پاشان بە ئاسانی واز لە حزبەکەی خۆی دێنێت و لەسەر پشکی یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆمار وەردەگرێت و لەو ماوەیەدا چوار هەڵوێست تەنانەت بۆ عێراقی داماویش نیشان نادات؟ با چاوەڕوان بین.