گەشتیاریی، یان گەشت و گەڕان بە مەبەستی چێژوەگرتن یا کار و کەسابەت، هەروەها بە مانای گەشیاریی، بازرگانی، ڕاکێشان، جێگیرکردن و دروستکردنی هەل بۆ کات بەسەربردنی گەشتیاران و کاروباری تۆڕەکانی گەشتکردنە. ڕێکخراویی جیهانیی گەشتیاریی، بە سەرنجدان لە هەموو ئەو پێناسانەی بۆ گەشتیار تا پێش ساڵی 1994 خراونەتە ڕوو، ساڵی دواتر /1995/، پێناسەیەکی جێگیری بڵاو کردەوە: کۆمەڵە چالاکی و جووڵەی کەسێک یان کەسانێک بۆ شوێنێک جگە لە شوێنی ژیانی ئاسایی خۆیان، گەشت دەکەن و لانیکەم شەوێک و لانی زۆر ساڵێک لەوێ دەمێننەوە و ئامانج لە گەشتەکەیان کاتبەسەربردن و تێپەڕاندنی کاتەکانی پشووە، ئامانجگەلی وەک ئیشوکار و پارەپەیداکردن ناگرێتەوە.
بەم پێیە، ئەو گەشتیارانەی دەچنە ناو چوارچێوەی ئەم پێناسەیەوە، زۆرترینی جەماوەر و حەشیمەتی گەشتکەر پێک دێنن. گەشتیاری بەشێوەی گشتیی بەسەر دوو جۆری ناوخۆیی و دەرەکی یاخۆ نێودەوڵەتی، دابەش کراون. وشەی Tourist بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1772 و وشەی Tourism بۆ یەکەمجار ساڵی 1811 بەکار هاتوون.
ئەم وشەیە لە وشەی Tour وەرگیراوە کە لە وشەیەکی کۆنی فرەنسی واتە Torner وەرگیراوە، دەچێتەوە سەر وشەی Tornareەی لاتینی و بە واتای (گەشتکردن لەسەر جۆرە چەرخێکی چێوتاشییە) کە خۆی لە وشەیەکی کۆنی یۆنانی Tornos بە واتای (چەرخی چێوتاشین) وەرگیراوە.
ڕەچەڵەکناسیی ئەم وشەیە بۆیە گرینگە؟ چونکە ئێمە لە ڕێگەیەوە لەوە تێدەگەین کە چێوتاشی یا خەڕاڕاتی هونەرێکە و دەتوانین بڵێین لەو هونەرانەیە کە دەچیتە خانەی هونەرە وێناندنییەکان، واتە ئەو هونەرانەی لە پلەی یەکەمدا لەگەڵ خەیاڵدا سەروکاریان هەیە. بە مانایەکی تر، گەشتگردن و خەیاڵکردن تەواوکەری یەکن و یەکیان جووڵەیە و ئەویتریان هاندەرە و پێدەچێت لە قۆناغی جیاجیایشدا شوێنگۆڕکێیان پێ بکرێت.
بەهەرحاڵ ئەمە سەرەداوی مانا و زمانیی وشەی گەشتیار و گەشتیارییە. پێمان دەڵێ، بە شێوەی بنەمایی یەکێکە لە خواست و ئارەزووەکانی مرۆڤ هەر لە کۆنەوە کە ئەسپ و هێستر و وشتر هەبووە، تا ئێستە کە جیهان گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و سەفەری ئاسان و سەیروسەمەرە لە ڕێگەی شەمەندەفەر و فڕۆکە و سەیارەی جۆراوجۆر و... ڕاستییەکەی دەتوانین پێوەست بە گەشتیاریی ئێستەوە بڵێین، ئەو خەیاڵەی لە هەناوی وشەکەدا وەک کردە و جووڵەیەکی هونەرمەندانە ئامادەبوو، ئێستە واقیعێکی گشتگیر و سەرانسەرییە. بە جۆرێك كە ئێمە بە شێوەی جۆراوجۆر گەشتیار و سەفەرکەری ڕۆژانەین، هەر لە ڕێگەی ئەپە جۆراوجۆرە دیجیتاڵییەکانەوە، بگرە تا گرووپە گەشتیارییە ڕێکخراوەکان کە بە کردار دەمانبەنە شوێنی سەیر و دوورەدەستی ناو سروشت و ئاسەوارە کۆنە کولتووری و مێژووییەکانەوە.
تا ئەم ئاستە مرۆڤ باشترین ڕێگەی لە بە واقیعیکردنی وێنا و خەیاڵەکانی بڕیوە، بەڵام بابەتەکە تەنیا ئەوەندە نییە، بەڵكوو گەشەی تەکنەلۆجیا و ئامێری جۆراوجۆری گەشت و شەمەندەفەر و سەیارە و... تەنیا ئاستێکی بچووکی قەیرانێکمان بۆ دەردەخەن کە هەنووکە بەشێکە لە قەیرانی ژینگە یان سروشت. واتە لەم سەردەمەدا گەشتیاریی پیشەیە و بەشێکی گرینگ و چارەنووسسازیی ئابووریی وڵاتانە.
گەشتیاریی هێندەی لەسەر ژینگە و سروشت بەندە، لەسەر ئاسەوارە مێژوویی و مەدەنی و شارییەکان بەند نییە، ئەگەرچی بە مانای گشتی هەر ژینگەیە، بەڵام لێكەوتەكانی بۆ زۆر وڵات لە زیانی ژینگەدا دەشکێتەوە و لە داهاتوودا ئەو داهاتەی لەسەر ژینگە بەدیهاتووە، دەرەقەتی قەرەبووکردنەوەی پیسبوونی ژینگەكە خۆی ناکاتەوە. ئەمە بابەتێکە زۆرینەی پسپۆڕانی ئەو بوارە هۆشدارییان لەبارەوە داوە.
کوردستان وڵاتێکی بەرین و سەرنجڕاکێشە، دەکرێت بڵێین لە کوردستانی گەورەدا چوار وەرزەكەمان لە یەک کاتدا هەیە، ئەمە بەدەر لە لایەنی سروشت و ئاسەواری مێژوویی و هەڵکەوتەی دانسقەی جیۆگرافی و تایبەتمەندیی ڕەنگاڵەییبوونی کولتوور و ئاینەکەی، بۆیە ساڵانە و بگرە مانگانە، خەڵک لە شوێنی جیاواز و جۆراوجۆرەوە ڕوو دەکەنە کوردستان، تێیدا دەمێننەوە و پاش خۆیان دنیایەک پیسوپۆخڵی و خاشاک بەجێ دێڵن، ئەمە تا ڕادەیەک ئاساییە و داودەزگاکانی شارەوانی و سیاسەتەکانی بەرگریی ژینگەیی، دژی دەوەستێتەوە، بەڵام ئایا بە ڕاستی ئەم دەزگایانە دەرەقەتی ئەو هەموو پیسکردن و شێواندنەی سروشت دێن؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر!
کوردستان لە هەموو پارچەکاندا ئێستەیش ئاسەواری شەڕە گەورە و وێرانكەرەكانی داگیرکەرانی نزیک و دووری پێوە ماوە، هێشتا لوغمی سەر چیا و سنورەكان کورد دەکوژن، بەشێکی ژینگەی کورد لە بۆردمانی کیمیاییدا لەناو چووە، ئێستەیش گەشتیاریی وەک هەلێکی ئابووری هاتووەتە پێشەوە، بەڵام بەبێ چاودێریکردن و پەروەدەی کولتووریی گەشتیاران و گوێجەڕاندنیان، ئەم هەلە بە ئاسانی دەبێت بە هەڕەشە، چونکە ئەوەندەی وەک ئەزموون خۆم تێگەیشتبم، بەشێك لەوانەی دێنە کوردستان، بە چاوی نەیارەوە سەیری خاك و سروشتەكەی دەکەن و هەر بە ئەنقەست و وەک کردەیەکی فاشییانە، ڕقیان لە کوردستان و ژینگەکەیەتی! سڵ ناکەنەوە لە پیسکردن و تەنانەت گڕتێبەردانی سروشتەکەی، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەنی پێوەندیدار، هەموو ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان، هەم لە ئاستی چاودێری و گوێجەڕاندنەوە و هەمیش لە ئاستی پەروەردە و فێرکارییەوە، هەنگاوی قورس و قایمتر هەڵبگرن، ژینگە خاک و خاک وڵاتە، پیسبوون و تیاچوونی ژینگە و خاک، لە کیسچوونی نیشتمان و شوناسمانە.