ئه‌م ڕۆژانه قسه‌یه‌كی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بووه‌ته باسی سۆشیال میدیا كه ده‌ڵێ، "خۆشحاڵم ئه‌م ماوه‌یه توانیومه دووجار كاك مه‌سروور ببینم و خه‌ریكه له‌یه‌ك تێده‌گه‌ین". ئه‌م قسه‌یه بۆ سیاسییه‌ك كه ململانێی هه‌ڵبژاردنی كردووه و ئێسته گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌كات، گرنگ و بایه‌خداره و هی ئه‌و هه‌موو تانه‌یه نییه له سۆشیال میدیا لێی ده‌درێ، به‌ڵكو گرنگه هانی بده‌ین له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگه ڕاسته بڕوات كه ڕه‌حمه‌تی مام جه‌لالیش به باوه‌ڕه‌وه هاته‌وه پیرمام و ته‌باییه‌كه‌یش كه‌وته خزمه‌تی كوردستانه‌وه.
ململانێی پارتی له شه‌سته‌كانه‌وه به‌رده‌وامه و ئه‌وه‌نده باس كراوه خه‌ڵك له به‌ریانه، بۆیه هیچی تازه نییه به خوێنه‌ری بڵێی، به‌ڵام ئه‌و 10 ساڵه‌ی كۆتایی ته‌مه‌نی مام جه‌لال كه پشتی له حزبه‌كه‌ی كرد له پێناو كوردستان و یه‌كڕیزی، ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی بۆ كورد به‌دوادا هات، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كام كێشه قووڵ بوایه، به ته‌له‌فۆنێك چاره‌سه‌ریان ده‌كرد، خه‌ڵك ئه‌وكات به‌رهه‌می ئه‌و ته‌باییه‌یان خوارد و متمانه و هه‌لی كار و ئابووری باش به‌چاو بینرا، ئه‌ی بۆچی ئێسته دژی ئه‌و قسه‌یه‌ی كوڕه‌كه‌ی مامن؟
خه‌ڵكی كوردستان له‌م ساڵانه‌ی دوایی له دۆخێكی سه‌یردایه، ده‌زانن تانه له هه‌موو شت بده‌ن و دژی پێكه‌وه‌یی بن، هه‌مان خه‌ڵك له كاتی ناته‌بایی و ململانێدا دڵه‌ڕاوكه ده‌گرن و ده‌ڵێن دۆخه‌كه باش نییه و ئیش نییه، هه‌مووان ده‌ترسن پارتی و یه‌كێتی شه‌ڕ بكه‌نه‌وه، ئه‌ی باشه ئێسته بۆچی ڤیدیۆی كۆن و نوێ له یه‌ك ده‌ده‌ن و تانه له‌و هه‌نگاوانه ده‌ده‌ن كه پارتی و یه‌كێتی به‌ره‌و یه‌كڕیزیی ده‌ینێن؟ خۆ ناكرێ دژی هه‌موو شت بیت و نه‌شزانی چیت ده‌وێ.
من ده‌ستخۆشیی له بافڵ تاڵه‌بانی ده‌كه‌م و هیواداریشم قسه‌كانی ڕژد و به‌رهه‌می باوه‌ڕێكی كوردانه بێت و بچێته‌وه سه‌ر ڕێگه‌كه‌ی مام، كوردستان زۆر پێویستی به هاوڕایی و هه‌ڵوێستی كوردانه هه‌یه، له‌و پێناوه‌دا پۆستێك له‌م كه‌متر یان له‌و زیاتر هیچ بایه‌خێكی نییه، چونكه له‌و كۆكییه‌دا ده‌سكه‌وتی زیاتر له به‌غدا به‌ده‌ست دێت و متمانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، پاره‌ی ماڵان دێته ده‌ره‌وه و ئابوورییه‌كه‌مان ده‌بووژێته‌وه كه زۆر پێویسته بۆ چه‌ند ساڵێك و خۆزگه هه‌میشه‌ییش بێ، كوردستان له ئارامیدا بژی و ڕاوی ئه‌و ده‌سكه‌وتانه بكات كه له گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه و لاوازبوونی به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌دا وه‌ك چانسی كورد له میدیای جیهانیدا باس ده‌كرێت و كورد خۆی ئاگای لێی نییه.
ڕاستیتان ده‌وێ دڵم به‌وه‌یش خۆش بوو كه پێشكه‌شكاره‌كه ده‌پرسێ كاك بافڵ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی تۆ و كاك مه‌سروور هیچ پۆستێك ده‌توانێ تێكی بدات؟ ئه‌و له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، "خه‌ریكه له سروشتی یه‌ك شاره‌زا ده‌بین و لێك تێده‌گه‌ین، ئێمه قسه له‌سه‌ر پره‌نسیپ ده‌كه‌ین، بیرتانه پێشتر ڕێككه‌وتنێكی ستراتیجیمان هه‌بوو كه قه‌ت پۆست گرنگ نه‌بوو له نێوانماندا، ده‌مانه‌وێ بۆ ئه‌وێ بڕۆین". ئه‌م قسانه دڵخۆشكه‌رن و مرۆڤ ده‌توانێ هیوای له‌سه‌ر هه‌ڵچنێ، چونكه پارتی هه‌رگیز نه‌یویستووه یه‌كێتی بخات یان لاوازتری بكات، هه‌رچه‌نده له 15 ساڵی ڕابردوودا چه‌ند جارێك ئه‌و هه‌له‌یشی بۆ ڕه‌خساوه، كه‌واته فه‌رموون رێك بكه‌ون و میله‌تیش ئه‌وه‌ی ده‌وێ.