لە هەندێ لە لێدوانەکانی ئەمڕۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیشە، بیرم کەوتەوە؛ کە ئەمڕۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی هێزی ئاسمانیی عێراقە.
لە قسەکانیدا بە شان و باڵی هێزەکە و فڕۆکەوانانی هەڵدا و ئاماژەی بەوەش دا؛ کە ئێستە هێزی فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتوویان هەیە کە زۆر لە دەوڵەتانی تر ئیرەیی بە فڕۆکەوانەکانی عێراق دەبەن.
ئەوەی لای من زۆر جێی سەرنج بوو؛ ئەو بۆچوونەی بوو؛ کە تیایدا پاکانە بۆ ئەو هێزە دەکا و تەنیا لە مێژووی هاتنە سەر کاری بەعسەوە کە ئەو بە (ڕۆژگاری دکتاتۆرییەت) ناوی دەبا و ئاماژە بەوە دەدا کە لەو سەردەمەدا سەرکێشانە هێزی ئاسمانی گلێندراوەتە ناو جەنگگەلێکەوە، کە تیایدا باشترین فڕۆکەوانەکانی لەناوچوون، لەمەشدا مەبەستی ئەو جەنگانەیە، کە بە پلەی یەکەم لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا و هەشت ساڵی خایاند، هەروەها جەنگی داگیرکردن و دواتر ڕزگارکردنی کوێت و دواجاریش جەنگی ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن بوو.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە زاری خۆی تەمەنی هێزی ئاسمانی (22/4/1931) نزیک لە تەمەنی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق (1921) دادەنێ، کەچی وا نیشان دەدا ئەو هێزە تا هاتنە سەر کاری دکتاتۆرییەت هیچ تاوانێکی نەکردووە و دەستی بە خوێنی هیچ دانیشتووانێکی عێراق سوور نەبووە. ئەو هێزەی کە فەرماندە شانازیی پێوە دەکا ئەوە بیرخۆی دەباتەوە و پشتگوێی دەخا، کە هێزەکە هاوشانی هێزەکانی تری دەوڵەتی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان جەنگاون و بۆمبارانی ناوەندە ئاوەدانەکان و شاخ و دارستان و بگرە مەڕوماڵاتی کوردستانیان کردووە و خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانیی هێرشی فڕۆکە و فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی عێراق، بە نموونە لە هەردوو شۆڕشی بارزان و شۆڕشی ئەیلوولدا ئەو هێزە بە دڕندەترین شێوە پەلاماری خەڵکی کوردستانیان دەدا. هەر لەو پێودانگەدا بەر لە دوو سێ ڕۆژ گوتارێکم لەبارەى کوشتاری خێزانێکی سڤیلی کوردستان بڵاو کردەوە، کە لە مانگی حوزەیرانی 1966دا بەهۆی هێرشی دوو یان زیاتر لە فڕۆکەی جۆری (هۆکەرهەنتەر)ی هێزی ئاسمانیی دەوڵەتی عەرەبیی عێراق شەهید بوون، هەرچەندە خێزانەکە لە ترسی فڕۆکەکان (فڕۆکەوانەکان) خۆشیان لە ئەشکەوتاندا حەشار دابوو.
هەر لەو بوارەدا، هەموو ساڵێکیش لە ڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقدا (6/1/1921) دەبێتە وەرزی بە شان و باڵ هەڵدانی سوپای دەوڵەتی عێراق، بێ ئەوەی هیچ لە بەرپرسانی دوێنێ و ئەمڕۆی دەوڵەتەکە کەسیان ئەو ڕاستییە ددان پێدا بنێن، کە یەکەم شەڕی سوپای عێراق، کە هێشتا تەنیا یەک فەوجی بۆ دامەزرا بوو لە دژی خەڵکی کوردستان و شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید بوو .
پێم وایە فەرماندەی گشتیی هێزەکان و هەموو ئەوانەش، کە لەم جۆرە بۆنانەی لەمەڕ سوپای عێراقەوە لێدوان دەدەن بەئەنقەست گوێ نادەنە هەست و سۆزی خەڵکی کوردستان، پێیان وایە کورد نەتەوەیەکە کارەساتەکانی خۆیان و ئەو دوژمنانەشی کە کارەساتەکانیان بەسەردێنن لەبیریان دەچنەوە، یان لەبیریان ئەبرێنەوە و یادەوەرییان زوو ئەسڕێتەوە.
جێی خۆیەتی ئەوە بڵێم، کە نەخێر هیچ وانییە و خۆ ئەگەر لەبەر جۆرێک چاوپۆشی تاکتیکیش بێ هەندێ جار خۆی لە باسکردنی هەموو تاوانەکانی هێزەکانی عێراق ببووێرێ، ئەوا هەرگیز لەبیری ناکەن، ئاخر ئەوەی لە هەموو سەردەم و قۆناغەکانی دەوڵەتی عێراق دژ بە کورد کراوە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. هەر کاتێکیش لەو بۆنانەدا بێدەنگییەکی لێ بکرێ ئەوە پتر بەو مانایەیە کە فەرماندە و سیاسییە دەوڵەتدارەکانی عێراق تاقی بکەینەوە و بزانین ئایا لەبری ئەوەی داوای لێبووردن لە کورد بکەن؛ بەوجۆرە قسانەی ئەمڕۆ لەو بۆنەیەدا کراون برینی کورد دەکولێننەوە کە بەمەش (هێمنی شاعیر) ووتەنی ڕقی کورد کەڵەکەتر و ئەستوورتر دەبێ .
ئەمەوێ لە دواقسەمدا بە دەوڵەتدارانی بەغدا بڵێم: ئێمە هەموو ڕۆژ و شەوێک ئەو بۆنانە وەبیر خۆمان دێنینەوە؛ بەڵام بیرهێنانەوەی ئێوە لەکوێ و بیرهێنانەوەی ئێمەی بریندار لەکوێ!