کرانەوەی سیاسی لە سیاسەتی ناوخۆدا

PM:01:32:23/04/2025 ‌
قسەکانی ئەم دواییەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەکرێت لە چەند لایەكەوە هەڵسەنگێنرێت، من کارم بەوە نییە تاڵەبانی ڕوون و ڕاشکاو لەسەر فڵان کەسایەتی یان فیسار کارەکتەری سیاسی چۆن قسە دەکا، بەڵكو ئەوەی لام گرینگە ئەوەیە، ئەم کەسە ڕوون و ڕاشکاو و ڕەنگە زۆر جاریش تووڕە قسە بکات و نموونەی وامان زۆر بینیوە و کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن گەواهیدەری ئەم ڕاستییەیە. بەڵام سەرباری ئەو هەموو هەڵبەزودابەزە لە سیاسەتی پێشووی یەکێتی و کردەوەی سەرۆکەکەی، ئێستە ئاماژە و کرانەوەی باش دەبینین کە نیشاندەری ئەوەن ئەم کەسە پراگماتیستە، واتە بەپێی دۆخەگان گۆڕانکاری لە تێڕوانین و گوتاردا دەکات. 

ڕەنگە ئەگەر بڵێین بەشێک لە سیاسەت پێویستی بەم ڕوانگەیەیە، هەڵەمان نەکردبێت، نەبوونی ڕوانینی پراگماتیستی و بەپێی دۆخ پۆتانسێڵەکان بینین، سیاسەتێکی یەکساید و بنبەستئاسا دروست دەکات، دوور نییە لە ئاژاوەی گەورەوە بگلێت. ئەگەر لەو لێدان و قسە و باسانەی بافڵ تاڵەبانی ورد بینەوە، گۆڕانکارییەکی دیار لە هەڵوێستەکانیدا بەرانبەر کۆمەڵێک بابەت دەبینین کە پێشتر سوور بوو لەسەر ئەوەی قەت قبووڵیان ناکات. یەکەمیان بابەتی "هەژماری من"ـە کە ماوەیەک پێش ئێستە لە یەکەم دیداری دوای ماوەیەک لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا، بەرچاوڕوونیی زیاتری بە وتەی خۆی لەبارەی بابەتەکە وەرگرتووە و کۆمەڵێک تێبینی خۆیشی بۆ سەرۆک وەزیران باس کردووە. وەک ڕۆژنامەنووسێک هەمیشە سەرنجی ئەوەم داوە، ئەگەر گفتوگۆ هەلومەرج و ڕێڕەوی تەندروست و ڕاستی خۆی بگرێت، ئەوا زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبن، یان با بڵێین ڕوانگەیەکی نزیک لە یەکتر بۆ بینینی بابەتەکان وەک یەکتر دێتە ئاراوە. 

بەختەوەرانە دوای ململانێیەکی زۆر و ناپێویست، ئێستە ئاڕاستەی پێکهێنانی حکوومەت گەیشتووەتە شوێنی شیاوی خۆی و بە زوویی حکوومەتی نوێ بۆ خزمەتکردنی کورد و کوردستان پێک دێت. 
گرینگە لەم دۆخەدا سەرنجی هەڵوێستە پراگماتیستی و لۆجیکییەکانی تاڵەبانی بدەین و ئەو کرانەوەیە لە ئاخاوتن و سیاسەتدا بخوێنینەوە. کەس ناتوانێت حاشا لەوە بکات یەکێتی چ ئەوسا و چ ئێستە، دوای پارتی جەمسەرێکی سیاسەت و حوکمڕانییە لە کوردستاندا، ئێستەیش کە سیاسەتەکە کەوتووەتە دەستی نەوەیەكی نوێ و کاک بافڵ نوێنەرایەتیی دەکات، ئاساییە کاتی بووێ تا گوتار و ڕاستەڕێی سیاسەتی لۆجیکیی خۆی ببینێتەوە و پێم وایە لەم قۆناغەدا ئەمە ڕووداوێکی باش و کردەیەکی ژیرانەیە، چونکە هاودەنگیی پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەوەی ناکۆکی و جیاوازییشیان لە تێگەیشتن بۆ دۆسیەكاندا هەبێت، خاڵی جەوهەری و سەرەکییە لە سیاسەتی کوردستاندا، هەم بۆ ئیدارەدانی هەرێم و خزمەتگوزاریی زیاتری خەڵک و بووژاندنەوەی زۆرتری کوردستان، هەمیش بۆ ململانێ و زۆرانبازیی لەگەڵ بەغدای داگیرکەر و بەدەستهێنانی زیاتری مافەکانی خەڵکی کوردستان. 

دیارە ئەم هەڵوێستانەی تاڵەبانی هەندێک میدیای بەناو ئۆپۆزیسیۆنیشی لێ ڕاست بووەتەوە و وا نیشان دەدەن یەکێتی و پارتی کێشەی بنەڕەتییان هەیە پێکەوە و چۆن دەتوانن پێکەوە سیاسەت بکەن؟ ئەگەر هەر هاووڵاتییەکی سادە بە ئاساییترین زانیاری و ڕوانینەوە بۆ سیاسەت و کۆمەڵگە و کێشەکان، بە ویژدانەوە بیر لەم قسەیە بکاتەوە، تێدەگات بۆچی بەوانە دەڵێم بەناو ئۆپۆزیسیۆن؟
ئاخر مەگەر ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن بەرچاوڕوونكردنەوەی دەسەڵات و حوکمڕانی یا زەوینەخۆشکردنە بۆ ناکۆکی و شەڕ و ئاژاوە؟ ئەی کاتێک ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو حزبە قووڵ بوو، بۆ دەیانوت ئەمانە پێکەوە نایانکرێت و ناتوانن حکوومەت پێک بێنن؟ لێرەدایە تێدەگەین ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان جگە لە وەهم و بڵق، شتێکی دیکە نییە. 

کۆمەڵێک وردە حزب یا بزووتنەوە کە جگە لەوەی دەیانەویت پۆست و پلە مسۆگەر بکەن، هیچ دیدێكی ڕاستەقینەیان نییە. ئەوەی بانگەشەی دروستکردنی گۆڕانکاری و فڕوفیشاڵ دەكەن، جگە لە یارییەکی میدیایی هیچی دیکە نییە. بەداخەوە ئەم زڕەئۆپۆزسیۆنانە چالاکیی ڕاستەقینە و ئەرکی حەقیقیی چاودێری و ڕەخنەکردنی دەسەڵات و حوکمڕانییان بە لاڕێدا بردووە و لە باتی ئەوە، دژایەتیکردنی بەردەوامی هەر دۆخ و سیستمێک کە ئەوان تێیدا پشکی ناڕەوایان نەبێت! لە جێ داناوە! 

دەبێت دان بەوەدا بنێین ئەم هەڵوێستانەی تاڵەبانی کرانەوەیەک دێنێتە دی لە سیاسەتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە و زەوینەی یەکگرتن و هاودەنگی زیاتریش دەخولقێنێت و دەبێت هەم پارتی و هەم یەکێتی، ئەم لێک نزیککەوتنە وەک دەرفەت و سەرمایەیەک بزانن و کاری لەسەر بکەن و بیپارێزن، نەک تەنیا ئەوە، بەڵکو ئەم پرۆسەیە لە ئاستی جیاواز و جۆراوجۆردا درێژەی بدرێتێ، تا کۆمەڵێک بیرەوەریی ناخۆش و نەشیاو کە سیاسەتی چەوتی ناوخۆیی لە قۆناغگەلی جیاجیادا دروستی کردووە، بڕەوێتەوە و خەڵک بە ڕاستی بەو قەناعەتە بگەن کە ئەم سیاسەتە سیاسەتێکی حەقیقییە و خزمەتی بەرژەوەندی خەڵک و کوردستان دەکات. 

لێرەوە بەرچاومان ڕوون بێت کە هەندێ کەناڵ و پەیج و... چ دەڵێن و چ گوتار و پەیامێک ئەندازیاری دەکەن و دەرخواردمان دەدەن. دۆخی ناوچەکە دەکوڵێت و ئەم یەکگرتنە بە جۆرێک لە ئاستی ناوچەییشدا ئامادەبوونێکی بەهێزتر بۆ پاراستنی خاکێک کە ملیۆنان شەهیدی لە ژێردایە و هەزارن سەربازی ونی بێسەروشوێنە.