هەمووی دوو هەفتە نابێت بەیانی 800 کەسی دیار و بەرچاوی ئێرانی کە بە هونەرمەند، نووسەر و ئەدیب و... ناسراون، لە دژی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرچووە، بە ڕاشکاوی باسیان لەوە کرد کە دەبێت حکوومەت ڕێگە نەدات نەورۆز لە جەژنێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە ببێت بە ڕێوڕەسمێکی خێڵەکی و خۆجێیی! هەندێ ئاماژەی تریش دژی زمان و کولتووری نەتەوە نافارسەکان بە تایبەت کوردی تێدایە کە زیاتر فۆبیاکەیان بەرجەستە دەکاتەوە.
لە پاڵ ئەوەی گوایە لەم ماوەیەدا ژمارەی ئەو کەسانە زیادبوونێکی بەخۆوە بینیوە، هاوکات هەندێ ورتەوتی شەرمنۆکانەیش دەبیسترێت، گوایە هەندێکیان ئاگایان لێ نەبووە بەیان و ناوەرۆکێکیان واژۆ کردووە! خاڵی جێ سەرنج و هاوکات کڵێشە ئەوەیە، زۆربەی ئەوانەی ناویان وەک واژۆکەر هاتووە، ڕەخنەگر و بگرە دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامین، بەڵام دەقی بەیانەکە هاندان و هەڵخڕاندنی حکوومەتە بۆ گوێبادان یا تەنانەت دەستوپێکردنی کورد! بۆیە لە سەرەوە ئاوەڵناوی "کڵێشە"م هێنایەوە، چونکە ڕاستییەکەی ئەم هەڵوێست و گەرادانانە، دەمێکە بۆ ئەوانەی وا گوتاری پانئێرانیزم (هەمان پان¬ فارسیزم)یان ناسیوە و ئێستەیش لەژێر زاراوەی "ئێرانشاری"دا کاژی خستووە و ڕووخسار و بیچمی فەلسەفی وەرگرتووە، ڕوون و بەڵگەنەویست بووە و دەزانن باڵی نەتەوەیی ئێرانیزم و باڵی ئاینیی ئێرانیزم، دواجار لەسەر ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن لە هەر ئەویترێک کۆک و تەبان و دەتوانن ناکۆکییەکانیان ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتیی (درێژ یان کورت) وەلاوە نێن، تا هەر "ئەویترێك" وەک "وردەخود"ێکی خۆیان بناسێنن یان ملکەچی بکەن، بەوەی واز لە ناساندنی خۆی و جەمسەربەندیی "خود" و "ئەویتر" بێنێت!
بەڵام ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی ژینا، ڕەوتێکی دروست کرد کە فۆرمبەخشیی بەم جەمسەربەندییە خستە کەناڵێکی بزۆز و زۆرانبازییەکی ناجوامێرانەوە، بەڵام سەرکەوتووانە و سەربەرزانە بۆ کورد، سەرکەوتن و سەربەرزی بەو مانایەی کورد هەم خواست و دروشمەکانی خۆی بە ڕوونی پێکەوە گرێدا و کردنی بە یەک و هەمیش هاودەنگی و یەکگرتووییەکی بێوێنەی لە هەڵوێستنواندن دژی هەموو جۆرەکانی ستەمکاری و سەرکوتکردن، نیشان دا.
زنجیرەی فۆرمبەخشیی بە جەمسەربەندیی خود و ئەویتر، لە شۆڕشی ژیناوە دەست پێ ناکات، بگرە ڕەچەڵەک و ڕیشەیەکی دوورودرێژتری هەیە، ئەگەر بپەرژێینە سەری هەم کاتێکی زۆر دەخوازێت، هەم پەلکێشی کۆمەڵێک باسوخواسی نێوان باڵە جۆراوجۆرە زانستییەکانمان دەکەن، بەڵام وەک ئایدیا دەتوانین هێڵکێشانی ئەم جەمسەربەندییە بگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان و ئەو تەمەنە ساوایەی کە هۆشیاری و سەرمایەیەکی ئەگەرچی کەم، بەڵام پڕ و پاراوی بەدی هێنا و بوو بە کۆڵەکەیەکی پتەو و جێگیر بۆ ڕۆنانی جەمسەری ئەو تەلارەی ناوی "خود"ە.
ئەم هێڵکێشانە لە ساڵی 1979 و ساتەوەختی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و نوقمەساربوونی ڕژێمی پاشایەتیی پەهلەوی، دیسان خۆی تۆخ کردەوە، ئەم زنجیرەیەی گرێدانی جەمسەرەکانی "خود" و پێناسەکردنی "ئەویتر"، ساڵانێک پێش شۆڕشی ژینا هەر بەردەوام بووە، زنجیرەکانی بەهۆی خوێنی گەشی لاوەکانی کورد لەناو زیندان و سەر شەقامەکان، ژەنگیان هەڵنەهێنا و هەر بریقەیان دەهات! بریقەی زنجیرەکانی ئێمە مانیفێستی ناساندنی خواست و مکوڕبوونمان بوو لەسەر مافەکانمان و قۆناغێکی دیکەی لە ڕەوتی "کوردبوون" چەسپاند!
بەهۆی سێبەری تاریک و خوێناویی پایتەخت، ڕەگی ڕەسەنی شۆڕشەکە لە ناخی خودێکی ڕەسەن و لە خاکی کوردستانێکی بریندار، باڵای کرد و لە شۆڕشی ژینادا کوردبوون وەک شەپۆلێکی کۆمەڵایەتیی بە هەموو ئێراندا تەقییەوە، بەڵام چاوگە ڕەسەنەکەی هەر لە کوردستان ڕوون و ڕەوان مایەوە و "ئەویتر"ەکان دیسان دەستیان کرد بە لێڵکردنی ئاوەکە و ماسیی سووریان لێ گرت بۆ نەورۆزی ساختە و بارمتەگرتوویان!
لە هەموو ئەم مێژووەدا کورد با بە پەرتەوازەیی و ناتەبایش ووبێت، بەڵام بەرخۆدەر و خۆڕاگر و خەباتکار بووە. نەک تەنیا بۆ بەدیهێنانی مافەکانی خۆی، بەڵکوو لێدان لە بنەمای هەر تێڕوانینێک کە دژی فرەدەنگی و فرەڕەنگیی بووە! من ناڵێم کورد تێڕوانینێکی هێندە ئامادەی بۆ وەرگرتنی دیموکراسیی هەیە، بەڵکوو باسم لەسەر ئەوەیە توانیوێتی لە وڵاتێکی وەک ئێران مافخوازیی خۆی و دیکتاتۆربێزیی، پێکەوە گرێ بدات، ڕەنگە ئەمە ئەو دۆزە ئاڵۆز و گرێکوێرەیەی کوردبوون بووبێت کە بەناو وەها ڕێڕەوێکی خوێناویی و تاریکدا بڕوات و چاوی لە نوور و ڕووناکایی بگەڕێت!
نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژهەڵات قۆناغێکی دیکەی ئەو هێڵکێشانە بوو لە نێوان خود و ئەویتردا و لە ئاستێکی بەرفراواندا دەنگدانەوەی هەبوو، هەربۆیە "ئەویتری" فارسی ناچار بە کاردانەوە کردووە، کاردانەوەیەک کە لەگەڵ ئەوەی دانپێدانانێکی بێ وێنەیە بە توانا و پۆتانسییەڵەکانی کولتوور و توخم و ماکە مێژووییەکانی کورد، ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەو خواستە ڕەها و فاشیزمە دەمامککەوتووانە کە ئیتر نەیانتوانیوە لە تاریکیدا ڕووخساریان بشارنەوە، لە هەر کوێوە دەست لە برین بدەی هەر دێشێت! هیچ برینێکیش بۆ هەمیشە ناڕەوێتەوە، لانیکەم بیرەوەریی یەکەم چرکەساتی ئازارەکەمان هەمیشە لەگەڵدایە!
فاشیزم لەسەر جەستەی کورد ئەو برینە لەبیرنەکراو و هەمیشەییەیە، بەڵام دەکرێت وردە وردە ئومێدەوار بین بەو دێڕە شیعرە بەناوبانگەی هێمن کە "ئاسۆ ڕوونە"، چونکە هەر لەم ڕۆژانەدا، وەک ساڵانی پار و پێرار و بەسرپێرار، دیسان کچە مامۆستایەکی وانەبێژی زمانی کوردی بە ناوی ـسروە پوور محەمەدـی بە سەربەرزی و شانازییەوە و بە لێدوانێکی بەشکۆوە بەرەو زیندان ڕۆیشت، تا سزای پێنج ساڵ گرتن بە بۆنەی خزمەتکردن بە کولتوور و زمان و شوناسی نەتەوەکەی، وەربگرێت.
بێگومان باسی من لێرەدا ستایشی سزاوەرگرتن و بەسەربردنی ژیان لە بەندیخانەدا نییە، بەڵکوو مانابەخشین بەو ئەکتەیە کە سەربەرزانە لە پێناو باوەڕ و ئازادی و کوردەواریدا، خۆی مانیفێست دەکات.