با قسە لە دڵدا نەمێنێتەوە

AM:11:26:03/05/2025 ‌
لە قەدیمەوە وتوویانە "با قسە لە دڵا نەمێنێتەوە چونکە دەبێت بە گرێ لەسەر دڵ". دیارە ئەمە پێداگرتنە لەسەر ئەوەی مرۆڤ یان کۆمەڵگە، لەگەڵ یەکتر ڕاست و ڕوون بن، قسەلەڕوو بن پێکەوە تا ژیان و پێکەوەبوونێکی برایانە ببەنە سەر. ئەمە ژیریی باوباپیرانی ئێمەیە لەسەر ڕاست و ڕوونی و هەروەتر ئەخلاقی ژیانکردنە، بۆ ئێمەیان بە میرات جێ هێشتووە. 

ئەمەم وت بۆ ئەوەی ئەگەر باسەکەمی بە دڵ نەبوو یان بەر لەوەی کۆتایی بە خوێندنەوەی بهێنن بڕیاریان لەسەر قسەکانم دا، بزانن مەبەستم پاککردنەوەی دڵ و دەروونە، بۆ ئەوەی برینەکانی پشتەوەمان وامان لێ نەکات، ئیتر متمانە بە یەک نەکەین، چونکە پێم وایە یەکێک لەو داڕمان و شکستە پلان بۆ داڕێژراوانەی بە درێژایی چەندان دەیە دوژمنان لەناو کۆمەڵ و جڤاکی کوردیدا جێگیریان کرد، سڕینەوەی متمانە بوو بە یەکدی. 

گومانکردنی بەردەوام لە خۆمان و لە یەکگرتنی لایەنە کوردییەکان و یەکخستنی ماڵی کورد، پێم وایە قسە لە دڵدا نەهێشتنەوە یەکێکە لە ڕێگاچارە باشەکانی ئەم پرۆسەیەی ئێمە دیسان بەپێی باوەڕ و ئینتیماکان متمانە بە یەکدی بکەین، نەک بەپێی بەرژەوەندی و هەل و هەڵوێستە میدیاییەکان. دەتوانم بڵێم هەڵبژاردنی پێشووی کوردستان، خاڵی تێپەڕاندنی کۆمەڵێک گرێ و هاوکات ڕوونکردنەوەی کۆمەڵێک نهێنی و دانپێدانان بە کۆمەڵێک ڕاستیدا بوو کە دواتر و لە قۆناغی دانوستان بۆ دامەزراندنی کابینەی نوێی حکوومەت، خۆی پێشان دا. 

یەکێک لەم دەرکەوتن و خۆنیشاندانەی نهێنی و دانپێدانانەکان، بابەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو کە لەلایەن سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانییەوە بە خیانەتی تاقمێ کەس و فرۆشتنی لەلایەن ئەو تاقمەوە باس کرا. دیارە من وەک لە سەرەوە باسم کرد، ئەم قسانە بۆیە دەکەم و دەیورووژێنم، خۆشحاڵم سەرۆکی حزبێکی کاریگەر و مێژووداری کوردستان، دوای دنیایەک مشتومڕ و هەرا و هۆریا، قەناعەتی خۆی بەو شێوە نیشتمانی و کوردستانییە دەربڕیوە. ئەمە لەلایەک پێشاندەری ئەوەیە کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرچاویان ڕوونتر دەبێتەوە بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و لە گوتاری کوردستانیی پارتی نزیکتر دەبنەوە، لەگەڵ جیاوازییان لە ڕوانین و چاوەڕوانی و تاکتیکدا. 

بێگومان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، یەکێک لە ڕووداوە هەرە گرنگە سیاسی و نیشتمانییەکانی یەک سەدەی ڕابردووی کوردە و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون بە لەمپەرێکی گەورە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیە و برینێکی گەورەیان لە جەستەی نیشتمانی کورددا خست و دۆخی سیاسیی باشووری کوردستانیشی تووشی مەترسی و تەنگژە کرد و ئێستەیش ئەگەرچی مەترسییەکان تا ڕادەیەک ڕەویونەتەوە، بەڵام قەیرانەکان لەلایەن بەغداوە هەر بەردەوامن و وڵاتانی هاوڕاو و هاوپەیمانی ناوچەکەیش، پشتیوانیی لێ دەکەن، بەڵام دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان تا ئێستە سەربەرزانە لەم ئەزموونە هاتووەتە دەر. 

لە پاش ئەم دانپێدانان و دەرکەوتنانە، لایەنێکی بەرانبەر کە خۆی و براکەی بە یەکەمین پلاندانەران و جێبەجێکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناسراون و هەموو خەڵکیش دەزانن کێن، دیسان بایانداوەتەوە سەر ئەوەی کە هۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆمەکە بوو! کاتێکیش لێیان دەپرسی ڕیفراندۆم مافی کورد نییە مەگەر؟ لە وەڵامدا دەڵێن بەڵێ، بەڵام کاتەکەی ناوەخت بوو! 

دەمەوێ لەسەر ئەم "ناوەختبوون"ەی ڕیفراندۆم کە وەک سەفسەتە و خۆڵکردنە چاوی خەڵک لە ناو تاقمێکدا پەرەی پێ دراوە، بوەستم. دەپرسم چ پێوەرێک دەبێت دیاری بکەین بۆ وەخت یان ناوەختبوونی ڕیفراندۆم؟ هاوکاریی زیاتر لەگەڵ عێراق؟ بڕواکردن بە بەڵێنەکان و ئەو یاسایانەی خۆیان دەنگیان لەسەر داوە؟ بۆچی دوای نزیکەی 20 ساڵ، هێشتا کێشەکانی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان (کراوە بە کێشە لەسەرەکان!) هێشتا چارەسەر نەکراون؟ بە کورتی، کوا مادەی ١٤٠؟ مەگەر هەر دوێنێ نەبوو سوپای عێراق لە کەرکووک لەشکرکێشیی بۆ جووتیاران كرد و ملپێچی لە ملیان ئاڵاند؟ ناوەختبوون چ پێوەرێک دیاریی دەکات؟ دوای 30 ساڵ زیاتر، دەبێت چاوەڕوانی ئێران و تورکیا و عێراق و سوریای پێشوو! بین بێن لە ئێوارەخوانێکدا میوانداریمان بکەن و بڵێن فەرموون کوردینە ئەوە کوردستانی گەورە و ئێوە دەوڵەتێکی سەربەخۆن و وازمان لی بهێنن؟ وازمان لێ بێنن و ئەو هەموو سروشت و کان و کانزا جوان و بە پیتە بۆ خۆتان و بڕۆن سەربەخۆ بن؟ 

کورتەی قسەکەم لە هەناوی ئەم پرسیارە تەوسئامێزانەدا ئەوەیە، وەخت و ناوەختبوون لای ئەم بەڕێزانە بە پێوەری ملکەچی بۆ داگیرکەر و بێ ئیرادەیی بنیات نراوە، نەک بەپێی خواست و ئیرادەی هوشیارانەی نەتەوەیەک! یانی ئێمە دەبێت بزانین ئەگەر کوردستان و ئەو پارێزگایانەی ئێستە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمدان، ببن بە ژاپۆنیش، لە ڕووی پیشەیی و زانستی و کولتووریی و ئابوورییەوە، ئەوان نایەن بڵێن کاکە وەختێتی سەربەخۆ بن یان ڕیفراندۆمێک بکەن و کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانیشتان ببەنەوە، بە پێچەوانەوە داگیرکەر هەر كات تۆ هەناسەیش دەدەی، هەر پێی ناوەختە! بوونی تۆی لە دەرەوە وەخت پێناسە کردووە، بۆیە باشتر وایە واز لەو سەفسەتە و چەواشەکارییان بێنن کە تەنیا خزمەتی داگیرکەر و هەڵبەت گیرفانی تاقمێکیش دەکات.