چونکە کوردین

AM:10:45:05/05/2025 ‌
دۆخی ناوچەکە تا دێت زیاتر دەکوڵێت و لە تەقینەوە نزیک دەبێتەوە، پیاوە ڕیشنە داعەشییەكەی دوێنێ،نەیتوانی بە باشی ڕۆڵی سیاسییەکی بۆینباخ لە مل بگێڕێت و هەرزوو بە زەقی لە پێکدادانی هێزەکانی لەگەڵ پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد و ئەو کوشتوبڕەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای سوریا و بە دیاریکراوی پارێزگاکانی لازقیە و تەڕتووس، هەمان دیمەنی خستە ڕوو بۆ جیهان کە لە سەردەمی شەڕە درێژخایەنە ناوخۆییەکەی سووریا و تەڕاتێنی بەرەی مقاوەمە و داعش و پرۆکسییە جۆراوجۆرەکاندا هەبوو، تەرمی هەندێک کوژراو هەر لەسەر شەقامەکان بوون، یا لەناو حەوشەدان، پاشماوەی بنەماڵەکانیان ڕایاندەگەیاند کە ناتوانن تەرمی خۆشەویستانیان بنێژن، ئەمە خۆی پێشاندەری ئەو ڕۆحە ڕەشەکوژییەیە کە لە سەردەمی داعشدا هەبوو، ئێستەیش محەمەد جۆلانی داعشیی و کاژخستوو کە بووە بە ئەحمەد شەرع، جێبەجێی دەکات. 

ڕەنگە لە نیگای یەکەمدا بۆ بەناو دەوڵەتێک کە لە ڕێگەی سەربازی و جۆرە کۆدەتایەکی ڕێکخراو هاتبێتە سەر دەسەڵات، جۆرێک لە سەرکوتکردنی نەرم بۆ کۆنترۆڵکردنی وەزعەکە و دەستگرتن بەسەر هەموو جیۆگرافیاکەیدا ئاسایی بێت، بەڵام ئەم ڕەشەکوژییە ئاساییە نییە! بۆ ئێمە ئاسایی نەبووە، بۆ ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ لانیکەم لە ئاستی ڕاپۆرت و ئاماردا ئاسایی نەبووە، بەڵام بۆ سیاسەتی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و نەخشەڕێی تازە و داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەکە ئاسایی بێت، بەڵام چ جۆرە ئاسایبوونێک؟ 

ڕۆژئاوا و ئەمەریکا لەو وڵاتانە نین هەموو شتێک فەرامۆش بکەن، لە کاتی خۆیدا و بەپێی هەل و گۆڕانی هاوکێشەکە، ئەو وێنانە دێننەوە سەر مێز، یان شەرعی پێ لا دەبەن یاخۆ چاوترسێنی دەکەن یان نا، بە پێچەوانەوە هێزە دژبەرە ورد و درشتەکانی شەرع، بەو وێنانەی هێزەکانی شەرع چاوترسێن دەکەن تا ئامانجەکانی خۆیان پێڕەو بکەن و بەدی بێنن. بمانەوێ و نەمانەوێت، ئەم جۆرە یاریی و پرۆژەیە دەمێکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین لەلایەن ڕۆژئاوا و ئەمەریکاوە پێڕەو دەکرێت، چاوجوانی و باڵابەرزی و دێرینبوون و جەنگاوەریی هیچ نەتەوە و هێزێکیش نەیتوانیوە پاشەکشە بە بەرژەوەندیخوازییان بکات. 

ڕەنگە هەموو ئەم دیمەن و ژانە تاڵانە پەیام بن بۆ ئێمەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە ڕۆژئاوا باشتر و واقیعبیتر بناسین، پەیامێکە پێمان دەڵێت وەک چۆن ساڵانێکە لەناو بنکەکانی خوێندن و پەروەردە و زانکۆ و پرۆگرامەكانی خوێندندا زانستێکی کۆلۆنیالیستانە و چەوسێنەرانە بەناوی "ڕۆژهەڵاتناسی" بەرهەم هاتووە و تا ئێستەیش لەو وڵاتانە دەوترێتەوە و سەرەتا و کۆتایی ئەو وێنە دزێو و ماوە بەسەرچووەیە کە لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاویانە! کاتێتی ئێمەیش زانستی "ڕۆژاواناسی" بەرهەم بێنین، ئارەزوو و مەبەست و خواستەکانیان باشتر شەنوکەو بکەین، نەک بۆ ئەوەی دژایەتی نامرۆییان لەگەڵ بکەین، بەڵکوو بۆ دروستکردنی ئاوێنەیەکی نوێ تا خۆمان و ئەوانیشی بە ڕوونی تێدا ببینین و پەڵە و گرنجییەکانی ڕووخساری هەردوو لامانی تێدا ببینین و پێیان بڵێین، بەڵێ ئێمە چاوڕەشین، بەڵام ئێوەش چاوشینن، کێ دەڵێت چاوی شین لە هی ڕەش جوانترە؟ ئەم باڵە لە زانست و مەعریفە بەرهەم بێنین تا تێبگەین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای ئەوەی خۆیان خووی دڕندەیی و کوشتوبڕیان هەبووە، سیاسەتی ڕۆژاوایش ختووکەی ئەو خووەی داون و تێکیان بەرداون! 

ڕۆژاواناسیی دەشێت سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی ئێمە بەشێوەیەکی بنەمایی بیر لە داهاتوو و چارەسەری کێشەکانی ناوچەکەمان بکەینەوە، بێگومان هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین کە جیهانی ئێستە لە هەر قەیرانێکی گەورە و بچووکدا بێت، ئەوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەق و ناوەندەکەیدا، ڕەنگە بڵێین خۆی سەرچاوەی بەشی زۆری قەیرانەکانە، زیادەڕۆییمان نەکردبێت.
بەم حاڵەیشەوە، جیهان بە دەست ڕۆژاوا و ئەمەریکاوەیە، ئەوان دەتوانن نەخشەکە بگۆڕن یا وەک خۆی بیهێڵنەوە، زۆربەی وڵاتانی عەرەبیی لەم هاوکێشە جیهانییە گەورەیەدا تەنیا ڕۆڵی ناوبژیکەر یاخۆ گووکەری نزیك كانی و خۆگێلکەر دەبینن، بۆ ئەوەی حەرەمسەرا و کۆشکی شاهانەیان هەر بە پێوە بمێنێتەوە و دوو قاچی کۆشکەکان ڕوو لە حەوا بێت. 

لەناو ئەم یاریی و شانۆ تراجیدیەدا کورد تاقوتەنیا بووە، بێکەس و یاریپێکراو بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بە درێژایی سەدەی بیستەم توانی بوونی خۆی لەپێناو پاراستنی کیان و شوناسی خۆی پێشان بدات و هەم ڕۆژاوا و هەم ڕۆژهەڵات سەرنجی ئەوە بدات کە بەڵێ ئێمە تەنیا چەکی سووک و توێشەبەرەیک نانی ڕەق و ڕەخت و مەتارەیەک ئاو یا ماستاومان پێیە، بەڵام ناتوانین بە ئاسانی مل بۆ مەرگی خۆمان بدەین! 

کورد سەلماندی ئەوەی بە ئیرادەوە لەناو ئەم هاوکێشە دڵڕەق و ترسناکەدا بەردەوام بێت، دواجار هەر پێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و هەر لە ئاسۆی هیواکەی نزیکتر دەکەوێتەوە، ئەم ئیرادەگەرییە ئێمەی کرد بەم کوردەی ئێستە هەین، باشووری کوردستان بە سەربەرزی هەناسە دەکێشێت، کێشە و قەیرانی بۆ ڕێکدەخرێت، بەڵام کۆڵ نادات، گەرای دووبەرەکی دەهاوێژن، بەڵام پووچەڵ دەبێتەوە. 
هەولێر بووە بە نموونەی پێکەوەژیان و فرەڕەنگی و فرەدەنگی لە ناوچەکەدا، ئازادی لەو شارە هەیە، ڕای دژبەیەک و ناچوونیەک هەن، لە کچە مۆدێلەوە بگرە تا ئەکتەری باش، نووسەر و شاعیری هاونەوای دەسەڵات تا ڕەخنەگری ڕادیکاڵ دژی دەسەڵات،... بێگومان نابێت ئەمە بە ترۆپک و پنتی ئایدیاڵ بزانین، بەڵكو دەبێت ئێمە چاوەڕوانیمان لە خۆمان زیاتر بێت، چونکە ئێمە کوردین، لە چاڵەکانی مەرگ و ئەشکەوتەکانی تاریکستان گەڕاینەوە و ژیانمان دروست کرد.