ڕۆژهەڵات هەتیو نییە

PM:01:25:06/05/2025 ‌
پرسی کورد نەک تەنیا پرسێکی کوردستانی نییە، بەڵکوو پرسێکی ناوچەیی و بە گوێرەی ئەوەیش جیهانییە. واتە ئەو دۆخەی کوردی تێدایە تا چارەسەر نەبێ، ناوچەکە بەرەو لێواری ئارام و سەقامگیریی ناڕوات. نەک تەنیا کورد وەک خاوەنی دۆز، بەڵکوو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و زلهێزانی جیهانی و ناوەندە سیاسییە گرینگەکانی وەک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چارەسەرکردنی ئەم پرسەدا پشکیان هەیە! واتە دەبێت پشکیان هەبێت، چونکە کاتی خۆی هەر ئەمانە بەشێک لە دروستکەرانی ئەم پرسە پڕ ئازارە بوون بۆ کورد. "سایکس پیکۆ و لۆزان" و کێشەی ویلایەتی مووسڵ و تا ئێستەیش کە کەرکووک لەژێر گوشاری سوپای عێراقیدا دەناڵێنێ، بەبێ ڕۆڵ و دەستێوەردانی ئەمانە نەبوو و نابێت، بەڵام بۆچی پرسەکە چارەسەر نابێت؟ 

پێم وایە کێشەیەک کە تا ئێستە بۆ کورد دروست کراوە لە ئاستی دیسکۆرسیڤ و ڕاگەیاندنی گشتییدا، بە تایبەتی بۆ دەرەوە، ئەوەبووە کورد وەک بەشێک لەو وڵاتانە پێناسە کراوە کە بەسەریاندا دابەش کراوە، هەروەک چۆن پاش کیمیابارانی هەڵەبجە لە 1988 لە ڕاپۆرتی ناوەندە ڕۆژئاواییەکان و ئەمەریکادا باس لەوە دەکرا کە سەدام نەدەبوو ئەم کارە دەرهەق بە هاووڵاتیانی خۆی بکات! 

ئەم ڕیاکارییە بەشێکە لە مێژووی سیاسەتی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا، ئێرانیش دەناسین کە وەک بنێشتەخۆشە کورد بە خاوەنی دێرین و سەرەکیی ئێران ناو دەبات، کەچی هەر لەم مانگەدا دوو کەس بەهۆی فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان و هۆگران، ڕەوانەی زیندان کراون! دۆخی کوردانی ڕۆژئاوا تا پێش شەڕی ناوخۆی سوریا و سەرهەڵدانی داعش و ئەو هەموو قوربانی و فیداکارییە، ئەوەندە ون كرابوو، تەنانەت لەسەر کاغەزیش ناویان نەبوو! شوناسی ئەوان تەنیا لە "با" بیاباندا بوو، بە گوێرەی بەعسی سوری و ڕژێمەکەی ئەسەد! دۆخی باکوریش بەهۆی ئایدۆلۆجیای کەمالی-ئیخوانی، لەوپەڕی خراپیی خۆیدایە و سیاسەتە هەڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش هەرچی زیاترە قوڕاوەکەی خەست کردووە! 

لە هەموو ئەم وڵاتانە کورد وەک ئەندام و هاووڵاتی باسی کراوە، بەڵام هەر کام بە ماهیەتێکی جیاواز، لە عێراق لەژێر ناوی دەستەواژەی یاسای سەپێنراو بە هاووڵاتیی ناو براون، لە ئێران بە کوردی ڕەسەن، لە سوریا و تورکیا بوونی کورد هەر ڕەت کراوەتەوە. ئەمە ئەو دیمەنە ترسناک و کارەساتاوییەیە کە هەموو جیهان لێی بەرپرسە! 

ساڵانێک پێش ئێستە هەندێک لە توێژەرانی بیانی و شیکارانی کورد، باسی ئەمەیان کرد کە وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا تا ئەبەد ناهێڵن کێشەی فەلەستین چارەسەر ببێت، چونکە دوای چارەسەربوونی ئەو کێشەیە، یەک پرسی گرینگ لە ناوچەکە و بگرە جیهاندا دەمێنیتەوە، ئەویش پرسی کوردە. کەواتە دەتوانین بڵێین سیاسەتی ڕەهاگەرانەی ئیران و تورکیا کە وڵاتانی مسوڵمان و عەرەبییشیان تا سەردەمێک پێوە گلابوو، لەسەر ئەوە كار دەكەن کێشەی فەلەستین چارەسەر نەبێت، چونکە لەگەڵ چارەسەربوونی ئەو کێشەیەدا، دۆزی کورد زەق دەبێتەوە و بە دەربڕینی خۆیان تەناهیی ئەو وڵاتانە دەکەوێتە مەترسییەوە. 

دژوازییەکی دەمامکددار و ڕازاوییە کاتێک بە دەنگی بەرز بڵێین: هەندێک لە وڵاتان و لە سەرووی هەموویانەوە ئێران و تورکیا، نایانەوێت کێشەی فەلەستین چارەسەر بێت، چونکە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ چارەسەربوونی ئەو کێشەیە ئاسایشی نیشتمانیی ئەوان دەخاتە هەڕەشەوە! من ئەمە بە دوور نازانم، چونکە هەردوو وڵات /ئێران و تورکیا/ ئاسایشی نیشتمانی و تەناهی وڵاتەکەیان بە دوژمنکاریی هەمیشەیی لەگەڵ دوژمنێکی نەگۆڕ بنیات ناوە! ئەم قسانەم بۆیە ڕست، تا بڵێم پرسی کورد پرسێکی ئاڵۆزی سیاسی و هاوکات فێڵ لێکراوە، پرسێکە بە بەرژەوەندی و ئاسایشی دەیان وڵاتەوە گرێ دراوە. 

بەڵام لەگەڵ ئەوانەیشدا، ساڵی 1991 واقیعی سیاسیی ناوچەکە و ئیرادە و خەباتی کورد هەموو ئەم ڕیسانەی کردەوە بە خوری و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار بوو بێتە سەر خەت، زلهێزانی وەك فرەنسا و ئەمەریکا بە زوویی هاتنە مەیدانەوە، هیچ کام لەم وڵاتانەی دەوروبەر مەزندەی ئەوەیان نەدەکرد کورد ببێت بە کیانێک، ئەگەرچی خۆبەڕێوەبەر و بچووکیش بێ، بەڵام بە هەموو هەوراز و نشێوێکەوە هات و بوو بە ناوەندێکی گرنگیش لە ناوچەکەدا و ئێستەیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیپلۆماسی و لۆبیی خۆی هەیە، مەکۆی پرسی کوردە لە هەموو پارچەکانی کوردستان، شوێنی بەرهەمهێنانی نیشانە و سیمبولە کوردییەکانە، زمان و ئاڵا و کولتوور و نەریت و مێژوو، بە هەموو ڕەخنەیەکەوە کە لەسەر شێوازی پاراستنیان هەیە، پاراستووە و پەرەی پێ داوە. 

ئێستە کورد لە جیهاندا ناسراوە. دەتوانین دەیان دەسکەوت و دیمەنی دیکە وێنا بکەین کە بەبێ بوونی کیانێکی کوردی لە باشوور، بە خەونیش نەدەهاتە دەی،  بگرە نەک هەر ئەوە، ڕەنگبوو لە ئەنفال خراپتر بەسەر پارچەکانی تریشدا بێنن و کورد لە باشوور بکەوتایەتە بەر قڕانی تەواو!

ئێستە دۆخی ڕۆژئاوا پرسێکی دیارە و بووە بە تەنگژەیەک بۆ ناوچەكە و بە ناچاریی دەبێت ڕێگەچارەی بۆ بدزۆرێتەوە، ئەینا شەڕێکی بەرفراوان ناوچەکە دەگرێتەوە، بۆ باکوریش هەمان شتە، پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ کردووەتەوە، باشوور نێوانگیر و پەرۆشە لە کۆی پرۆسەکەدا و ئەگەر ئەمە نەگات بە ئەنجام، بێگومان شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکەدا قووڵتر دەبێتەوە. 

ئەوەی دەمێنیتەوە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، من لە چەندان وتاردا باسی ئەو جۆرە تێڕوانینەم کرد کە باشووری و ڕۆژهەڵاتی بە عێراقی و ئێرانی ناو دەبات و ڕەخنەی ئەو ناهوشیارییەم کردووە، وەک لە سەرەوە وتم، پرسی کورد پرسی خۆیشیەتی، مەبەستەکەم لێرەدا ڕوون دەبێتەوە، پرسی باشوور هی ڕۆژهەڵاتە و هی ڕۆژهەڵات هی باکور و هی هەموو پارچەکان هەڵپێکراون بە یەکەوە. 

مەگەر بارزانیی نەمر جەنەڕاڵی کۆمارەکەی ڕۆژهەڵات نەبوو؟ مەگەر سەرۆک بارزانی لەژێر ئاڵای کوردستان و لە مەهاباد لە دایک نەبووە؟ مەگەر بارەگای حزبە سیاسییەکانی کوردستان لە باشوور نەبوون و نین؟ مەگەر کاتی ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی حزبەکانی باشوور نەهاتن بەرەو ڕۆژهەڵات و لەو جبەخانانەی ڕۆژهەڵاتییەکان لە ڕژێمیان سەندبوو خۆیان پڕچەک نەکرد؟ 

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن، هەر کەسێک باسی جیاوازی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور و... تۆفیر هەبوون لە خەبات و ئامانجەکەیان بکات، ئەوە نەک ناهوشیار، بگرە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خەریکە خیانەت لە نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکات. 
ئێستە پارادایمێکی نوێ خەریکە ناوچەکە دەگرێتەوە، پێدەچێت داڕشتنی نەخشەی نوێ کات ببات و زۆر لایەنی بۆ ئێمە هەر ڕوون نەبێت، حەق وایە ئەو زەختەی لەسەر هێزەکانی کوردی ڕۆژهەڵات هەیە و لە چوارچێوەی هەر ڕێکەوتنێکدایە یان نەمێنێت یان بگاتە کەمترین ئاست، ئەمەیش بۆ ئەوە دەڵێم کە دڵنیام هەرێمی کوردستان باوکی هەموو پارچەکانە و هیوای ئەوەم هەیە لەم ئاراستەیەدا هەنگاوی ئەرێنی هەڵگرێت و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سیاسەتێکی کوردانەترەوە (بە تایبەتی دوای تێکشکانی بەرەی مقاوەمە)، بۆ ئەم دۆسیە بجووڵێتەوە. ا