داهاتووی سیستمی سیاسیی لە سووریا

PM:12:22:07/05/2025 ‌
دۆخی سوریا هێشتا لەناو ئاگردایە، ڕاستە بەرەی مقاومە تێکشکاوە و زەبری گورچکبڕی لە لبنان، فەلەستین، سوریا و عێراق بەرکەوتووە و حووسییەکانی یەمەنیش لەژیر ئاگرباراندان، بەڵام هێزی تر هاتوونەتە گۆڕەپانەكەوە، ڕووسیا بە ڕواڵەت پاشەکشەی کردووە و دەرگای کۆشک و تەلار و ژێرخانە نهێنییەکانی بۆ ئەسەد و بنەماڵەکەی کردووەتەوە، هەڵبەت بە دنیایەک زێڕ و سەرمایەی زەبەلاحەوە کە لەلایەن ئەسەد و بنەماڵەکەیەوە براون بۆ مۆسكۆ. 

بە هەر بارێکدا لێکی بدەینەوە ڕاستە ڕووسیا جارێک پاشەکشەی مەیدانیی کردووە، بەڵام بەو مانایە نییە لە ڕووداوەکانی سووریا گوێقوچاو و چاوداخستوو بێت، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەو بەرەی شەڕە درێژخایەنەکە بێت کە هێشتا لەگەڵ ئۆکراینا هەیەتی و ڕۆژاوا و ئەمەریکاش لە هەوڵی چارەسەردان، هەرچی ترەمپە دەیەوێت جۆرە ڕێکەوتن یا دروستترە بۆ سیاسەتی ترەمپیانە بیڵێین "جۆرێک گرێبەست" بکرێت، بەڵام ڕۆژاوا خۆشحاڵە بەوەی ڕووسیا هەرچی زیاتر لە قەیرانەوە بگلێت و تامەزرۆی گوێبادانێکی مێژوویی ڕووسیا و پووتینە، هەربۆیە کاتێک ماوەیەک پێش ئێستە ڤیلادیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەگەڵ ترەمپ دانیشت و بە بەرچاوی زۆربەی میدیاكانی جیهانەوە بەگژیداچوونو فەزیحەتیان پێ کرد، ئانوسات ڕۆژاواییەکان و لە پێش هەموویانەوە فرەنسا، گوتی ئێمە پشتگیریمان بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت و ناهێڵین بە تەنیا بمێنێتەوە. 

ئەم یارییە جیاوازانەی ڕۆژئاوا لەلایەک و ئەمەریکا لە لایەکی ترەوە، پێمان دەڵێت، ڕووسیا بە ئاسانی لە گێژاوەکە دەرناچێت، بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت كە پووتین هاوکات کە سیاسەتوانێکی لێهاتووە، تا ئاستێكیش بازرگان و هەلپەرەست و دانوستانکاریشە! هەر بەم هۆیەوە بوو ساڵی 2013 لەلایەن گۆڤاری فۆربێسی ئەمەریكاییەوە وەک بەهێزترین پیاوی سیاسیی جیهان هەڵبژێردرا! 

بەدەر لەوەی دەكرێت پووتین وەک یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان ناو ببەین، بەڵام بە هەموو ئەمانەیشەوە وەک لە سەرەوە باسم كرد، ڕووسیا جارێک پشکی خۆی لەم شەڕە خوێناوییە و لە دابەشکاریی لاشەی ئەم کەلاکە بریندارە هەڵگرتووە، پشکی زێڕ و سەرمایەیەکی نەزانراو کە گەرەنتیی گیانی بنەماڵەی ئەسەد دەبێت لە ڕووسیا. بێگومان ڕووسیا بە خۆڕایی و لە بەر باڵابەرزی ئەسەد ئەمە ناکات، کەوابوو بەرەی مقاومە و ڕووسیا جارێک لەسەر بەڕەکە وەدەر نرابن، سووریا کێی تێدا خاوەن هێز و هەژموونە؟ 

هەموومان دەزانین ئەحمەد شەرع تا ئەم چرکەساتە لە ئەلفوبێی وردی دیپلۆماسی و سیاسەت نازانێت و تازە خەریکە مومارەسەی دەکات، ئەوەی شەرع دەجووڵێنێت بە زۆری تورکیایە، بەڵام بێگومان ئەو تەنیا بەهۆی تورکیاوە کردار و هەڵوێستەکانی ڕێک ناخات، لەگەڵ تورکەکان ڕاوێژ دەکات و ئەوانیش بە باشی مشووری دەخۆن، بەڵام ئایا کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل نزیک ماڵی شەرع دەبنەوە، تورکەکان دەتوانن چ بکەن؟ ئەگەر شەرع لە بۆردمانێکدا بکوژرێت، تورکیا جگە لە شەرمەزارکردنێکی دیپلۆماسییانە و سەرەخۆشییەکی ڕووکەش، چی لە دەست دێت؟ بێگومان ئەحمەد شەرعیش مرۆڤە و کەسێک یەک شەو ڕۆیشتبێتە سەر کۆشکی پاشایەتی با هەر باوەڕێکی ئایدۆلۆجیشی هەبێت، ناتوانێت کورسی نەرم و گڵۆپی ناو کۆشکەکان بە ئاسانی فەرامۆش بکات و وەک سەردەمی داعش جیهاد بە سینگنان بە فیشەکەوە جێبەجێ بکات! 

ئەمەم بۆیە وت تا بڵێم ئەویش خاڵی لاواز و درزی خۆی هەیە و دواجار سیاسەت کەس ناناسێت جگە لە هەل و بەرژەوەندی. ئێستە ڕوون بووەتەوە کە ئێران و ڕووسیا پاشەکشەیان پێکراوە و ئیسرائیل و تورکیا خەریکی ڕۆڵگێڕانن، هەرچی ئیسرائیلە تەنانەت هەر لە ڕۆژە سەرەتاکانی هاتنە سەر حوكمی شەرعەوە بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند کە پشتگیریی درووزەکان دەکات و چاویشی بە کوردەوەیە. بە کورتی ئیسرائیل دەیەوێت بۆ پاراستنی خۆی سیستمێکی لاواز و لامەرکەزیی لە دیمەشق هەبێت، دەتوانین بە جۆرێک پشتگریی لە فیدرالی یان هەر جۆرە حکوومەتێکی دیکە کە خۆبەڕێوەبەر و دژی ناوەندگەرایی بێت، تەفسیری کەین. 

بەڕای من هەسەدە و هێزە کوردییەکان لە ڕٶژاوا بە ڕادەی شیاو بە پیر ئەم سیاسەت و پەیامەوە نەچوون، هەرچی تورکیایشە ڕێک بە پێچەوانەوە هاوکێشەکەی دەوێت، واتە حکوومەتێکی بەهێزی ناوەندی گوێلەمستی خۆی دەوێ بە تایبەتی رێگە نەدات کورد سەردەركا، ئەگەر هەندێک چالاکی کولتووریشیان هەبێت، ئەوا سنووردار و کۆنترۆڵکراو بن.

بەڕای من ئەم دوو نیشانەیە کە هاوکات دوو جۆری یاریی و سیاسەتیشە، دەرخەری داهاتووی سیستمی سیاسیی سووریان، سیستمێک کە مافی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانی وەک کورد و درووز و عەلەوی بەشێوەیەک گەرەنتی دەکات، یان سیستمێک کە بەهێزەوە و بە پشتگیریی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری تورکیا دەست دەکاتەوە و خوێن دەڕێژێت، وەک ئەوەی لە تەڕتووس و لازقییە کردی! 

گرەوی بردنەوەی هەرکام لەم سیستمانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زۆرانبازییەی تورکیا و ئیسرائیل، ئەنجامەکەیشی دوو لێکەوتەی دەبێت، یان سەقامگیری و کرانەوە و ئەزموونێکی تازە لە ناوچەکە دەبینین کە کورد چەندان ساڵە لە ڕۆژاوا بە شێوەی نافەرمیی پراکتیزەی کردووە و ئەزموونەكەی پەلکێش دەبێت بۆ کەمینەکانی دیکە، یان شەڕی ناوخۆ ڕوو دەدات! 
پێویست بە ئاماژە ناکات کە ڕٶڵی هەولێر لەم هاوکێشەیەدا دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێت و لە کۆنفرانسی قامیشلۆ ئەمە بە ڕوونی و ڕاشکای بۆ جیهان و ناوچەکە دەركەوت.