ناپلیۆن بۆناپارت (١٧٦٩-١٨٢١) كە لە دنیادا بە سەركردەیەكی سەربازی و جەنگاوەرێكی مێژوویی ناسراوە، لە هەمانكاتدا ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە داهێنانی سیستمی یاسایی و داودەزگای مۆدێرندا. ئەو سەركردە مێژووییە ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە دامەزراندنی سیستمی یاسایی مۆدێرن، بە تایبەتی لە ڕێگەی دامەزراندنی یاسای ناپلیۆن كە بە فەرمی بە یاسای مەدەنیی ساڵی 1804 ناسراوە.
دەتوانین چەند خاڵێكی سەرەكی لەبارەی بەشدارییەكانی لە یاسادا ڕوون بكەینەوە:
لە بواری كۆدكردنی یاساكان: پێش ناپلیۆن یاسای فڕەنسا تێكەڵەیەك بوو لە یاسا هەرێمییەكان و داونەریت و ئیمتیازەكانی دەرەبەگ. ناپلیۆن ئامانجی دروستكردنی سیستمێكی یاسایی یەكگرتوو بوو كە یاساكان لە سەرانسەری فڕەنسا سادە و ستاندارد بكات.
یاسای ناپلیۆنی داهێنا؛ یاسای مەدەنی كە لە ساڵی 1804 دەرچووە، یەكێك بوو لە دەستكەوتە نەمرەكانی ناپلیۆن. دووپاتی لەسەر بنەماكانی وەك یەكسانی لە بەردەم یاسا و عەلمانییەت و پاراستنی مافی خاوەندارێتی، دەكردەوە.
زیاتر لەوەش، ناپلیۆن كاریگەریی لەسەر سیستمی یاسایی دانا، كۆدی ناپلیۆنی وەك مۆدێلێك بۆ سیستمی یاسایی لە زۆر وڵاتی دنیادا، بە تایبەتی ئەوروپا و ئەمەریكای لاتین، كاری كردووە. كاریگەریی لەسەر نەریتی یاسای مەدەنی لە وڵاتە جیاوازەكاندا هەبووە.
ئەوەی بۆ ئەمڕۆیش خەون و ویستی چاكسازیخوازانە، ناپلیۆن دایهێنا، میریتۆكراسی و یەكسانی یاساییە، كۆدەكە ئیمتیازەكانی لەسەر بنەمای لەدایكبوون هەڵوەشاندەوە و سیستمی شایستەیی لە كاروباری یاساییدا دامەزراند، ئەمەش یەكسانیی لە نێوان هاووڵاتییاندا بەرەو پێش برد.
لە بواری مافی تاكدا: لە كاتێكدا كۆدەكە ماف و ئازادییەكانی تاكی بەرەوپێش برد، ئەوەی لەم خاڵەدا جێی ڕەخنەیە، ڕووی ئەو ئاراستەیەی زیاتر بۆ پیاوان بوو و كەمتر مافەكانی ژنانی ڕەچاو كرد. ئەوەی گرنگ بوو چاكسازی دادوەریی بوو. ناپلیۆن دەسەڵاتی دادوەری ڕێكخستەوە، سیستمێكی دادگای ڕوونتر و كاراتری دروست كرد، ئەمەیش بووە ئامرازی جێبەجێكردنی یاسا نوێیەكان.
لە چوارچێوەی كارگێڕییەوە؛ ناپلیۆن چوارچێوەیەكی كارگێڕی دامەزراند كە پاڵپشتی جێبەجێكردنی یاساكان بوو، لەوانەیش دانانی ئەو بەرپرسانەی پابەند بوون بەو بنەمایانەی لە یاسای مەدەنیدا هاتووە.
ئەگەر تەماشای دەوڵەتی مۆدێرن و دامەزراو لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا بکەین، لە هەموو لایەکەوە کاریگەریی ناپلیۆنی پێوە دیارە. تەنانەت دوای ئەوەی دەوڵەت/نەتەوە دامەزرا، ئەو هەستە نەتەوەپەروەرییەی ناپلیۆن دایمەزراند کاریگەریی گەورەی لە چوارچێوەی ئەوروپادا دروست کرد و بووە ئیلهامبەخشی بزووتنەوە نەتەوایەتییەکان، بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوە، لە زۆر شوێنی جیهاندا، ئەمە جگە لە دامەزراندنی کارگێڕی و چوستی و چالاکی سێکتەرەکانی دەوڵەتەکە.
سیستمی شایستەیی پەرە پێدا کە ئێستەیشی لەگەڵدا بێ بریتییە لە کەموکورتی دەوڵەتە دواکەوتووەکان و ڕوواڵەتی جیاکەرەوەی دەوڵەت و سیستمە پێشکەوتووەکان. لە بواری پەروەردەدا سیستمی پەروەردەی کەرتی گشتی دامەزراند و خوێبدەواری و فێربوونی کردە پێویستی و مەرجی دەوڵەت.
ناپلیۆن کاریگەریی زۆری لەسەر کولتوور هەبوو، تەنانەت دەوترێ، یەکەم یادی مەولوودی پێغەمبەری مسوڵمانان لە قاهیرە، لەلایەن ناپلیۆنەوە ڕێکخراوە، دوای ئەوەی قاهیرەی گرتووە؛ کاتێک داوا لە ڕاوێژکارانی دەکات پرۆژەی بۆ دابنێن تا لە ڕووی فەرهەنگییەوە لە خەڵکی میسر نزیک بێتەوە، ئەوان دەڵێن سوڵتانێک لە هەولێر بەشێوەیەکی جیاواز یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری کردووەتەوە، ناپلیۆن داوا لە ئەزهەر دەکات شار بڕازێننەوە و شیرینی دابەش بکەن. ئەوانیش لە بەرەبەیانەوە دیکەن بە جەژن و بۆ ئێوارە سوپای ناپلیۆن گەورەترین نمایشی سەربازی و یاریی ئاگرین لە گۆڕەپانی تەحریر بەڕێوە دەبەن، لە مێژوودا تەنیا ئەو جارە مەولوود لە قاهیرە کراوە.
ئەمە جگە لەوەی ستراتیج و جووڵە سەربازی و شێوازەكانی شەڕی ناپلیۆن، لە کۆلێژ و ئەکادیمیا سەربازییەکاندا دەخوێنرێ. بە كورتی، كاریگەریی ناپلیۆن لەسەر یاساكان، زەوینەی بۆ سیستمی یاسایی مۆدێرن ڕەخساند، دووپاتی لەسەر كۆدكردن و ڕوونی و یەكپارچەیی سیستمی یاسایی كردەوە، ئەمانە تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی یاسای مەدەنی هاوچەرخن.