کورد لە درێژایی سەدەی بیستەم بۆ خۆی و جیهانیشی سەلماند کە نەتەوەیەکی شایستە و بەرزە، بە هەموو دنیای سەلماند تا یەک چیا لە جیۆگرافیای کوردستانی گەورەدا بمێنێتەوە، ئەو واز لە مافە ڕەواکانی خۆی ناهێنێ، ئەگەرچی دنیا زۆر بێ ویژدانانە لە هەمبەر خەباتی حەقخوازانە و ڕەوای کورد، جووڵایەوە و بێدەنگیی لە پرۆژەی پاکتاوکردن و ئەنفال کرد، تا هەڵەبجە نەبوو بە قەقنەس و ڕۆژنامەکانی جیهان وێنەی مناڵ و گەنج و پیری هەڵقرچاو و لاشەی وشکەوەبووی لێوانلێو نەبوو، نەهاتنە دەنگ!
وڵاتێکی وەک ئێران کە بانگەشەی ئەوە دەكات یەکەمین وێنەکانی هەڵەبجەی بۆ دەرەوە ناردووە، تا ئێستەیش لە هەمبەر ئەنفال بێدەنگە و هیچ کات بواری نەداوە ئەنفال وەک پرۆژەی پاکتاوکردنی نەتەوەیەک لە مێدیا و تەنانەت دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی وڵاتەکەیدا بوەشێنرێ و شەقامی فارس و ئێرانی بیناسن! بزانن چی بەسەر کورد هاتووە، چونکە ئەوان باش دەزانن پرۆژەی پاکتاوی نەتەوەیی بەکار براوە، باسکردنی ئەنفال واتە داننان بە نەتەوەی کورددا، ئەمە هیچ کات لە ئێراندا ڕووی نەداوە و ڕوویش نادات! هەروەک چۆن لە عێراقیشدا ڕووی نەداوە و نادات!
بە دڵنیاییەوە متمانەكردن بە سوریا و تورکیایش لەمڕووەوە ژیرانە نییە، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی ڕٶژئاوا کاتی کۆڕەوەکە هاتبووە سنووری باشووری کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئاپۆرای خەڵکی بێ نان و ماڵ و حاڵی بینیبوو، زۆری نووسیبوو و ناردبوویەوە بۆ ڕۆژنامەكەی، ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە دەنگۆیەک بڵاو دەبێتەوە کە نزیکەی 300 بۆ 400 کەس لە پڕێکدا گیانیان لە دەست داوە، چونکە وەرزەکە زستان بووە و وایانداناوە بەهۆی سەرما و زوقمەوە بێ، بەڵام کاتێک بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکەن، تێدەگەن بەشێک لەو خۆراکانەی تورکیا ناردونی، بە هەر هۆیەک بووبێت، ژەهراوی بووە و ئەو كوردانەی كوشتووە، تا ئێستەیش بەدواداچوونی زیاتر نەکراوە، وردەکاریی ئەم ڕووداوە لە کتێبی "لەم ڕیسواییە چۆن ببوورین" لە نووسینی جاناتان ڕیندێل هاتووە.
خوێنی کورد وەها هەرزان کراوە و ڕۆڵەکانمان وا کۆمەڵکوژ کراون، کام نەتەوە یان وڵات هێندە بێ ویژدان و بێبەزەییە لە دنیادا کە دەرهەق بە خەڵکێکی ئاوارە کە لە ترسی کیمیایی و فڕۆکەی جەنگیی فاشییەکانی بەغدا هەڵاتوون، ئاوا دەکات؟ وەلحاسڵ ئەمە چیرۆکی ئازاری کوردبوونە کە لە سوریا لە هەموویان خراپترە.
کوردقڕان تەنیا کوردکوژی نەبووە وەک جەستە و لەش، بەڵکو پرۆژەی بێدەنگی لێکردن لە ئازار و ڕەنجەکانیش بووە لەلایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشەوە، ئەوکات کە بەرژەوەندییان ئیجابی کرد و پێویستیان بوو، باسی کوشتاری بە کۆمەڵی کوردیان کرد، بەڵام ئەمە تەنیا لەلایەن بەشێک لە ڕۆژاوا و ئەمەریکاوە!
وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هێشتا دانیان بە پرۆژەی کوردکوژی و قڕانکردنی کورددا نەناوە، چونکە داننان بە جینۆسایدی کورد، واتە داننان بە نەتەوەی کورد و هەروەتر ماف و داواکارییەکانیان! بەڵام ئەم بێدەنگییە و ئەنفالی هەواڵ و زانیارییەكانی، کاتی بەسەر چوو، تەکنەلۆجیای سەردەم دنیای لە نەتەوەی کورد ئاگەدار کردووەتەوە كە نەتەوەیەک وەک قەقنەس لە خۆڵەمێشی خۆیدا ڕاست بووەتەوە و نەوای کەونارای وڵاتی میدیا و کەیخەسرەو دەڵێتەوە، ئەو سەردەمانە بەسەرچوو شەریف پاشای خەندان بەهۆی لۆبی تورک و فارس و عەرەبەوە لە چوونە ژوورەوە بۆ هۆڵی کۆبوونەوەی نەتەوەکان ڕێگری لێ بکرێت و مافەکانی نەتەوەکەی بدزن.
سەردەمێکی نوێیە و تەنیا شەپۆلی ریال پۆڵەتیک نییە جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەی وەبەر خۆی داوە، بەڵکو تەقینەوەی زانیاری و ڕایەڵەی مەزنی پێوەندییەکان و کولتووری باڵا و فرەڕەنگ و ڕاکێشەری کورد، وڵاتانی ناوچەکەی ملکەچی گۆڕانکاریی کردووە، بە مەرجێک ئێمە پلانمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لەناو ئەم هەموو یاریکەرە عیشوەکارەدا باش یاریی خۆمان بکەین، هەروەک چۆن هەڵپەڕکێی دێرین و لە مێژینەمان دنیای سەرسام کردووە، دەبێت یاریی سیاسیشمان پلانی ناحەزان و داگیرکەران پووچەڵ بکاتەوە.
ئەمساڵ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی لە نەمسا بەڕێوە دەچێت، 650 کەس لە 170 ولاتی دنیاوە تێیدا بەشدار دەبن. ئەم کۆنفرانسە لەلایەن دامەزراوەی "سالزبۆرگ" و لە شارێک هەر بەو ناوە بەڕێوە دەچێت، یەکەمجار لە ساڵی 1947 بەسترا و تەوەرەکانی ئاشتی، پێکەوەژیان و دادپەرەری لەخۆ دەگرێت. بەختەوەرانە کوردیش نوێنەرێكی هەیە كە د. کرمانج عوسمان لە هەولێرەوە بانگهێشت كراوە.
ئەمە هەواڵە ڕووداوێکی گرنگە بۆ کورد، چونکە دکتۆر کرمانج نەک تەنیا وەک کورسی و سیمبول، بەڵکو وەک دەنگ و دەمڕاستی کورد بەشدار دەبێت، ئەو چەندان چالاکی و بەشداریی لە ئاستی نیودەوڵەتیدا پێوەند بە کورد و جینۆساید هەبووە و گەیەنەری بە پەرۆشی خەم و ئازارەکانی نەتەوەكەیەتی. دکتۆر کرمانج ڕاوێژکاریشە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان/وەزارەتی داد. ئەم خاڵەم بۆیە باس کرد با ئیتر لە ناڵە و بۆڵە بکەوین و ئەو ڕاستییە ببینین كە حکوومەتی کوردی چەندە ڕۆڵی هەیە لە ناساندنی ئازار و کارەساتەکانی کورد و لە هەر دەرفەتێکدا بە پەرۆشەوە دەچێتە پێشەوە و کوردبوون نوێنەرایەتی دەکات.