هەنووکە بەهۆی پەرەسەندنی دنیای دیجیتاڵ و تۆڕەیلی کۆمەڵایەتییەوە، مرۆڤ لە زۆر ڕووەوە بۆ زانین پەکی ناکەوێت، ڕەنگە ئەگەر بڵێین بۆ زۆر لە کۆمەڵگەکان سۆشیال میدیا خێروبێری هێناوە و بووە بە مایەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، هەڵەمان نەکردبێت، بەڵام ئەم ڕەوتە بێ ئالنگاری و قەیرانسازیش نییە.
لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا دەرکەوتنی میدیاکان بە تایبەتی میدیا بێسەروبەرەکان، جۆرێک بشێوی و سەرگەردانیمان بۆ دەنوێنن كە خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی نالەبار و بێسوودە، بەڵام بەهۆی ئەو بەریەککەوتنانەی لەناو هێزە جیاواز و لێکدژەکانی کۆمەڵگەدا دروستی دەکات، لە ئاستێکی بەرتەسکدا هۆکاری جووڵەیەکی دیالیکتیکییە کە بواری کرانەوە دەکاتەوە.
بێگومان ئەم کرانەوە بەپێی هەندێک تایبەتمەندی و مەرجی دیاریکراو دەبێت، لە حاڵەتی هاوسەنگی و باڵانس دەربچێت و سوودەکەی دەبێت بە خەسار. کاتێک ئێمە دەڵێین مرۆڤ بۆ زانیاری لە جیهانی ئێستەدا پەکی ناکەوێت، ئەمە ڕوویەکی دراوەکەیە و ڕووەکەی تری ئەوەیە، هێندە زانیاریی بێکەڵک و بێ سوودیش بڵاو دەبێتەوە، زانیارییە بە کەڵک و سوودمەندەکان ون دەبن و زۆرجار ئەگەر ونیش نەبن، ناکارا و بێ کاریگەریی دەبن.
ئەمە بۆ هەردوو باڵی میدیای پیشەیی و میدیای بێسەروبەر ڕاستە. واتە میدیای پرۆفیشناڵیش دەتوانێ لە ئاستە پیشەییەکەی خۆیدا جۆرێک یاریی بە داتا و زانیارییەکان بکات کە ئێمە بە تایبەتی لە ڕووە سیاسی و ئەخلاقییەکەیەوە نەتوانین دادوەرییەک دروست بکەین. لێرەدا باسەکەم کورت دەکەمەوە لەسەر ئەو جۆرە میدیا یا باشتر بڵێم ئەو پەیجە پڕبینەرانەی لە پانتاییەکی گرینگ و گشتیدا ئیش دەکەن، نەک تەنیا هیچ زیاد ناکەنە سەر زانیاری و تێگەیشتنی ئێمە، بگرە کۆمەڵگە بەرەو نۆستالۆجیا و گەڕانەوە بۆ ڕابردوویەکی بێکەڵك و لەکیسچوو دەبەن، ئەم میدیا یان پەیجانە، بەو شێوازە بێمانایەی ئیشکردنیان چاو و گوێ و زەینی بینەر و وەرگر پەلکێشی جیهانێک دەکەن کە بەسەر چووە یا لەسەر کۆمەڵێک وێنە و ئیماژ مێشکیان گیر دەکەن کە تەنیا چرکەساتێکی بینراوی بە ڕواڵەت جوانە، وەک فڕینی چۆلەکەیەک لەسەر دارێک بەهۆی پەلاماردانی بازێکەوە!
ئەگەر بابەتیانەتر بدوێم، دەبێت باسی ئەو میدیایانە بکەم کە پێشکەشکارێکی خانم بە ماکیاجێکی سەردەمیانەوە و هەڵبەت بە دەمودوویەکی خۆش و کوردانەوە، بەرەڵای ناو گوند یا کۆمەڵێک شوێنی ناو سروشت دەکەن، تا بەرنامەیەک ئامادە بکەن. بەبێ ئەوەی لە ڕوانگەیەکی ڕەهاوە ئەم قسانەم دەرببڕم، دەتوانم بڵێم زۆرینەی ئەو خاتوونانە نەک لە بەر بێ توانایی خۆیان (ئەمەیش بەشێکێتی!)، بەڵکوو بەهۆی نەبوونی پلان و گەڵاڵەی دروست و ئاسۆی ئیشکردنی میدیا یاخۆ پەیجەکەوە، خۆیشیان نازانن ئەرکیان چییە؟ دەبێت چی بگوازنەوە؟ ئەگەر دەیانەوێت بەرنامەیەک بۆ پڕكردنەوەی کات و بزەخستنەسەر لێو ئامادە بکەن، ئەوا پلانێکیان پێویستە کە شێوەی بەرنامەکە، شوێن و کەسانی ناو بەرنامەکە و... دیاری بکرێن.
ئەگەر دەیانەوێت بەرنامەیەک لەبارەی سروشتی کوردستان ئامادە بکەن (بە داخەوە تا ئێستە و بەو هەموو میدیا و پەیج و کەناڵ و مایکبەدەستەوە کەمترین بەرنامەی شیاو و زانستی بە گێڕانەوە و نەرەیشنی سەرنجڕاکێشەوە بەرهەم هاتووە!)، ئەوا دەبێت زانیارییان هەم لەسەر سروشت وەک لانکەی بوون و نەبوونی مرۆڤ و هەمیش لەسەر سروشتی کوردستان وەک شوێنگەی ژیان و ژیاری کورد و بێشکەی شۆڕش و کارەسات و خەبات و... هەبێت، هەتا دوایی. بەڵام ئێمە لە زۆربەی ئەم پەیجانە چ دەبینین؟
خاتوونێکی مایکبەدەست دەچێتە گوندێکەوە بە ڕووخسارێکی عەرەبی-فرەنساییەوە بە جلوبەرگ و زمانی کوردی و عیشوەیەکی فارسی و ئێرانییەوە، لە پیرەپیاوێکی گوند دەپرسێت مامە گیان چەند ژنت هەیە؟ باشە ئەو هەموو ناهاوئاهەنگییە لە فۆرم و ڕووخسار و شێوازدا با بڵێین ئاساییە و دیاردەی سەردەمە و کوردستانیشی گرتووەتەوە (هەڵبەت وا دەردەکەوێت ئێمە ئەم دیاردەیەمان گرتووەتەوە نەک بە پێچەوانەوە!)، ئاخر ئەوە چ پرسیارێکی بێمانە و بێسەروبەرە؟ ئەم هەموو ڕێکخراوی ژن و هەرای یاسای توندوتیژی و جێندەر و ... هێشتا ئەم خاتوونە گوایە میدیاكارەی تێنەگەیاندووە ئەو پرسیارانە سواو و بەسەر چوون؟ یان لانیکەم بۆ ئەوانەی مۆدێرنیشن، ئەوا پرسیارێكی شەخسییە، تۆ کارت چییە بەوە؟
ئایا ئەم پێشکەشکارانە بیر لەوە ناکەنەوە خۆیان چ ڕەگەزێکن و ماف و حورمەت و کەسایەتییان چییە و چۆن دیاری دەکرێت؟ بەداخەوە نموونەی ئەم بەرنامانە بەڕادەیەک زۆرە، سەرنجی خەڵک لە باتی ئەوەی بخاتە سەر کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و قەیرانەکان، كەچی بەرەو ڕواڵەت و جەستەی ژن و ئەو پرسیارە هاکەزاییانە براوە!
ئێستە کە ئەو پرسیارەی پێشکەشکارەکەم هێنایەوە، با سەرنج بدەین ئەم پرسیارە چی بەرهەم دێنێ؟ بەشێکی کۆمەڵگەی ئێمە بە ئاینی و نائاینیشەوە، نەریتییە، ئەم پرسیارە واتە ئاساییکردنەوەی فرەژنی، برەودانی دووبارە بەو باوەڕەی پیاوسالاریی نەریتێکی بەرز و باڵایە و پیرەپیاوێک کە لە هەموو ژیانیدا فەلاحی کردووە و خوێندەواریی ئەوتۆی نییە و تێگەیشتنی بۆ ژیانی سەردەمی نوێ نییە، بیر لەوە بکاتەوە کچێکی گەنجی 19 ساڵ دەتوانێت ببێت بە هاوسەری و تەنیا تۆزێک هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت!
باسی ئەم خەسارانە و ئەم جۆرە ئیشکردنانەی هەندێک لە میدیا و پەیجەکان هی نووسینێك نییە، بەڵکوو کۆڕ و کۆڕبەندی دەوێت، بەڵام دەبێت ئاگادار بین ئەمانە لە بەرهەمهێنانەوەی بەها مردوو و کۆنەکان و بڵاوکردنەوەی گێلێتی و کوشتنی کاتی بینەردا دەستێکی باڵایان هەیە و دەبێت ڕێوشوێنیک بۆ ئەم جۆرە میدیا بێسەروبەرە بیگرێتە بەر. مەبەستم لە كارخستن و نانبڕاوکردن نییە، بەڵکوو بیركردنەوەیە لە پلان و بەرنامەی مانادار، چونكە ئەم بەهەدەردانی توانا و دارایی و كاتە، ئەنجامی نییە.