خۆهەڵوەشانەوە و ئاسۆی لێڵ

AM:10:45:20/05/2025 ‌
ئەگەرچی هێشتا پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بەتەواوەتی ڕوون و ئاشکرا نییە و هەواڵ و وردەنووچە تۆزە تۆزە و بە مسقاڵ دێنە دەرەوە، بەڵام هەر ئەنجامێکی پشتی پەردە و هەر مامەڵەیەکی نهێنی لەگەڵ تورکیادا لە ئارادا بێت، هەمدیس دەبێت ئێمە لەسەر مەترسییەکانی ئەم ئایدۆلۆجیا وریا و هوشیار بین و خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەم پارتە بە کۆتاهێنانی دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە نەزانین. 

یەکێک لەو خاڵانەی دەبێت سەرنج بدرێت و بە خەم و ئاخەوە باس بکرێت، ملکەچبوونی ئەم هێزە گەورە چەکدارەیە بە بڕیارەکانی یەک کەس کە ماوەی 25 ساڵە لە دنیای دەرەوە دابڕاوە و بە دڵنیاییەوە ئاسایش و هەواڵگری تورکیا بە پلان زانیاریی دەداتێ و بە تەوقیتێکی مەبەستداریش دەلاقەی بەرەو دەریا و ئاسمان بۆ دەکاتەوە. 

من لێرەدا باسم لەسەر ڕاستیی یاخۆ هەڵەبوونی بڕیارەکەی ئۆجەلان نییە، بگرە ئەم بڕیارە شکتئامێزە ناچارییە، دۆزی کورد لە باکور بەرەو باشتربوون ببات و ئەو بیانووانەی لە دەست تورکدا بوون، ببڕێت و خەبات و چالاکیی مەدەنی و یاسایی (بە مەرجی هەموارکردن و گۆڕینی یاسا فاشییەکەی تورکیا) کوردانی باکور دەخاتە ئاقارێکی ئەمین و پتەوەوە، بگرە ئەگەر تورکیا پارادایمی نوێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی لەبەرچاو بێت، ڕووداوی مێژوویی گەورە و گرینگ بۆ باکوری کوردستان لە ئارادا بێت. باسەکەی من لەسەر ئەم هێزەیە کە لە چەندان پرۆسەی ئاشتی و نێوەدنگیریی چەندان کەسایەتی و هێزی ئیقلیمی و ناوخۆیی کوردستاندا، بچووکترین پاشەکشێی نەکرد تا ئەم ئاشتییە زووتر بێتە ئاراوە و خوێنی ڕۆڵەکانمان لەوە زیاتر بە فیڕۆ نەڕوات. 

ئەم هێزە پێغەمبەرسازە وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کەلەڕەقی و نەچەماوەیی خۆی بەردەوام بوو، دواجار بە بڕیاری یەک تاکەکەس خۆی هەڵوەشاندەوە! وەک بڵێی ئەم هێزە بە هەموو سەرمایە و بە کوشتدانی ڕۆڵەکانی کوردستان و دەستێوەردان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تێوەگلان لە چەندان تۆڕی نایاسایی قاچاخ، لەوانەی مادەی هۆشبەر و هتد، تەنیا موڵکی یەک کەس بێت! ئەمە نیشاندەری ئەو ئایدۆلۆجیا مەترسیدارەیە کە دواجار بە ڕووخساری گرژ و تێکشکاو و دەنگی نووساو و زەبوونەوە، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە. 

وەک قەریەڵان لە چەندان لێدوانی ئەم ماوەیەی دواییدا باسی دەکرد، چەکدارانی ئەوان باوەڕمەند و ئایدۆلۆجین، واتە وەک خۆی دیسان دەڵێت فیدائین! ئێ باشە ئەمانە ئەگەر پلانێکی ورد و سیستماتیکیان بۆ دانەڕێژرێت، سبەینێ ئەگەر بگەڕێنەوە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان دەبنە مایەی تێکدانی ڕەوتی خەباتی مەدەنی و ئاژاوەگێڕیی لە چالاکییە کولتووری و هونەرییەکاندا وەک ئەم ساڵانەی دوایی بە سەتان جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتحاڵی بووین. هەروەک لە دواکۆنگرە، واتە کۆنگرەی 12ی خۆهەڵوەشاندنەوەدا دەبینین ئەوان سۆز دەدەن یان بە مانایەکی دیکە سوێند دەخۆن کە ڕێبازەکەی ئاپۆ بەردەوام بکەن و سۆسیالیستیش لەبیر نەکەن. 

دیارە باسی پابەندبوونی خۆیان بە کوردستانیش کردووە، بەڵام دوای ئەم هەموو ساڵانە بۆمان ڕوون و ئاشکرا بووەوە، کوردستان لە گوتاری پارتی کرێکاراندا دال و چەقی سەرەکیی نییە، بەڵکوو ئامراز و شوێنگەی خەباتیانە بۆ ڕزگارکردنی کرێکارانی جیهان و مرۆڤایەتیی، لەژێر پۆستاڵی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیست! 
ئەگەر ئەم هێزە 10 ساڵ یان 20 ساڵ یا زووتر لە ئێستە، خۆی هەڵوەشاندایە، بە دڵنیاییەوە ئێمە فەزا و هەلومەرجی نوێمان لە پارچەکانی تری کوردستاندا دەکەوتە بەردەم، بەڵام جەخار! ئەمەیش بەختی نەگریسی ئێمەیە کە بزووتنەوەی چەپ لە هەموو دنیا بوو بەهۆی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، بەڵام کە دەگاتە کوردستان وەک دەڵێن لە پاپا کاسۆلیکترن! بە زمانێکی دیکە لە مارکس مارکسیترن! 

سیمای خۆهەڵوەشێنەرانەی کۆنگرەی 12، جگە لە سەرکزی و ملکەچی هیچی دیکەیان بۆ ئێمە وەک کورد مانیفێست نەکرد! ئەگەر لە بواری کولتووری و هەندێک چالاکی میدیاییدا ئەم هێزە کاتی خۆی خزمەتێکی بە کورد کردبێت، ئەوا دای بەدەم باوە! ئێستە باس ئەوە نییە گەریلاکان دەچنە کوێ و لە کوێ نیشتەجێ دەبن؟ من دەڵێم لە هەر کوێ بن، ئەمانە مایەی تێکدان و شێواندنی دۆزی کوردن. خەباتیان کردووە لە پێناوی بیروباوەڕی خۆیان دەستیان خۆش و پیرۆزیان بێت، هێزێکی گەورە و مەزنن، پیرۆزیان بێت، بەڵام لەمە زیاتر دۆزی کورد بە توندوتیژی و نەخشەڕێ نایاساییەكانەوە نەگلێنن، تا لەم سەردەمەدا کورد کە چاو و گوێی کراوەترە لە هەر سەردەمێکی دیکە و باشووری کوردستانیش لەسەر دۆزی کورد قورساییەکی بێ وێنەی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا هەیە، کوردستان بەرەو ئاقارێک بەرن کە لە ڕێگەی دانوستانی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، مافەکانی مسۆگەر بێت. 

بۆ خۆمان فریو بدەین؟ تا ئەم ساتەیش هەسەدە نەیوتووە سیستمێکی سیاسیم بۆ کورد دەوێت، ئەوان لەژێر کاریگەریی ئەو ئایدۆلۆجیایەدا دژی هەر جۆرە کیانێکی کوردین بە فیدراڵی و خۆبەڕێوەبەریشەوە! بۆیە پێم وایە خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکاران لە راستیدا خۆهەڵوەشاندنەوەیەکە بۆ تورکیا نەک بۆ ئێمەی کورد و گوتاری کوردستانی! 
دوای ئەم کۆنگرەیە شەپۆلێکی پەرەپێدانی ئەم ئایدۆلۆجیایە بە فۆرمی جیاواز و جۆراوجۆر دەست پێ دەکات کە دەبێت هەر لە ئێستەوە ئاگاداری بین و لە هەمبەر سۆسیالیزمی دیموکراتی بەسەرچوو و بێئەنجام ڕیالیزمی کوردستانی و دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی زەق بکەینەوە، ئەم بابەتە لایەنی زۆرە و من لە نووسینەکانی داهاتوومدا دێمەوە سەری.