وەرزێکی نوێ لە پێوەندی و پێگەی هەرێمی کوردستان

AM:10:52:24/05/2025 ‌
دۆخی ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاریی بنەڕەتیدایە، هەروەک بینیمان دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر دۆمینەی ڕووداوەکان وا بەسەر یەکدا کەوتن کە خەریکین دیمەنێکی بە تەواوەتی نوێ و جیاواز دەبینین. سووریا ڕووخا و هێزەکانی ئەحمەد شەرع هاتنە سەر دەسەڵات، هەسەدە یاریی خۆی بە هاوکاریی باشووری کوردستان بەڕێوە برد و کۆنگرەی یەکخستن و یەکدەنگیشی بە دڵسۆزی و پەرۆشیی سەرۆک بارزانی بەڕێوە برد، بانگەوازەکەی ئۆجەلان لەلایەن قەندیلەوە وەڵامی ئەرێنیی وەرگرت و دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکایش بە هەستان و کەوتن بەردەوامە.

ئەگەرچی هەموو ئەم دیمەنانە توێژاڵێک لە تەم دایگرتوون و ئاسۆی دووریان نادیار و لێڵە، بەڵام هەبوونیان بەسە بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین شەپۆلێکی نەناسراو و نەزانراو لە گۆڕانکاریی خەریکە پاڵ بە سیاسەتی وڵاتانەوە دەنێ لە ناوچەکە، ئەگەر هەر وڵات و لایەنێک لە هەمبەر ئەم شەپۆلە نەرمی نواند و مەلەوانانە پەڕییەوە، ئەوا عاقیبەت خێر دەبێت، هەر وڵاتێکش سەرشێتانە و بە ڕەقی جووڵایەوە، بێگومان سەری بەر ڕەقەڵەیی هێزی شەپۆلەکە دەکەوێت و تێدا دەچێت. 

ئاماژە و دەربڕینەکان پێمان دەڵێن، دۆخی بەناو دەوڵەتەکەی ئەحمەد شەرع بەرەو باشی ناڕوات و پێشبینیی ڕووخانی دەکرێت و ئەمەریکاییەکان بە شێوەیەک ددانیان بەمەدا ناوە، ڕەنگە هەر ئەم دەربڕینەی ئەمەریکا خۆی چرای سەوز بێت بۆ هێزەکانی دیکە تا بە جۆرێکی تر داشەکان بجووڵێن و یارییەکی نوێتر بە یاریزانی تازە لە پێگەی هێزی زیاترەوە بکات. 

لەبارەی عێراقیشەوە کۆمەڵێک دەنگۆ و قسەوباس لە ئارادان، ئێمە لە خوێندنەوەی عێراقدا زۆرجار بە لاڕێدا دەڕۆین، هۆکارەکەیشی ئەوەیە زیاتر وەک کوردێکی مووچەبڕاو عێراق دەخوێنینەوە و وا دەزانین یاریکردن بە قووتی نەتەوەیەک ئەو وڵاتە و بەڕێوەبەرە تائیفییەكانی خستووەتە پێگەی هێزەوە، لە حاڵێکدا ڕێک بە پێچەوانەیە، عێراق وڵاتێکی تەپیو و هاوکات زاڵم و دڕندەیشە، بە درێژایی مێژوو توانیویەتی بەهۆی دەوڵەتی فەرمی و سوپا و چەکی زۆرەوە کورد قڕ بکات، هەربۆیە ئەم وەهمەی لا دروست بووە کە کورد دەبێت هەمیشە ئەو هێزە ملکەچ و بەردەست و بەرکارە بێت کە لێی بدات و ئەنفالی بکات و سووکایەتیی پێ بكات، بەڵام ئەو باوکە مرد. 

ئێمە دەبێت عێراق لە ڕوانگەی کوردێکی ئەنفالکراوی هوشیارەوە بخوێنینەوە، وڵاتێکی خێڵەکی و دواکەوتوو، ئەگەر پارەی نەوت و باڵانسی هێز لە ناوچەکەدا نەبێت، ناتوانێ قوونی خۆی بجووڵێنێ بۆ ئەوەی پارووە نانێک بۆ خۆی پەیدا بکات، لە حاڵێکدا کورد نیوسەدە بە نانەڕەق و ماست، شەڕی دژی فاشیترین هێزی جیهانی لە دوای نازییەکان کردووە، كە بەعس بوو، ئەگەر کەسێک پێی وابێت عێراقی سەردەمی مالیکی و عیبادی و سوودانی لەگەڵ سەردەمی نووری سەعید و عەبدولسەلام عارف و سەدام جیاوازە، بێگومان ئەو هوشیاری مێژوویی نییە.

مێژووی مامەڵەی کورد لە 2003 تا ئێستە لەگەڵ بەغدا و هەروەتر بێنمەکیی بەغدانشینان بەرانبەر کوردستان، ئەوە دەسەلمێنێ، باشترین دەربڕین هەر ئەوەبوو کە لەم ڕٶژانەدا سەرۆک بارزانی دەریبڕی و گوتی "ئێمە لایەكی کەم چاوەڕوانمان دەکرد بەهۆی ئەو مێژووەی هەمانبووە و ئەو مێوانداری و هاوکارییەی بۆ ئەو کەسانەی ئێستە لە بەغدا بڕیار دەدەن خستوومانەتە ڕوو، هەڵسوکەوتێکی شایستەتر ببینین، بەڵام ئەوان مووچە نانێرن و لە باتی ئەوە چەند قات تەپوتۆزمان بۆ دەنێرن". 

پێدەچێت ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئیتر لەم دۆخە بێزار بووبن، پێدەچیت ئەو متمانەیەی بە کورد هەیانە لە بەرانبەر سپڵەیی و بێ وەفایی ئەعرابی عێراقی ئێرانتەوەر دەرهەق بە وڵاتانی ڕۆژاوا، زیاتر و زۆرتر بووبێت و بانگهێشتی فەرمی و پێشوازیی گەرم لە مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەلایەن کۆنگرێسمانە جۆراوجۆرەکان و هەروەها ئەنجوومەنی پیران و دیداری ئەمڕۆی لەگەڵ ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا كە هاوكات وەزیری دەرەوەیشە، هەروەها واژۆکردنی ئەو گرێبەستە گرینگانە، خۆی نیشانە و گەواهی ئەم ڕاستییەن. ئەینا ئەمەریکا هەر دەزانێت عێراق و وەزارەتی نەوتەکەی و کورە ڕەنگە وەزارەتی ڕێگەوبانەکەیشی لەم ڕووداوە مەزنە دێنە دەنگ و دەمودەست دەکەنە بۆڵەبۆڵ بە ناوی دادگای فیدراڵی و یاسای هەرگیز جێبەجێنەکراویانەوە! 

پێم وایە ئەو سەردانەی سەرۆک وەزیران و ئەو دەسکەوتە درەوشاوانە، ئاماژەی وەرزێکی نوێی پێگە و پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە لە ناوچەکە و جیهاندا. ئەمە بەشێکی وەک باسم کرد ئەو پلاتفۆرمە نوێ و ئەو پارادایمە تازەیە کە خەریکە لە ناوچەکەدا پراکتیزە دەبێت. 

ئێستە چی بۆ ئێمە گرینگە و دەبێت چی بکەین؟ لەم قۆناغەدا گرینگترین ئەرک و کردار بۆ ئێمەی کورد، یەکبوون و هاوپەیمانییە، با ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو بێنینەوە پێشچاوی خۆمان، هاتنی مەزڵووم عەبدی بۆ لای سەرۆک بارزانی و دانیشتنەکەیان بوو بە ڕووداوێکی مێژوویی و تەلیسمی یەکنەگرتوویی و یەکانگیریی زۆرێک لە کوردی تێکشکاند و هەروەها بەستنی کۆنگرەی یەکگرتووی کورد لە ڕۆژاوا، ئەو باوەڕەی بووژاندەوە کە کورد ئەگەر یەکگرتوو بن، جیهان دەرەقەتیان نایەت. بۆیە لە وەها هاوکێشەیەکی چاوەڕوانكراودا، ئەرکی ئێمە باوەڕمەندی بە وزەی کوردانە و یەکگرتنمانە بەبێ ئەوەی هیچ لایەن و ڕەوتێکی کوردیمان لێ زیاد بێت و پشتگوێی بخەین.