ئەو گرێیەی مەسروور بارزانی لە ئەمەریکا کردیەوە

PM:05:13:24/05/2025 ‌
لە گرێبەستە قەبەکان و ئاستی پێشوازییەکە گرنگتر؛ کردنەوەی گرێکوێرەیەکی مێژوویی بوو کە بەردەوام گرفتی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی پێوەندییەکانی ئەمەریکا و کوردستان دروست کردووە، ئەویش تێڕوانین و ستراتیجییەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لەبارەی پرسی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمان. بۆ یەکەمجارە وەزارەتی دەرەوە گەرمتر و توندتر لە دامەزراوە گرنگ و کاریگەرەکانی تری وەک پنتاگۆن و CIA، لە بەرانبەر مافەکانی کوردستان وەدەنگ بێت، خۆی لێ بکاتە خاوەن و بە ڕوون و ئاشکرایی گوتارێکی نوێ ڕابگەیەنێت.

لە 60 ساڵی رابردوودا، بەردەوام هەوڵ و داواکارییەکانی کورد لە ئەمەریکا، لە ستراتیجییەتی وەزارەتی دەرەوە گیر دەبوو، هەندێکجاریش پاشەکشەی پێ دەکرا، پیلانگێڕیی جەزائیر ڕەنگە دیارترینیان بووبێت. پێشبینی دەکرێت ئەو قۆناغە نوێیە، مایەی پارستن و بە‌هێزکردنی پێگە و قەوارەی دەستووریی کوردستان بێت، هەروەها ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە بێت کە بوونەتە هۆی دروستبوونی لاسەنگی لە پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەو کارەی مەسروور بارزانی کردی، پێی دەگوترێت "وەرچەرخانی مێژوویی"، ئەو وەرچەرخانە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسەر دوو ئاست ڕەنگ دەداتەوە:

-لە ئاستی ناوخۆیی کوردستاندا، هاندەر دەبێت، کە ئەو حزب و لایەنانەی گرەویان لە سەر هێزی دەرەکی دەکرد، بەو گوتار و هەڵوێستە سیاسییانەی خۆیاندا بچنەوە، پەشیمانی گوتارە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکە ببنەوە کە هێشتا کوردستان پێویستی پێیەتی.

-لەسەر ئاستی دەرەوەیش، هاندەر دەبێت بۆ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی کە نیگەران و دوودڵییان کەمتر بێتەوە، لە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ قەوارەی دەستووریی کوردستان و گەلەکەی.

لە دوا ڕۆژەکانی ئەو کابینەیەی مەسروور بارزانی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵە سەرۆکایەتیی دەکات، دەستکەوتەکانی گەیاندە ئاستێک کە خەڵکی کوردستان بە ئومێد و خۆشحاڵییەوە، چاوەڕێن سەرۆکایەتیی کابینەیەکی بەهێزتر و پڕ دەستکەوتتر بکات.
لەو چەند ساڵەی ڕابردوو، مەسروور بارزانی و کابینەکەی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و گوشار و هێرشی زۆر توند بوونەوە، بەڵام ئەوانە تەنیا بوون بە هێزێک بۆ ئەوەی دەستبەرداری ستراتیجییەتی بنیاتنان نەبێت، لە ڕێی ڕاستکردنەوەی هێڵی خواری حوکمڕانی و گرتنەبەری ڕێگەی دروست بۆ گرێنتیکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان. 

یەکانگیری، دنیابینی و ستراتیجییەتی مەسروور بارزانی، لەگەڵ گۆڕانکاری و ئەو هاوکێشە نوێیانەی، خەریکە نەخشە و واقیعی سەپێنراوی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆڕن، ڕێکەوت نییە، بەڵکو پلان بۆ داندراو بووە و بەشێک بووە لە خوێندەوە و پێشبینییەکانی بارزانی بۆ ئایندەی ئەو ناوچەیە، ئەوەیشی بە ڕوونی لە چەند گوتار و بۆنەیەکدا باس کردووە، بە تایبەتی لە گوتارە بەناوبانگ و مێژووییەکەی لە ناوەندی توێژینەوەی چاتام هاوس.

گۆڕانکاری لە ستراتیجییەت و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەکرێ وەک چاوگی ئەو گۆڕانکارییانە دابنرێ کە پێشبینی دەکرێت لەمەودوا شێوازێکی نوێ لە هاوپەیمانییەتی و کاری هاوبەش دروست بکەن، ئەویش لەگەڵ نەتەوە و پێکهاتەکان، نەوەک تەنیا لە ڕێگای ئەو دەوڵەتانەی وەک ئەمری واقیع بەسەر گەلانی ئەو ناوچەیە سەپێنراون.