بەرەی سێیەم نەماوە

AM:11:01:05/06/2025 ‌
لە دوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكەی پیرمام، بە بەشداریی 43 حزبی كوردستانی، بە مەبەستی گەڵالەكردنی گوتار و هەڵوێستێكی هاوبەش، لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە بەردەوام بەغدا وەك كارتێكی سووتاو دژ بە ئێمە بە كاری دێنێت، ئیتر بە دیاریكراوی بەرەی سێیەم لە كوردستان نەما، تەنیا دووبەرە بوونیان هەیە، ئەوانیش، "بەرەی كوردستانی و وەستانەوە لە دژ ئەقڵی شۆڤێنییانەی بەغدا، لەگەڵ بەرەی نۆكەرانی بەغدا"، بۆیە هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە نەبوون، پێ بزانن یان نا، لە بەرەی دووەمن. 

بێگومان نكۆڵی لەوە ناكرێت، تەنانەت سەرۆك وەزیران خۆیشی نكۆلی لێ نەكردووە كە لە هەرێمی كوردستاندا، گەلێك خەوش لە بواری سیاسی و حوكمڕانی و خزمەتگوزاری، تا ئاستێك بوونیان هەیە، بەڵام هیچ كاتێك نابێت ئەو كێماسییانە ببنە پاساو لای هێزێكی سیاسی، بۆ ئەوەی بەشدار نەبێت لە كۆبوونەوەیەك كە لە پێناو مووچە دەكرێت. دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران، پرسێكی گشتی، خزمەتگوزاریی و ژیانییە و پێوەندیی بە هیچ حزبێكەوە نییە، بۆیە نەك دەبوو كۆمەڵ و یەكگرتوو، نەوەی نوێ، بەشدار بن، بەڵكو سەرسەختانە داكۆكی لەو مافە ڕەوایەی فەرمانبەران بكەن، نەك ئیسلامییەكان شین و شەپۆڕ بۆ تیرۆریستانی حەماس لە غەزە بكەن، كەچی لێرە بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە نەكەن. 

ئەم دابڕانە سیاسییەی ئەو سێ هێزە، هەڵبەتە گۆڕان ناڵێین، چونكە گۆڕانی ڕاستەقینە، ئەو گۆڕانەیە كە بەشدار دەبێت لە پرسە نیشتمانییەكاندا، چونكە گۆڕانیش بەشدار بوو، ئیتر ئەو لە دەرەوەی ئەو سێ هێزەیە، هەر پاساوێكی سیاسی هەبێت، دواجار گوتار و هەڵوێستێكە دەچێتە خزمەت ئەو شۆڤێنیزمەی بەغدا بەرانبەر بە ئێمە پێڕەوی دەكات و بە دڵی خەزعەلی و حەشد و شیعەكانە. 
دەشێ لێرەدا، نموونە بە یەكێتی بێنمەوە، یەكێتیی نیشتمانی بە ئێستەیشەوە وەك ئەنتی پارتی سیاسەت دەكات، لە سەروبەندی هەڵبژاردندا، گوتارێكی توند و ڕقاوی بەرانبەر بە پارتی و سەرۆكی حكوومەت پێڕەو كرد، كەچی هەمان ئەو یەكێتییە و سەرۆكەكەی، زۆرتر لە سێ جار چوونەتە پیرمام و مەسروور بارزانییان بینیوە. ڕاستە یەكێتی خۆی بە حزبێك دەزانێت كێبەركێی پارتی بكات، بەڵام كاتێ دێتە سەر پرسی مووچە، هاوهەڵوێستی، بەشداریی سیاسییانەی حزبەكان، ئەوا خۆی لەو ململانێیە دەبوێرێت. 

لەو سۆنگەیەوە ئەو حزبانەی بەشدار نەبوون لەو كۆبوونەوەیە، ئەگەرچی بەردەوام باس لە نوێنەرایەتیی خەڵك و خەمی گشتی دەكەن، بەڵام هیچكامیان نوێنەری گشتیی خەڵك نین، چونكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سەنگ و ئاستی نوێنەرایەتیی هەر حزبێكی لە ڕووی جەماوەرییەوە دەرخست، بۆیە كۆمەڵ یان یەكگرتوو، بگرە نەوەی نوێیش، ناتوانن بە چەند كورسییەكی كەم، بانگەشەی ئەوە بكەن كە ئەوان نوێنەری خەڵكن، بەڵكو ئەوان تەنیا نوێنەری ئەو چەند هەزار دەنگەی خۆیانن. 
ئەو سێ هێزە سیاسییە، ئەگەر لە هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لە بەرەی پارتی و یەكێتی نەبن، دەبێ لە پرسی مووچەدا لەگەڵیان بن، چونكە هەر خۆیان بە سەتان مووچەخۆریان هەیە و مووچە لەو حكوومەتە وەردەگرن.

ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە شوورەییە تۆ بەشداریی كۆبوونەوەیەكی كوردستانییانە نەكەیت، كەچی هەڵپەی ئەوەت بێت، وەك قەزەمێك لە بن سێبەری سوودانیدا دەربكەویت كە هەر ئەو سوودانییە ئەگەر كەمێك ڕێز و شكۆمەندی و پێگەی ئێوەی بزانیایە، دەیتوانی و ئەو دەسەڵاتەی هەیە بە یەك واژوو، مووچەی فەرمانبەران بنێرێت كە هەمووان بەم جەژنە لە چاوەڕوانیدان، بەڵام لای ئیسلامییەكان، خەمی ئایدۆلۆجی لە پێشەوەی خەمی خەڵك و نەتەوەیە، بێگومان هەر هێزێكی سیاسیش هەڵگری گوتاری نەتەوەییانە نەبێت، بە دڵنیاییەوە شوێن و پێگەیەكی لەناو جەماوەری كوردستاندا نییە و نابێتەوە. ئەمە قسەی من نییە بە تەنیا، بەڵكو دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەو ڕاستییە دەردەخەن. 

ئەو سێ هێزە باجی ئەو بەشدارینەكردنەیان لە داهاتوودا بە قورسی دەدەن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پێشە، بۆیە هەڵەیەكی گەورە و كوشندەیان كرد. بگرە لە ڕووی شەقامیشەوە خەڵك ئەو پرسیارە دەكەن، باشە بۆچی كۆمەڵ و یەكگرتوو لە خەمی تیرۆرستانی غەزەدان، بەڵام بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەمە هەڵوێستییانە؟ مووچە پێوەندیی بە هیچ لایەنێكەوە نییە، ئەوەی بەغدا دەیكات، درێژەدانە بە هەمان ئەو ئەقڵە شۆڤێنییەی 100 ساڵە بەرانبەر بە ئێمە پێڕەو دەكرێت، ئەقڵێك كە جیاوازیی لە نێوان كوردێك جا پارتی بێت یان یەكگرتوو ناكات، كەچی هێزە ئیسلامییەكانی ئێمە، كاڵفامانە وا دەزانن ئەوەی ئیسلامی بێت، لای سوودانی و بەغدا لە پێشترە.

لە كۆتاییدا گرنگە ئاماژە بەوە بدەین كە هەڵوێستی هەرسێ حزبی (شیوعی، سۆسیالست، زەحمەتكێشان) مایەی پێزانین و نرخاندن و هەڵوێستێكی كوردستانییانە و نیشتمانییانەیە، ئەوان ئەگەرچی وەك سێ هێزی ئۆپۆزسیۆن، خاوەن هەڵوێست و گوتارن و بەردەوام خەوش و كەموكورتییەكان دەخەنە بەر فۆكس، بەڵام هیچ كاتێك خۆیان ناخەنە دەرەوەی كەشتییەكە، چونكە دەزانن كە كون بوو، هەمووان لە ناویدا دەخنێكن.