شەڕ لە ناوچەکە گەیشتە ئاستێکی ترسناک، دیارە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچکات شەڕی لێ نەبڕاوە، بەڵام ئەمەیان ڕووبەڕووبوونەوەی دوو جەمسەرە کە هەردووکیان لەسەر بنەمای دەقی پیرۆز ئەویتر بە "شەیتان" دەزانن، ئەگەرچی لایەنێکی سەرەکی و زیاتر ئاژاوەگێڕی شەڕەکە واتە کۆماریی ئیسلامیی، زیاتر ئەم ماناسازییەی پەرە پێداوە و دوای 46 ساڵ لەسەر هەمان ئایدیای شەیتانی گەورە (ئەمەریکا) و شەیتانی بچووک (ئیسرائیل) سیاسەتی خۆی بەڕێوە دەبات، تا بەر لە چالاکبوونی بەرەی مقاوەمە و شەڕی سووریا، ئێران ئەو دەهۆڵە دڕاوە بوو کە لە دوور و نزیک دەنگی ناخۆش بوو، بەڵام هیچ مەترسییەکی نەبوو، دوای چالاکبوونی بەرەی مقاوەمە و شۆڕبوونەوەی وەهمە دەسەڵاتخواز و دیکتاتۆرییەکانی بۆ عێراق و سووریا و لەوێشەوە بۆ لبنان و ناوچەکانی فەلەستین و ئیسرائیل، ئەم دەهۆڵە دڕاوە بوو بە سەمفۆنیای مەرگ و دەیان هەزار کەسی تووشی ماڵوێرانی کرد و چەندان وڵات و ناوچەی لە شەڕی خوێناویی گلاند.
هەندێک لە تیۆرییەکان، زایۆنیزم و جوو لێک جیا دەکەنەوە و زایۆنیزم بە ڕێکخراو و ڕەوتێکی سیاسیی دەزانن و جوو وەک گەلێکی کۆنی ئایندار بە بەریئـ دەزانن لەوەی قەوارەیەکی سیاسییان لا پەسند بێت، چونکە لە گێڕانەوەیەکی تەوراتیشدا هەیە، جووەکان پێگەی دەسەڵات هێندە بە پیرۆز دەزانن، خۆیان بە شایستەی بەدەستهێنانی نابینن. بەڵام ئەمانە و کۆمەڵێک وردە گێڕانەوە و شیکاریی جیاواز، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە ئەوەی پێی دەڵێن دەوڵەتی ئیسرائیل، خۆی هەڵقوڵاوی ئایدۆلۆجیای زایۆنیزمە و ناکرێت لە دەرەوەی دەقە پیرۆزەکانی جوو و دیرۆکەکانیان هاوێر بکەین. بەڵام ئیسرائیل تەنانەت ئێستەیش لەناو گوتاری بەرگرییدا دەژی، شەڕی شەش ڕۆژەی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، هەر لەسەر ئەم بنەمایە دەخوێنرێتەوە، هەروەها شەڕەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر و هێرشەکانی ئەم دوایەی بۆ سەر ئێران.
ئیسرائیل لەناو گوتاری بەرگریدا دەژی، چونکە خۆی هەر لە سەرەتاوە واتە لە 1948ـەوە کە دەوڵەتەکە دامەزرا، لە ناوچەکە پشتگیر و هاوپەیمانێکی ئەوتۆی نییە و ئەوەی تا ئێستەیش بە دەستی هێناوە، بە هاوکاریی ئەمەریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بووە، بۆیە ژیرانە ستراتیجی خۆی لەسەر بنەمای بەرگریی و هاوپەیمانسازیی بنیات ناوە، لە هەموو ئەو ساڵانەی تەمەنی ئیسرائیلدا، لەلایەن وڵاتە ئیسلامی و عەربییەکانەوە جۆرێک بڤە و تابۆ لەسەر ئیسرائیل ڕاگەیەندراوە، ئیسرائیل لە گوتاری ئەم وڵاتانەدا هەمان نەوەکانی بەنی قەینیقاع و بەنی نەزیر و...ن کە کاتی خۆی پشتیان لە پێغەمبەری ئیسلام کردووە، سەرباری ئەوەی دەقی قورئان و بە دیاریکراوی سورەتی "بەقەرە"، پڕن لەو ئایەتانەی خواروخێچی و نالەباریی جوو دەگێڕنەوە، سەرباری ئەوەی بە پیرۆزییەوە باسی ئەنبیای بەنی ئیسرائیل دەکات.
کۆی ئەم مێژووە بووەتە هۆی ئەوەی لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتە ئیسلامی و عەرەبییەکاندا، دروستبوونی هاوسەنگیی لە ڕووی پێوەندی سیاسی و ئابووری و... ئەستەم بێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئیسرائیل بە کاوەخۆ و ستراتیجی تایبەتی خۆیەوە و بە یارمەتیی هاوپەیمانەکانی، ئەم تابۆیەی شکاند و پێوەندیی لەگەڵ بەشێکی زۆری وڵاتانی ئیسلامی نەک تەنیا ئاسایی کردەوە، بەڵکوو گەیاندییە ئاستی پێوەندیی گرنگی ئابووری و سیاسیش، لەم نێوانەدا بەشێوەی زەق دوو وڵاتی ئیسلامیی ناعەرەبی مانەوە كە تورکیا و ئێرانن.
تورکیا بەهۆی پێوەندیی و نزیکایەتیی لەگەڵ باکۆ و هاوکات هاوپەیمانیی باکۆ لەگەڵ ئیسرائیل، وردە وردە لە حەساسییەتەکانی بەرانبەر ئیسرائیل کەم کردەوە و ئەوەی دەیکات تەنیا یاریی سەر شاشە و درێژەدان بە وەهمی نوێنەرایەتیی خەلافەتی ئیسلامییە، بەڵام ئێران حیکایەتێکی جیایە.
كۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستە، بە گوتاری شەڕ و هێرش هاتووە و هەر ئەوەیشی بەرهەمهێناوە، ئەگەر لە ڕووی ئایدۆلۆجییەوە چاوی لێ بکەین، هەموو خەڵکی ئێران لە ناو شەڕێکدا بەشدارن کە خۆیان نازانن بەشدارن! خوێنیان لەپێناو کۆمەڵێک بنەمادا دەڕژێت کە بە وردی نازانن چییە، چونکە سیاسەتی بەردەوام و هەمیشەیی ئەم سیستمە، شەڕی ئەبەدیی بووە، شەڕێک کە ئاخرزەمان نزیک بکاتەوە و هەم ئیمام مەهدی بانگهێشت بکات و هەمیش عیسا دابەزێنێت، بۆ ئەوەی دەجالی جوو لەناو ببەن!
ئەم پەیکەربەندییە تیۆرییە بۆ کایەی سیاسی، بە دڵنیاییەوە چ لەناو گوتاری بەرگریکارانەدا بێت وەک ئیسرائیل و چ لەناو گوتاری شەڕکەرانەدا (ئەوەی ئێران خۆی بە نوێنەری تاقانە و پیرۆزی دەزانێ)، مایەی تێکدانی ژیانی مرۆڤەکانی هەموو ناوچەی ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی و هەموو جیهانیشن بە گشتی. شەڕ هەر ناوێکی لێ بنرێت هەر شەڕە، بەڵام نامرۆڤانەترینی شەڕەکان ئەوانەن کە بە شەڕی پیرۆز ناو دەبرێن.
لەم دۆخەدا، ئەوەی بۆ ئێمەی کورد پێویستە تێوەنەگلانە لەم شەڕە، شەڕێک دوو هێزی هیستری و ماخۆلانگرتوو بە ناوی خودا و باوەڕەکانیانەوە دەیکەن، بەڵام هەر دووکیان لە تاوان و کۆمەڵکوژیدا كەم نین، کۆمەڵکوژی سوپای پاسداران لە سوریا بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی ئەسەد و کۆمەڵکوژی و دڕندەییەکانی ئیسرائیل لە لێدان لە خەڵکی مەدەنیی غەزە و... گەواهی ئەم ڕاستییەن.
هەڵوێستی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی ژیرانەیە و پێویست ناکات ئێمە خۆمان هەڵبواسین بە هیچ لایەنێکی شەڕەکەوە، بەڵکوو ئەوەی پێویستە سەركۆنەكردنی شەڕ و یادکردنەوەی لێکەوتە نەخوازراوەکانی هەموو ئەو شەڕانەیە کە دەشێت دۆخی کورد تێک بدەن.