ترەمپ و کەسایەتیی پێشبینینەکراو

AM:11:09:23/06/2025 ‌
دواجار ئەو شتەی هەموو شرۆڤەکار و چاودێرانی سیاسی بە بەڵام و ئەگەر باسیان دەکرد، ڕووی دا. دیارە ئەم ئەگەرانە لۆجیکی و لەسەر بنەمای ئەوە بوون کە ترەمپ گوتبووی تا دوو هەفتەی دیکە هەڵوێستی خۆم لەسەر لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕادەگەینم، بەڵام ئەوەنەی نەخایاند و ئەو ئۆپەراسیۆنەی دوو بەرەی لێی دەدا و لێی نادا" دروست كردبوو، بە فەرمانێکی زۆر نهێنی كردی و تارانی زیاتر شۆک کرد! ڕەنگە شۆکی چاودێران بە ڕادەی تاران نەبووبێت، بەڵام ئەو واقیعیەی دەرخست کە جیهانی سەردەمی ترەمپ لە ناو یارییەکی نوێ و بێباکانە و ڕژددا دەژی. 

ڕەنگە ئەم سێ ئەزموونەی ترەمپ خۆی لە ناویدا دەبینێتەوە، بڕێک بەرچاوڕوون بن لەسەر ئەوەی بۆچی ئەو کەسایەتییە پێشبینی نەکراوە؟ ترەمپ لە سێ ئاستی سیاسەت، بازاڕ و مێدیادا خۆی بینیوە و دەتوانین بڵێین لەم سێ ئاستەدا و لە هەرکامیان، تێڕوانین و مومارەسەی باشی وەرگرتووە. وەک دەزانین ئەو کۆماریخوازە و کۆماریخوازەکانیش سەرەڕای ڕادیکاڵیزمێکی مامناوەندی کردارگەر و پراگماتیزم دەناسرێنەوە، نموونەی دیاری دیکەیان جۆرج بۆشی باوک و کوڕیش بوون کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی بۆشی کوڕدا هێرشی سەربازیی هەمەلایەن کرایە سەر ئەفغانستان و عێراق. بەدەر لەوەی هۆکاری ئەم هێرشانە کە زیاتر بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تاڵیبان بۆ سەر ئەمەریکا لە 11ی سێپتەمبەری 2001 بوو، دەرخەری ئەو لایەنە کردەگەرا و پراگماتییەی کۆماریخوازەکانیشە. 

سەرۆك ترەمپ سەرباری کردەگەرایی، کەسایەتییەکی پێشیبینینەکراویشە، ڕەنگە ئەم لایەنەی کەسایەتیی ئەو، بگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی خۆی لەناو بازاڕ و دنیای ئابووریدا کە یاساکان بە ئاسانی دەتوانن دەسکاری بکرێن یان با بڵێین یارییان پێ بکرێت و لەو ڕێگەیەوە کاڵایەک یان دراوێک نرخەکەی دەسکاریی بکرێت، بەبێ ئەوەی نرخی ڕاستەقینەی ئەوە بێت کە بەم شێوەیە زیاد کراوە. هاوکات دەبێت ئەوە بزانین کە هیچ بازار و هیچ یارییەک بەبێ جۆرە کایەیەکی میدیایی یا ڕۆڵگێڕان لەناو تۆڕێکی پێوەندیی هەواڵ و ڕاگەیاندندا، سەرکەوتوو نابێت. هەربۆیە لایەنی مێدیایی و شۆی ترەمپ، یارییەکە تەواو دەکات. 

وەک هەندێک دەروونناس و شیکاری سیاسی دەڵێن، ترەمپ لە مێدیاکاندا بە شێوەیەکی بەردەوام لە تێز یان دۆکتۆرینی "شۆک" کەڵکی وەرگرتووە. واتە شتێک دەڵێت، بەڵام شتێکی تر دەكات کە لە هەناوی قسە وتراوەكەدا شاراوەتەوە، بەم شێوەیە وەک سیاسەتوان ڕێگەی بەرگریی لە خۆ و هەڵوێست و لێدوانەکانی دەهێڵێتەوە. 

بە هەموو ئەمانەوە، زۆر كەس باوەڕی وایە کە ترەمپ پانتایی سیاسەتی جیهانیی پەلکێشی دنیای پۆپۆڵیزم و یارییەکانی ناو کۆڵان و شەقام کرد و سیاسەتی لەو ڕێڕەوە تەکنۆکرات و بیروکراتییە، ئەگەرچی نەک بە تەواوەتی، بەڵام بڕێک دوورخستەوە و شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە. زۆرینە چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد ترەمپ لە بنکەکانی فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنز بدات، چونکە وەک دواوێستگە بۆ کۆنترۆڵ یان یەکلاکردنەوەی هاوکێشەی شەڕەکە، چاوی لێ دەکرا.

ئێستە کە لەو بنکانەی داوە و بە ڕاشکاوی و ڕوونی ڕای گەیاندووە کە سوپاکەیان بەهێزترین سوپای جیهانە و کەس ناتوانێت ئەو کارەی ئەوان بکات، ئایا ئێمە دەبێت جگە لە پەرچەکرداری ئەگەر و ڕێتێچووی ئێران، چاوەڕوانی شتی دیکە بین لە پشت ئەم لێدوانانەوە؟ ئایا کۆدی دیکە هەن لەناو ئەم گوتارە سیاسی و هەڕەشەئامێزانەی ناو جەنگەکەدا؟ یا ئێران بۆ ترەمپ تەنیا یارییەکە و دەیەوێت وڵاتانی وەک ڕووسیا و چین لە توانا سەربازییە نوێ و ناوازەکانی ئاگەدار بکاتەوە؟ یاخۆ پێچەوانەوە مەترسییەکی ڕژدە لەسەر جیهان و گەورەترین دۆست و هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا كە ئیسرائیلە و دەبوو لاواز بکرێت یان بەرەو نەمان ببرێت؟ تۆ بڵێی هەموو ئەو مەبەستانەی پێكەوە پێكابێ؟ 

وا دێتە بەرچاو جیهان لە بەردەم پارادایم و هەلومەرجێکی نوێدایە، دەسپێکەکەی ڕەنگە بتوانین بگەڕێنینەوە بۆ هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس، بەدەر لەوەی ئێمە چ هۆگرییەکی فکری و ئایدۆلۆجیمان هەبێت، ئەو هێرشە بوو بە هۆی زنجیرەیەک کردار و پەرچەکردار کە ئەگەری گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێ دەوەشێتەوە. 

ئێستە نەک نەخشەكە بەشێوەی دەسکاریی جیۆگرافی یا بە شێوەی زەق، بە دڵنیاییەوە گۆڕینی هاوكێشەی یاریی هێزە و شاڕێگەکەی بە کوردستاندا تێدەپەڕێ. ئایا ترەمپ باشترین یاریکەر نییە بۆ جێگیرکردن و پراکتیزەکردنی نەخشەیەک کە هێشتا سەروبنی دیار نییە؟ یا ئەو کە هەموو مێدیاکانی جیهان بە رستەیەك دەخاتە جووڵە و بە خۆیەوە سەرقاڵیان دەکات، بۆ بیر نەكەینەوە كە رەنگە بیەوێت خۆی بکات بە نوێنەری سەردەمێکی پڕ لە گۆڕانکاریی مێژوویی کە تا دنیا دنیایە ناوی بە بۆنەیەوە دەنگ بداتەوە؟ 
لەناو هەموو ئەم پرسیار و ئەگەرانەدا بۆ ئێمەی کورد، گرنگترین پرسیار ئەوەیە، ئایا ئامادەی ئەم گۆڕانکارییە نادیار و لەناکاو و خێرایانە هەین یان نا، بەر شەپۆلی گۆڕانکارییەکان دەکەوین و ئەگەری خەسار و زیانمان هەیە؟