ئاوازەکانی جەنگ

PM:12:12:24/06/2025 ‌
ئێمە نەوەی جەنگ بووین، ئەگەرچی ڕاستەوخۆ لەناو گەرمەی ڕووداوەکانی جەنگدا نەبووین، بەڵام هەموو خەم و ئازارەکانی جەنگ لە زاکیرەماندا تۆمارە، بە ئێستەیشەوە بە ئاسانی بە دەنگی هەر تەقەیەکی شەڕ و هاتنی هەر دەنگێکی پێی جەنگ، ترس و کۆچ و ڕەومان دێتەوە یاد. ڕەنگە نەوەی ئێمە پێیەکی لەناو جەنگدا بووە و پێیەکیشی لەناو سەرزەوینی ئاوات و ئومێد بووە بە ئاشتی. واتە نەوەی ئێمە هەم لە بەرەی جەنگدا بووە و هەم لە سەنگەری ئاشتی. بەڵام ئەمانە بیرەوەریی دوورن و بەهیوام دۆخی وا هەرگیز نەگەڕێتەوە و بەو تێبینیانەوە کە لە دۆخی کوردستان و سیاسەت و دیپلۆماسیی هەرێمدا هەیە، بە ئەستەمی دەزانم هیچ جۆرە مەترسییەک ڕووبەڕووی کوردستان ببێتەوە. 

ڕووداوەکانی پێشوو بەهۆی ئەم جەنگەی ئێران و ئیسرائیلەوە بە خەیاڵمدا دێتەوە، کاتێک ئێمە بەهۆی دەستدرێژییەکانی سەدام و ڕژێمە خوێنمژەکەی ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین، سەرباری ئەوەی بە سینگ ئاوەڵاییەوە پێشوازییان لێ کردین، وەها هەڵسوکەوتیان کرد کە خۆمان بە خانەخوێ بزانین نەک میوان و لە ڕاستیشدا لە هیچکوێی کوردستان هیچ کوردێک میوان نییە. پاش ماوەیەک مانەوە لەودیو و لای خزم و ناسیاو، زنجیرەی ڕووداوەکان وابوو بەهۆی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەشێک لە کوردستان ئازاد بوو و خەڵک وردە وردە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڵام جگە لەو بیرەوەرییە خۆش و هێوربەخشانەی خزمانی ئەوبەر، ڕووداوەکانی ڕێگەی پەڕینەوە و کۆچ کە لە زاری ئەم و ئەوەوە دەگوازرایەوە، وێنەیەکی زۆر دڵتەزێن و ناخۆشی لا دروست کردم کە تا ئێستەیش وەک خۆی ماوەتەوە، بە تایبەتی وێنەی کچ و کوڕانی منداڵکار و پیاو و ژنانی پیر و پەککەوتە. ڕاستە دۆخەکە بە گشتی بۆ هەموو کورد کارەسات بوو، بەڵام خووی مرۆڤ وایە بۆ ئەو دوو پیر و منداڵ زیاتر هەستی سۆز و بەزەیی دەورووژێنن. 

دوای ماوەیەک مەقامێکی ناوازەم لە هونەرمەند کەمال محەمەد بیست کە تا ئێستەیش پێم وایە یەکێک لەو مەقامانەیە کە بە جوانترین شێوە دۆخی منداڵ و پێوەندیی قووڵی نێوان باوك و منداڵ نیگار دەكات و کەم کەس هەیە نەیبیستبێت: 
کوڕی شیرینم مەترسە جێت ناهێڵم
وەرە بە دوای شڵپ و هوڕی قاچە ماندووەکانی منا، لێم ون نابی...
ئەگەر سەرنجی کۆی مەقام و بەستەكەی پاشی بدرێت، بە باشی ئەو وێنەیەی لە مرۆڤ و جەنگ دەنەخشێنێت، وەک یەکێک لە مانادارترین و پایەدارترین وێنەکانی جەنگ قبووڵ دەکەین. 

ئێستە جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ کردووە و بە هاتنەناوەوەی ئەمەریكا بۆ جەنگەکە، بێگومان قۆناغێکی نادیار و ترسناک چاوەڕوانی ناوچەكە دەکات و ئەم چاوەڕوانیەیش زیاتر کوردانی ڕۆژهەڵات دەگرێتەوە. ئەوان کە سەردەمێک لانکە و داڵدە بوون بۆ ئێمە و ئێستەیش هەمان هەڵسوکەوت بەجێ دێنن، پێدەچیت لە بەردەم دۆخێکی نالەباردا بن، بۆیە دەڵێم پێدەچێت، چونکە هێشتا ڕۆژانی سەرەتای جەنگە و هێشتا دەکرێت هیوادار بین پارچەی ئاگرینی جەنگەکە بەریان نەکەوێت، بەختەوەرانە جارێ دۆخەکە بەوە نەگەیشتووە ئەوان بگرێتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو چووە حاڵێکی ئاوا، وەک تاکێکی کوردستان ئەو هاوخەمی و پشتگیرییەم هەرگیز لەبیر ناچێت و بۆ دەرفەتێک دەگەڕێم بە سادەترین شێوەیش بێت، قەرەبووی کەمەوە، بەڵام هیوادارم لە ناخۆشیدا نەیانبینم و بە شادی قەرەبوویان بكەمەوە.

سەرباری ئەمە، بۆیە باسم لەو گۆرانییە کرد، تا بیری هەمووان و خۆیشم بهێنمەوە کە لە جەنگدا بەر لە هەر شتێک، دڵەڕاوكێ و ترسەکانی دەگات، دەنگی پێی ترس و دڵەڕاوکێ بەر لە جەنگ و دەنگی فڕۆکە دێت، نەک لەم حاڵەتەدا کە شوکر لە کوردستان هەموو شتێک باشە، بەڵکوو لە هەر حاڵەتێکی لەناکاو و نەخوازراودا، پێویستە دنیای بێگەردی منداڵان لەبیر نەکەین، پێویستە نیگەرانییەکانیان هەر لە سەرەتاوە بڕەوێنینەوە. ئەم ڕۆژانە ڤیدیۆیەکم بینی، دایکێک لە تاران، باسی لەوە دەکرد كە هەوڵی داوە تا سەرنجی منداڵەکەی لەو هەموو تەقین و لێدانانەی شەقام و شوێنە دوور و نزیکەکانی ماڵەکەی بدزێتەوە و بە شتی لاوەکی و دوور لە جەنگەوە سەرقاڵی بکات. ئەو دایکە پێشنیاری ئەوەی دەکرد بۆ ئەوەی منداڵەکان پەلکێشی نیگەرانی و جەنگ نەبن، کتێبیان بۆ بخوێنینەوە. 

بێگومان ئەمە پێشنیارێکی باشە و کتێبی منداڵان ئێستە نەک هەر بۆ منداڵ، بەڵکوو بۆ گەورەکانیش بە سوودە، چونکە بیرمان دەخەنەوە جیهان لە خەیاڵدانی منداڵدا چەندە دەتوانێت ئارام و دوور لە شەڕوشۆڕ بێت. سەرباری ئەوەی تەندروستی دەروون و جەستەی منداڵەكەیش دەپارێزین. ئەم جەنگە بووە هۆی ئەوەی ئەم ڕۆژانە بیر لەو دوو بابەتە بکەمەوە کە باسم کرد.