چۆن لە جەنگەكە تێبگەین؟

AM:09:30:25/06/2025 ‌
یەكەم/ جەنگێكی چاوەڕواننەكراو 
بۆ ماوەی ١٢ رۆژ جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوام بوو. دوو هێزی هەرێمی خاوەن چەك و سوپای گەورە و چەكی ئەتۆم لە جەنگدا بوون و رۆژانە مومووشەكیان ئاراستەی یەكتر دەكرد. رۆژانە ژمارە و شێوەی ممووشەك و جۆرەكانیان دەگۆڕی و زیانێكی زۆریشیان بەیەكتر گەیاند. ئامانجی سەرەكیی هێرشی ئیسرائیل یان باشترە بڵێین هۆكارەكانی جەنگ لە دیدی ئیسرائیلەوە، رێگریكردن بوو لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی كە ئێران لەم بوارەدا قۆناغێكی زۆری بڕیوە و هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ بوون بە خاوەن چەكی ئەتۆم. دیارە پڕۆژە و بەرنامەی چەكی ئەتۆمی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو. لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە دەكرێت دەوڵەتێك یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام بۆ مەبەستی ئاشتی و وزە نەك جەنگ و ململانێی سیاسی و نێودەوڵەتی. 

كۆماری ئیسلامی ئێران دەمێكە پێودانگ و پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتییەكانی بڕیوە و لە ڕێژە و قەبارەی خۆی زیاتر یۆرانیۆمی پیتاندووە، ئەمەش بووەتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و چەندان وڵاتی تر. دیارە هێرشەكەی ئیسرائیل لە دەستپێكی جەنگەكەدا چاوەڕوانكراو نەبوو بەهۆی ئەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە دانوستاندا بوون و چەندان خولی دانوستانیان ئەنجام دابوو لە وڵاتی سێیەم، ئەگەرچی ئەو ماوەیەی كە دۆناڵد ترەمپ بۆ دانوستان و رێككەوتن داینابوو كۆتایی هاتبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا چاوەڕێی ئەوە نەدەكرا ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر ئێران و زیانی پێ بگەیەنێت و زنجیرەیەك لە فەرماندە كاریگەرەكانی ناو سوپای ئێران بكوژێت و كۆتایی بە ژیانیان بهێنێت، هاوكات چەندان شوێن و پێگەی هەستیار و ژێرخانی بنەڕەتی لە ئێران بۆردمان بكات و زیانیان پێ بگەیەنێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێرانیش هێرشی كاریگەری كردووە و تا ئاستێك و لە هەندێك شوێندا ئامانجی خۆی پێكاوە. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی چاوەڕێی ئەوە نەدەكرا ئەمەریكا هێرش بكاتە سەر فۆردۆ و زیانی پێ بگەیەنێت. 

دووەم/ هەڕەشە بۆ بوون و مانەوە
یەكێك لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی ئیسرائیل بۆ جەنگەكە، بریتی بوو لە سڕینەوە و نەهێشتنی هەڕەشەی بوون و درێژەدان بە مانەوە. لە دیدی ئیسرائیل بەرنامە و پڕۆژە ئەتۆمییەكەی ئێران، هەڕەشەیە بۆ سڕینەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل و نەتەوەكەیان، لە كاتێكدا ئێران ئەوە رەت دەكاتەوە و بەرگریی لەوە دەكات كە پڕۆژەكە بۆ خزمەت ئاشتییە و بۆ جەنگ نییە. دیارە بوون و مانەوە، كرۆك و قووڵایی هەموو نەتەوە و دەوڵەتێكە. لە زانستی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و تیۆرەكانی تایبەت بە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەدیاریكراویش تیۆری ریاڵیزم، پێی وایە لەبەرئەوەی دۆخی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهانی لە بێ رێكخستنی و پاشاگەردانی دەژی، بۆیە ئامانجی سەرەكی هەموو ئەكتەرێك یان دەوڵەتێك، بریتییە لە هەوڵدان سەرەتا بۆ مانەوە و پارێزگاریكردن لە بوون و ناسنامە، دواتر زیادكردن و بەرزكردنەوەی هێزی سیاسی و دواتریش هێزی ئابووری. 

لەم روانگەوە دەكرێت بوون و پرسی مانەوە بەیەكێك لە هۆكارەكانی جەنگەكە دابنێین و وێنا بكەین، بەتایبەت كاتێك ئەم ئارگیۆمێنتە بووەتە تێمای سەرەكیی جەنگەكەی ئەمڕۆ و هەردوو هێز و لایەنیش بەشێوەی جیاواز وێنای ئەم هۆكارە دەكێشن، بەدیاریكراویش ئیسرائیل وەك دەستپێشخەری جەنگەكە ئەم گوتارەی بەرز كردووەتەوە و كاری لەسەر دەكات. بوون و مانەوە پرسێكی ئاڵۆز و گرنگی ناو كایەی دەوڵەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانە، لە ماوەی رابردووشدا بەشێكی جەنگەكان بەو پاڵنەرە هەڵگیرساوە و قوربانی و كارەساتی مرۆیی و نامرۆیی لێ دروست بووە و زیانی بە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گەیاندووە.
 
سێیەم/ ئاگربەست یان كۆتایی جەنگ؟
وا دیارە ئاگربەستێكی ماوەكورت بەسەرپەرشتیی ئەمەریكا راگەیەنراوە، بۆ ماوەیەك هەریەك لە ئیسرائیل و ئێران مووشەكەكانیان بێدەنگ دەكەن، بەڵام هیچ دڵنیاییەك نییە قۆناغێكی تری جەنگ دەست پێ نەكاتەوە و بەردەوام نەبێت، بەتایبەت كاتێك بڕیارەكانی دۆناڵد ترەمپ زۆر خێرا و لە ناكاو و چاوەڕواننەكراوە، دەكرێت لە هەموو كاتێكدا بڕیاری جەنگ و ئاشتی بدات، بەتایبەت ئەگەر ئێرانییەكان نەیەنە سەر مێزی گفتوگۆ و بە سەرجەم مەرجەكانی ئەمەریكا و دۆناڵد ترەمپ رازی نەبن و خۆیان رادەستی ترەمپ نەكەن، چونكە ئەوەی جەنگەكەی بەردەوامیی پێدابوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بوو. راستە جەنگ لە نێوان دوو هێزی هەرێمی بوو و بەچڕی بەرەنگاری یەكتر بوونەتەوە، بەڵام ئەمەریكا رۆڵی سەرەكی تێدا هەبوو. 

دیارە ئەم دۆخە بۆ ئێرانییەكان راستە بەناو دانوستان و گفتوگۆ و پرۆسەی ئاشتییە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا دۆڕانێكی دیپلۆماسی و لێدانە لە پێگەی ئێران و مێژوو و قووڵاییە ستراتیجییەكەی كە وەك هێزێكی هەرێمی، لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا خۆی بە ركابەری چەندان هێزی گەورەتری نێودەوڵەتی و هەرێمی زانیوە. ئەمڕۆ بڕیار و چارەنووسی ئەم هێزە هەرێمییە لە دەست ئەمەریكادایە، دۆناڵد ترەمپیش دەیەوێت تا دوا چركە و سات ئێران لە ژێر فشار و كارتی جۆراوجۆردا بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەزۆر رێككەوتننامەی ئاشتییان پێ واژوو بكات و كۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەكە بهێنێت. بەپێچەوانەیشەوە لە ئەگەری رازینەبوونی ئێران بەمەرجەكان، ئاگربەست كۆتایی پێ بهێنێت و جەنگ درێژە پێ بدات و بەردەوام بێت ، تەنانەت رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بپێكێت و بیكوژێت و كۆتایی بە هەموو شتێك و یارییەكە بهێنێت. ترەمپ هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە بە پیاوی ئاشتی بناسرێت، تەنانەت ئەگەر ئاشتییەكی سەپێنراو و كاتی و ساختەش بێت، بەتایبەت كاتێك خۆی بانگەشەی ئەوە دەكات كە شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە و چەندان كەیسی گەرمی ئەمڕۆی جیهانی بە ئاشتی چارەسەر كردووە.