تەواوبوونی ئەركی یۆنامی لە عێراق و بۆشایی و ئاستەنگەكان

AM:11:51:28/06/2025 ‌
نووسینگەی یۆنامی و نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، دوا وتاری لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە باسكردنی كۆتاهاتنی ئەركی یۆنامی لە عێراق دەست پێ كرد و ئاماژەی بەوە كرد، نووسینگەكانی یۆنامی لە مووسڵ و كەركووك داخراون، بەڵام، ئایا كشانەوەی تەواوی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، دوای ماوەی 20 ساڵ كاركردن، چ مانایەك دەبەخشێ؟

دكتۆر محەمەد ئەلحەسان كە دوا سەرۆكی ئەو نێردەیەیە و خەڵكی یەمەنە و زۆرجار لە بۆنەكاندا بە جلوبەرگی كولتووریی وڵاتەكەیەوە دەردەكەوێ، گوتی: نیزكەی شەش مانگ ماوە بۆ كۆتاهاتنی ئەركی یونامی، دەمەوێت ئەندامانی ئەنجوومەن دڵنیا بكەمەوە كە نوێنەرایەتیی بەردەوامە لە بەدواداچوونی ماوەیەكی ڕاگوزەری ڕێكوپێك، بەپێی خشتەی كات. هەروەها دەمەوێ بە  ئەنجوومەنی ئاسایش بڵێم، ئێمە ئۆفیسەكانی یۆنامیمان لە مووسڵ و كەركووك داخستووە و وردە وردە ڕێژەی كارمەندەكانمان كەم دەكەینەوە، هەوڵ دەدەین هاوسەنگی لە نێوان كەمكردنەوەی ستاف و ئەركەكانماندا بەردەوام بێت، ئەمەیش وەك ئاگادارن، لە چوارچێوەی سنوورداركردنی داراییدایە كە كاریگەریی لەسەر نەتەوە یەكگرتووەكان بە گشتی، داناوە.

نامەوێ لێرەدا بچمە ناو باسی پاشخانی سیاسیی عێراق، بەڵام دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم، لەو وڵاتە فرەڕەنگ و فرەنەتەوە و فرەكولتوورانەی دیموكراسیی تێیاندا كامڵ نەبووە، ئەگەر هەر بە ناویش بێ، ئەو لایەنە سێیەمانەی خۆیان لە چوارچێوەی نێردە نێودەوڵەتییەكاندا دەدۆزنەوە، گرنگن. نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی)، لەو ئاژانسە نێودەوڵەتییانەیە كە ڕۆڵی بەرچاوی لە عێراق و كوردستاندا گێڕاوە. یەكەم قوربانی دوای ڕووخانی سەدام بە ئامانجگرتنی ئەو نێردەیە بوو لە عێراق لە تەقینەوەیەكدا، سەرۆكی نێردەكە بووە قوربانی. یۆنامی ئەگەر هیچ نەكات، تەنیا دەنگی خەڵكی ئاسایی هەرێمی كوردستان بگەیەنێ، گرنگ و پێویستە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، پێش ئەم خولەس سەرۆكایەتیی، خولی یەكەمی لە ٢٠١٧-٢٠٢١یش سەرۆك بوو، دروشمی سەرۆكایەتییەكەی (ئەمەریكا پێشینەیە)، دید و تێڕوانینەكانی بۆ سیاسەتی ئەمەریكا دیاری دەكات، هەر لەو چوارچێوەیەدا و لە خولی یەكەم و دووەمیشدا، بودجەی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی بە ڕێژەی بەرز تا ٣٢٪ كەم كردووەتەوە، لە هەندێك ئاژانسی بۆ یۆنسكۆ و پەیماننامەی كەشوهەوا و هێزە ئاشتیپارێزەكان و.. هەر كشاوەتەوە.  ئەمە وایكردووە ساڵانە درێژكردنەوەی ماوەی نێردەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك یۆنامی، كارێكی قورس و پڕ لە كێشمەكێش بێ. بە بەردەوامیش ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕووی ستاف و دارایی و چالاكییەوە، لە دابەزیندان. 

پرسی درێژكردنەوەی كاری یۆنامی لە عێراق، ئەركێكی قورس بووە، تا لە دواجاردا لە ژێر كاریگەریی دەرەكیدا، عێراق خۆی داوای كرد كاری یۆنامی دوای دوو دەیە، كۆتایی پێ بێ و بۆ دواجار نێردەكە كارەكانی لە عێراق بۆ ماوەی ١٩ مانگ درێژ كردەوە كە دەكاتە ٣١ كانوونی یەكەمی ئەمساڵ ٢٠٢٥.  هەر لە ئێستەوە تەواوی ستافەكانی كەم كردووەتەوە و نووسینگەكانی دادەخا.
دیارە بوونی یۆنامی لە عێراق، زیانی بۆ حكوومەتی عێراق نییە، ئەگەر وەك دەوڵەتێك بە ئاراستەكانی سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق كار بكات و دووپات لە مافەكانی مرۆڤ و پرسی دیموكراسی و مافە مەدەنییەكانی خەڵك بكاتەوە. پرۆسەی ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكان بە گوڕ بكات، بەڵام بۆ دەوڵەتێكی كاریگەر بە بنەما مەزەوییەكان، نەك هەر كاری یۆنامی، بەڵكو هەموو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان جێی بێزاربن، بە هەمانشێوە لە هەرێمی كوردستانیش پەرەپێدانی پرۆسەی دیموكراسی و داودەزگاكان و كارایی دەزگا دیموكراسییەكان، كاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر بەڕێوەچوون و كارایی كاری ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانەوە، بە جۆرێك كە بۆ بەرژەوەندیی پرسی نیشتمانی كوردستان بگەڕێتەوە، نەك خولانەوە لە بازنەی داخراودا، ئەمە جگە لە بەرەوپێشچوونی كومەڵگە لە بوارە ژیارییەكاندا.

یۆنامی ڕۆڵی هەبووە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لە بوارەكانی چاودێریی مافی مرۆڤ و مافی كەمینە و پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكاندا، لە پاڵپشتیكردنی كۆمەڵگەی مەدەنی و لە پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی و چاودێریی هەڵبژاردن، هەمیشە لای خەڵكی عێراق و بە تایبەتی هەرێمی كوردستان، خاڵێكی ئەرێنی بووە كە یۆنامی جاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بكات.

 لەگەڵ سیهام مامەند ڕاوێژكاری پێشكەوتوو لە فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئەو بۆشاییانەی كە تەواوبوونی ئەركی یۆنامی لە وڵاتەكە بەجێی دەهێڵێ، گفتوگۆمان كرد. بەپێی ئەوەی ئەندامی ئەو لیژنەیەیە كە ڕادەستكردن لەگەڵ یۆنامی دەكات لە هەرێمی كوردستان، ئەو هەندێك بواری تری گرنگیشی باس كرد كە ئەوانیش دیسان كاریگەرییان لەسەر خەڵكی بێچارە و بێ دەسەڵات و ئاسایی دادەنێن، لەوانە تا ئێستە ٣٠٠ هەزار خێزانی ئاوارە و ڕاگوێزراوی دوای شەڕەكان هەن لە ڕێگەی یۆنامییەوە، چاودێری و هاوكاریی ژیانیان كراوە، بە تایبەتی خوێندن و قوتابخانەیان لەلایەن ئەوانەوە سەرپەرشتی و دابین كراوە، ئەمە زۆر كاریگەر دەبێ لەسەر ژیانیان. 
بەێڵام ئەوەیشی گوت كە چەند یەكەیەكی بچووك لە ژێر چەتری ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان  (UNDP)دەمێنێتەوە، بەڵام كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نابێ، ئەگەرچی پێشنیار كراوە كە هیچ نەبێ نووسینگەكان لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە و بێ ئەنجام بووە، بەڵام ئێستەیش هێنانەوە بەر ڕۆشنایی ئەم باسە، بیرۆكەیەكی گرنگە.

ئەوەی گرنگە بەلامانەوە، ماف و دەنگی خەڵكی ئاسایی هەرێمی كوردستان  بەهەموو پێكهاتەكانییەوە، ئینجا بەهێزبوون و مانەوەی چوارچێوەی یاسایی هەرێمی كوردستان لەسەر بناغەی دیموكراسی و داودەزگای گەشەكردوو، ئەمە لە هەموو حاڵەتێكدا بوونی ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانی پێویستە و متمانە و پاڵپشتییان بەهێز دەكات، دەشێت دوای ڕووداوەكانی ئەم دواییە ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكە بەرەو ڕوویەك بڕوا كە لە باتی پاشەكشە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن و بە ڕێكخراویی و كاریگەریی لایەنە نێودەوڵەتییەكان، پشتیوانی مافی خەڵك بن لە هەموو ڕووەكانەوە.