ئایا جەنگ کۆتایی هاتووە؟

AM:11:10:30/06/2025 ‌
جەنگەکان هەمیشە جەنگی مرۆڤەکان نەبووە لەگەڵ یەکدی، هێندەی شەڕی هێزە ئەهریمەنی و فریشتەییەکان بووە و لە دیرۆک و چیرۆکەکاندا بە قووڵی ڕەنگی داوەتەوە، هێشتا لە سینەماکاندا و بۆ نموونە لە سینەمای خودانی ئەڵقەکاندا ئێمە دابەشکاریی نێوان دێوی سپی و دێوی ڕەش دەبینین و یەکەمیان ئەهلی چاکە و پیاوەتییە و دووەمیشیان ئەهلی شەڕ و خراپەیە، یەکەمیان سەودای ڕزگارکردنی جیهانی هەیە و دووەم پشتگیریی لە کۆتاییهێنان بە دنیا دەکات و حەزی لە نابووتکردنی جیهانە. بەڵام ئەمە ڕاستییەکە جەنگی نێوان هێزەکان چ یەکیان چاک بێت و ئەویتر خراپ، چ هەردووکیان خراپ بن و چ هەردووکیان چاک بن، دەرئەنجامەکەی هەر خراپە و وێرانی و بەدبەختییە. 

ئێمە چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵگە، بە تایبەتیش کە کوردین و جەنگمان بە شێوازی جۆراوجۆر بەسەردا تاقی کراوەتەوە، حەز لە جەنگ ناکەین، ڕەنگە ئێمە حەزبکەین لایەنێکی دژبەر یان لایەنێکی شەڕخواز لێمان دوور بکەوێتەوە، بەڵام حەز ناکەین تێکەڵی شەڕێک بین خوێن بڕێژین و خوێنمان بڕژێت. خۆلادان لە جەنگ نیشانەی ترسنۆکی نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەی خوێندنەوەی باو، ئەوپەڕی بوێری و سەربەرزی و ژیریشە. خۆلادان لە جەنگ بینینی شوێنەوار و ئاسۆی ڕەش و خوێنینی جەنگە، بینینی دوورمەودای تەرمی هەزاران ژن و منداڵ و پیاوی بێتاوانە کە هیچ هەلێكیان نەبووە خۆیان دەرباز بکەن و بۆی بچن. 

بەڵام مەبەستم هەڵهاتن لە هەموو جەنگێک نییە، مێژوو پێمان دەڵێت، هەندێ جار جەنگ بە سەرتدا دەسەپێت و دەبێت بیکەی، ئەینا بوونت دەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام دەستنیشانکردنی ورد و ژیرانەی ئەم جەنگە ڕەوا و ناڕەوایە، ئیشی کێیە و کێ دەبێت بۆمان ڕوون بکاتەوە؟ بەداخەوە ئەم پرسیارە تەنیا لە ئاستێکی تیۆری و فەلسەفیدا دەمێنێتەوە و بەشی ئەوە ناکات بیخەینە سەر مێزی پلانداڕێژەر و ئەندازیارانی جەنگ کە بە شێوەیەک خۆیشیان فەرمانپێکراوی لایەنی سەرووتر لە خۆیانن. 

ئێستە جەنگە مەترسیدارەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی پێ کردووە، لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و قوربانیبوونی ئەو هەموو مرۆڤە و فرۆشرانی ئەو هەموو چەکە و تاقیکردنەوەیان لە مەیدانەکەدا و شۆڕبوونەوەی تا قووڵایی تاران، ئێمە لە بەردەم ئاگربەستێکدا وەستاوین کە دیار نییە تا کەی درێژە دەکێشێ، ڕەنگە تا ئێستە کارلێکەکانی ئەم جەنگ و ئاگربەستە لە ئاستێکی بەرتەسکدا بن، بەڵام ئەگەر پێش بە جەنگ نەیگیرێت و ئاگربەست نەبێت بە بنەمایەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێکی دەیان ساڵە، ئەوا نەک تەنیا ئێران، بەڵکوو کۆی ناوچەکە دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.

ئەم تێڕوانینە نەک بۆ ڕەتکردنەوەی خواستی ئێمە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاریی لە دەرئەنجامی ئەم جەنگ و ئاگربەستە بەڵکوو بۆ جۆرە خۆئامادەسازییەکە لە هەمبەر جەنگی نێوان دوو یان چەندان هێز کە ساڵانێکە جەنگی دەروونی و ئایدۆلۆجی دژی یەکیان ڕاگەیاندووە و بە هەر بارێکدا لێکی بدەینەوە جەنگی نێوان ئەم هێزانە ئەگەر ئێستەیش گەیشتووەتە جۆرە ڕێکەوتن یان ئاگربەستێک، ئەوا داهاتوویەکی سامناک و تراجیدی دەبێت، چونکە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکان پێی وایە، ئەویتر دەبێت بە تەواوەتی بسڕێتەوە و هەر لە بنەمادا دەوڵەت و کیانێکی زۆڵ و ناشەرعییە، ئەم لایەنە لە درێژایی 40 ساڵ زیاتر لە حوکمڕانیی خۆیدا هەموو سەرمایەی خۆی لە پێناو دژایەتیکردنی ئەو لایەنەی دیکە (ئیسرائیل) بەکار هێناوە، ئەمە لە حاڵێکدایە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی ناوخۆی خۆی بە نانی شەو موحتاجن! 

ئێمە لە تاران و ناو شارە گەورەکانی ئێران هەر لە 10 ساڵ پێش ئێستەوە، دەیان ڕاگەیاندن و بانگەوازمان لەسەر شەقامەکان بە ڕەقەمی مۆبایلەوە بینیوە کە گورچیلەی خۆیان داناوە بۆ فرۆشتن یان منداڵە بچووکەکەی خۆیان پێشنیار کردووە بۆ فرۆشتن! ئەمە دۆخی خەڵکی وڵاتێکە کە دەیەوێت خەڵکی غەزە و وڵاتانی تر ڕزگار بکات! لایەنی سەرەکی ئەولایش کە ئیسرائیلە، نایشارێتەوە کە مافی خۆیەتی لەسەر خاکی پێغەمبەرانی بەنی ئیسرائیل بژی کە ئەوان لە نەوەکانیانن. 

لە دەرەوەی ئەو تێڕوانینە دیرۆکی و ئەفسانەییانە، ئێستە خەڵکی ئیسرائیلیش لەژێر گوشار و ترسی جەنگدان، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان ئامادەیی زیاتریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جەنگ هەیە، چونکە زۆرتر لە دۆخی جەنگدا ژیاون. جوو دوای هۆڵۆکۆست، تا ئێستە لە ترسی لەناوبردنی خۆی دەربازی نەبووە، بۆیە هەمیشە ئامادەیە، بەڵام وڵاتێکی وەک ئێران لە درێژەی ئەم قۆناغە نوێیەی جەنگدا، دەرکەوت ئەگەرچی ناتوانێت ئەم بەربەرەکانێیە بکات، بەڵام بە هیچ شێوازێکیش ئامادە نییە پاشەکشێ بكات، ئەمە ڕاستییەکە کە هەرچی زووتر ددانی پێدا بنێن بە قازانجی خەڵکەکە و وڵاتەکەشیانە. 

زۆر لە برادەرانی ئێرانگەرای باشووری کوردستان، گەورەبوونی پانتایی جیۆگرافی ئێرانیان وەک خاڵێکی سەرکەتوو و سەروەرانە لە بەرانبەر بچووکی خاکی ئیسرائیل باس کردووە، بەڵام ئەمە نەبینینی لایەنی جۆراوجۆری هاوکێشەکەیە، ئیسرائیل ڕووبەرەکەی بچووکە، بەڵام یەکگرتوویی و یەکانگیریی ناوخۆیی هەر بەراورد ناکرێت بە ئێران كە وڵاتێکە کورد، تورک، عەرەب و هەموو کەمە نەتەوە و ئاینییەکانی لە خۆی زویر کردووە و وەک کۆمەڵناسانی خۆیان دەڵێن، ئێران وڵاتێکی خشتکراو و پەڵە پەڵەیە و بە ئاسانی ناتوانێت ئەمانە لە کاتی قووڵبوونەوەی شەڕدا بپارێزێت، لە حاڵێکدا ئیسرائیل و جیۆگرافیاکەی ژێردەستی، تەنیا لە نەتەوەی جوو پێک هاتوون کە ئاین و نەتەوەکەیان هەر بە سەختی لێک جیا دەکرێنەوە، لە ناویاندا کەمینەیەکی عەرەبی جوو هەن کە بە هەموو شێوەیەک لە خزمەتی ئیسرائیلدان. ئەم ڕاستییانە لایەنی نەبینراوی ئەو جۆرە تێڕوانینانەی لەسەر بنەمای پانتایی جیۆگرافیی قسە دەکەن، ڕوون دەکاتەوە. 

لە ئەنجامدا دەکرێت بڵێین ئەوانەی وا یەکەم پریشکی جەنگیان بەر دەکەوێت، خەڵکی هەژار و داماوی ئەو وڵاتەن کە مانگەشەوە کزەکەی هەر سەر لە ئێوارەوە دیارە! هەروەتر دەتوانین ددان بەو ڕاستییەدا بنێین کە تا ئەو تێڕوانینە پەڕگیرە ئایدۆلۆجییەی دەوڵەت و وڵاتان بۆ یەکیان هەبێت، جەنگ تەنیا ڕاوەستاوە و هیچ کات کۆتایی نەهاتووە و دەبێت ئەمڕۆ یان سبەی چاوەڕوانی دەسپێکردنی بکەیەنەوە، مەخابن.