داڕمانی بەها ئەخلاقییەکان و قسەکانی ئەحمەدی حاجی ڕەشید

AM:10:58:07/07/2025 ‌
جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل لە هەلومەرجێکدا بە کۆتا گەیشت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریكا لە پاڵ بەشداری و یارییەکانی، هەوڵیشی دا ئاگری شەڕەکە تەشەنەیەکی وەها نەستێنێ کە قەیرانی گەورەتری لێ بکەوێتەوە، ئیتر یان بەپێی بەرژەوەندیی ناوچەیی وڵاتەکەی خۆی و هاوپەیمانەکانی، یا تیڕوانینی بازرگانیی بۆ ئاشتی کە هەردووکیان تەواوکەری یەکترن.  لەگەڵ ترەمپ، چەندان وڵاتی تر، لەوانە چین و ڕووسیا بەشێوە هەلپەرست و ماکیاڤیلیانەی خۆیان، پاکستان و فرەنسا و هەندێ وڵاتی عەرەبی، هەوڵیان دەدا شەڕەکە درێژە نەكێشێ، هەموویشمان تا ئەمەریکا بە B-2 لە فۆردۆ و نەتەنز و ئیسفەهانی نەدا، ئیسرائیل و تەنانەت ئاژانسیی نێودەوڵەتیی وزە و هەندێ وڵاتی ئەورووپایش، بە تەواوی قایل نەبوون شەڕەکە ڕابگیرێت، ئەگەرچی لە سەرەتاوە هەر شەڕێکی کۆنترۆڵکراو و گوێجەڕاندیان مەبەست بوو. 

واتە کۆی ئامانجی شەڕەکە دڵنیابوونەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئیسرائیل و وڵاتانی ڕٶژئاوا بوو کە ئێران بەم زووانە دەستی بە چەکی ئەتۆم نەگات و دەتوانین وەک خوێندنەوەی نەخشەی جەنگی بڵێین، بڕیاردانی ترەمپ بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی B-2، بۆ ڕاگرتنی شەڕ بوو، چونکە کۆماری ئیسلامیی دەیویست شەڕەکە ڕابگیرێت و تۆزێکیش سومعەی پارێزراو بێ، ئەوەیشی بۆ كرا لە قەتەر. ئینجا لە دۆخێکی وادا کە وڵاتانی زلهێز و ترسناك، خەریکن ئاو بە ئاگری شەڕەکەدا بکەن، یەکێک لە کوردستان لە پاش شەڕەکە قووت دەبێتەوە و دەبێت بە چاوساغ و سیخوڕ و داردەستی لایەن یان لایەنگەلێک و دەیەوێت گۆڵمەزێک بۆ کوردستان و ئەو ئارامی و ئاسایشەی هەیە، بنێتەوە!

دەکرێت بڵێین کوردستان یەکەمین وڵات بوو هێرشەکانی ئیسرائیلی سەركۆنە کرد و داکۆکی لە دانوستان و گفتوگۆ کرد، ئەمە شتێک بوو کونسوڵی ئێران لە کوردستان بە ڕاشکاوی و شاگەشکەییەوە ددانی پێدا نا، کەچی ئەندامێکی کۆمەڵی دادگەری کە نان و ئاو و هەوای ئەم کوردستانە پەروەردەی کردووە و بەناوی کوردەوە چووەتە پەڕلەمان، لە پێگەی شیکارێکی بێکاردا باسی بوونی هاوکاریی لە نێوان هێزی کوردی و ئیسرائیل دەکات! 

لە هەموو ئەم ساڵانەدا کە ئەو تۆمەتە ساختانە هەڵبەستراوە، تا ئێستە بچووکترین سەرەداو لەو بابەتە نەدۆزراوەتەوە، ئەمەیش شتێکە نەک وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەکە، بەڵکوو ئێرانیش بە باشی دەیزانێت. هەمووان دەزانن ئەو تۆمەتە تەنیا بۆ ئاژاوەنانەوە و لە خشتەبردنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی و سەقامگیریی کوردستانە. لێرەدا حەقە مرۆڤ بپرسێ، ئەم جۆرە کەسانە لە چ قوتابخانەیەکی ناتەندروست و لە بەردەستی کام مامۆستای سەرلێشێواو پەروەردە بوون کە پاش کوژانەوەی شەڕ لە نێوان دوو وڵاتدا خەریکن ئاژاوە بنێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە کە دنیایەک دوژمن دەورەی داوە و بەناو وڵاتەکەیش هی خۆیەتی و ناوی کوردستانە و تێیدا ژیاوە و پێگەی پارێزراوە؟ 

باسەکەی من لەسەر بنەما و دیسیپلینە ئەخلاقییەکانە، کام چوارچێوەی ئەخلاقی و ئاینی، بوار دەدات تۆ هەوڵ بدەی وەها بەردێک بخەیتە بن گۆمەوە و سەری دنیایەک خەڵکی تێدا بچێ؟ هەرچی تێڕادەمێنم ئەم قسەیەی حاجی لە سێ حاڵەت بەدەر نییە:
یەکەمیان ئەم مرۆڤە بە ڕاستی جاهیلە بە مانای وشە، واتە نازانێت با لێبەربوونێک لە مەجلیسێکی ئارام و بەویقاردا دەتوانێت چ ئابڕووچوونێک بێت و گومان لەسەر تەنیشتەکانیشی دروست بکات، یان خۆفرۆش و دارەدەستێکە و بۆ پێگە و پۆست لەناو کوتلەیەکی بەغدا و عێراقدا دەیەوێت هەندێک میلیشیا و لایەنی لادەر لە یاسا، دژی هەرێم ختووکە بدات و یاخۆ ئەم کابرایە لەناو بازنەی ئایدۆلۆجیای ئیسلامی سیاسیدا بە ڕادەیەک گەوجێنراوە کە خاک و وڵات و خەڵکی خۆی قوربانی بکات بۆ ئەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس یەکلا بێتەوە! شەڕێکی دەیان ساڵە کە دەیان وڵاتی عەرەبی خۆیان ناکەن بە خاوەنی جگە لە دانیشتنەکانی پشتی پەردە و حەرەمنشینییەکانیان نەبێت. واتە دەیەوێت بۆمبەکانی سەر غەزە و تەلئەڤیڤ بێن لە سلێمانی و هەولێر بدەن و لە باتی خەڵکی بێگوناهی ئەو وڵاتە کە ناوی فەلەستینە، خەڵکی بێگوناهی کوردستان بکرێت بە قوربانی! 

سۆزی کورد بۆ خەڵکی فەلەستین و دۆزەكەی بە هیچ بارێکدا نەشاراوەتەوە، بەڵام ئەم جۆرە گەوجاندن و گەوجییە لەناو جەهلێکی گەورە و مورەکەبدایە کە ئەستەمە بە ئاسانی بۆی ڕاست بکرێتەوە، بۆیە بڕیاری گرتنی لەلایەن دادگای کوردستانەوە نەک ژیرانە و بەجێیە، بەڵکوو بوێرانە و لەکاتی خۆیدا بوو، 

من نازانم دادگا وەک بڕیاری کۆتایی لەناو چ بڕگە و ژمارەیەکی یاساییدا لەگەڵی دەجووڵێتەوە، بەڵام لای من ئەو هەڵوێست و کردار و لێدوانانە لە هەلومەرجی ئێستەدا، جگە لە هەوڵدانی راستەوخۆ بۆ تێکدانی باری تەناهی کوردستان، داردەستی و پەلکێشکردنی میلیشایە بۆ سەر كورد، فرۆشتنی خوێنی مرۆڤ و بە تایبەتی کوردیشە، بۆیە داواکارم لە هەموو هاوکارانی ڕٶژنامەنووس و دڵسۆزانی خاک و نیشتمان، داوای دەرکردنی قورسترین بڕیار بۆ ئەو هەڵوێست و لێدوانە شەڕانگێز و ئاژاوەگێڕانە بکەن، بەو نیازەی مرۆڤە داچۆڕاوەكانی تری كوردیش كە دژی نەتەوەكەیان قسە دەكەن، ژیر ببنەوە.