ڕەنگە بەراوردكردن لە بنەڕەتدا کارێک بێت لۆجیکێکی پتەو پشتگیریی لێ نەکات، بەڵام بە هەر بارێکدا چاوی لێ بکەین، "بەراوردکردن" تەنانەت ئەگەر تەواو و چڕوپڕیش نەبێت، جۆرێکە لە بیرکردنەوە و گۆشەیەکی نوێ لە دیاردە یا حاڵەت یان ئەو بابەتەی تەوەری کارەکەمانە، بۆمان دەردەخات. هەڵبەت بەراوردکردنیش لۆجیکی خۆی هەیە کە عەقڵ پشتگیریی لێ دەکات، بۆ نموونە، ئێمە ناتوانین دوو دیاردەی ناهاوجنس یان ناچوونیەک پێکەوە بەراورد بکەین، وەک ئەوەی ئێمە ناتوانین چاوی مرۆڤ لەگەڵ گوێیدا بەراورد بکەین و بڵێین کامیان باش یان باشترە؟ چونکە هەرکامیان ئیشێک لە جەستەی مرۆڤدا ڕادەپەڕێنن.
دەکرێت بڵێی چاوی چەپی فڵان کەس بە بەراورد لەگەڵ چاوی ڕاستی، کزترە. ئەمە ڕێچکەی بەراوردە دروستەکەمان دەخاتە بەردەم، بەڵام ئەمە جۆرێکی بەرتەسکی بەراوردکردنە و دەتوانین جۆری بەربلاویشی وەها باس بکەین، بۆ نموونە کرێکارێک وێنا بکەن کە هەموو ژیانی بە ئیشەوە خەریک بووە، بەرانبەر کەسێک کە فەرمانبەری میرییە یان بەرپرسی کۆمپانیایەکە و لە نووسینگەیەکدا ئیشەکانی ڕاپەڕاندووە، لە ڕووی شەکەتی و گوشارەی جەستەوە، دەکرێت جیاواز بن و یەكەم زیانی زۆرتر بەركەوتبێ، بەڵام مەرج نییە لە ڕووی تەندروستییەوە ئەو کەسە لە کرێکارەکە باشتر بێ.
عەقڵ پێمان دەڵێت، بە شێوەیەکی گشتی جەستەی کرێکار کاری زۆری پێ کراوە و زیاتر لە بەردەم خەساردا بووە. ئەمە جۆرێکی دیکەیە لە بەراورد لە ئەندامێکی مرۆڤەوە (چاو) بۆ مرۆڤ و دۆخەکەی بەگشتی کە دیمەنێکی گەورەترمان لە تێڕامان دەخاتە بەردەم، بەڵام میتۆدەکە هەمان میتۆدی بەراوردکارانەیە و هاندەری تێڕامانە.
هەندێک لە لۆجیکزانان پێیان وایە، هەندێ بەراورد (مع الفارق)ـە، واتە لە بنەڕەتدا پێکەوە نەنووساون و دابڕاون و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت ئەو خاڵ یان خاڵانەیان تێدا بدزۆینەوە کە پرۆسەکە بباتە پێشێ. بۆ نموونە، بەراوردکردنی دوو شتی هاوجنس و هاوڕەگەزیش هەر دەشێت قیاس یان بەراوردی مع الفارق بێت، وەک بەراوردکردنی سەدام حسێن لەگەڵ ماندێلا! هەر لە بنەڕەتدا نەک بەپێی لۆجیک، بەڵکوو لە خەیاڵدانی ئەوانەیشدا وا ئەم دوو کەسایەتییە دەناسن، هەر ناگونجێت و مع الفارقە.
خاڵێک کە دەمەوێت لێرەدا سەرنجی بخەمە سەر و باسە سەرەکییەکەی من ڕۆڵی ئاسانکارانەی هەیە، ئەوەیە کە ڕاستە ئەم بەراوردە نەگونجاو و پێکەوەنەکوڵاوە، بەڵام لەم نەگونجاوی و پێکەوەنەنووساوییەدا، ئێمە لایەن و ڕەهەندی جیاوازتری هەردوو کەسایەتییەکە دەتوانین بە چاوێکی نوێ و قووڵەوە هەڵکۆڵین. تەنانەت کاتێک ناوی سەدام و ماندێلا لەپاڵ یەکدا دێن، دەتوانین بیر لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بکەینەوە کە باس لە دوو ژیانی تەواو جیاواز دەکات کە یەکیان شەبەنگی نوور دەوری گرتووە و ئەویتر نوقمی مەرگ و تاریکییە!
ئەم باسە زۆری دەوێ، بەڵام ئەوەی من مەبەستم بوو وەک زەوینە، ڕوونکردنەوەی ئەوەبوو کە بەراوردکردنە نەگونجاو و پێکەوەنەکوڵاوەکانیش دەتوانن تێڕامان و لۆجیکی ئێمە زیاتر و قووڵتر بکەنەوە. مەبەستی سەرەکیم لەم نووسینە، بەراوردکردنی ئەو جیۆگرافیا بچووکەی هەرێمی کوردستانە (کە ئێستە نیوەیشی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەرچووە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری 2017وە)، لەگەڵ ئەو جیۆگرافیای گەورە و بەرینەی ناوی ئێرانە و شێوازی کارکردنی دوو حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستانە.
پێشەکیی باو ئەوە بڵێم، لەم ڕووداوانەی دوایی و شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، زۆر کەس بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و دوور لە لۆجیک پێشبینیان دەکرد ئێران براوەی شەڕەکە دەبێت و بەڵگەیان بۆ قسەكە ئەوەبوو کە ئێران چەند هێندەی ئیسرائیل گەورەترە، بەڵام با بێین بزانین ئەم گەورەییە وەک جیۆگرافیایە یان تەنیا وەک هەژموون یان داگیرکرانێکی ڕەمزییە!
ئێران لە چەندان نەتەوە و ئاین و ئاینزای جۆراوجۆر پێک هاتووە، کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب، تورکمەن، گیلەکی، مازەنی، تالیشی و... ئەوەی بۆ ئێمەمانان ڕوون بووەتەوە ئەوەیە، تەنیا فارس زاڵە بەسەر دەسەڵاتدا و گوتاری سەردەست بۆ یەک زمان و یەک نەتەوە و تەنانەت یەک یان چەند شاری وەک تاران و ئیسفەهان و قووم و مەشهەدە، شوێن و شارەکانی دیکە تەنیا وەک جیۆگرافیایەک کە بەشێوەی ڕەمزی ئاڵا و داودەزگای ئیداریی دەسەڵاتی لێیە، بە جیۆگرافیای ئێران حسێب دەکرێن، چونکە ئەم شوێن و شار و نەتەوانە، لە سیاسەتی گشتیی سیستمەکەدا بە ئێران حسێب ناکرێن (با واز لە میدیاچێتی و قسەی سیاسیئامێزی ئیلیت و ڕٶژنامەنووسە حکوومی و ناحکوومەییەکانیان بهێنین)، ئێمە دەزانین هەندێ گوند و شوێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا چەند ساڵ پێش ئێستە ئاوی خواردنەوەیشیان نەبوو، لە کانی و چۆمەکان کەڵکیان وەردەگرت، ئەمە ئەو بەڵگە بەهێزە بوو کە هەندێک لە شرۆڤەکارانی ناسراو لەوانە کاکە حەمەی حاجی مەحموود باسیان دەکرد، بەڵام باسەکەی من لێرەدا تەواو نابێت و تەنیا ویستم بڵێم، وەک چۆن بەڵگەهێنانەوە بۆ شێوازی بەراوردکردنەکە دەتوانێت هەڵەیەکی سامناک بە ئیمتیازێکی درەوشاوەوە بنەخشێنێت، هاوکات دەشتوانێت ڕووی راستەقینەی دوو لایەنەکە بە کەمێک زانیارییەوە تەواو پێچەوانە بکاتەوە. واتە دۆڵپایەکی تەوەزەل کە تەنیا کلکەلەقەیەتی بە بەراورد لەگەڵ دووپشکێکی ژەهراوی بە ئاسانی دەکەوێت، بەو مەرجەی پێگە و جێگەی هەرکامیان دروست دیاری بکرێت.
ئەگەر بێمە سەر باسە سەرەکییەکە دەڵێم، بەراوردکردنی ئێران و هەرێمی کوردستان بێگومان لە زۆر ڕووەوە هەر ناکرێت، بەڵام هەرێم لە دەسەڵاتێکی نیوە فیدراڵەوە کۆریدۆرێکی بەهێزی دیپلۆماسیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە، کەچی کۆماری ئیسلامی بە دەوڵەتێکی سەتان ساڵەی سەربەخۆ و دەوڵەمەندەوە، لە لێواری داکەوتندایە، تەنانەت ئەگەر هیچ هێزێکی دەرەکیش نەیەتە سەری!
هەرێمی کوردستان لە ڕاپەڕینی 1991ـەوە تا ئێستە نەک هەر لەگەڵ عێراق، بەڵکوو لەگەڵ سێ دەوڵەتی تری دراوسێ کە دۆزی کوردیان تێدایە، دەستەویەخەیە و زۆربەی زۆری کاتەکان قەیران و کێشەکانی بە دیپلۆماسییەکی گونجاو و ژیرانە چارەسەر کردووە، کەچی کۆماری ئیسلامی لە لیستی چەند وڵاتی دیاری پێشێلکەری مافی مرۆڤدایە.
هەرێمی کوردستان بە کەمترین دەستڕۆیشتوویی و ئابوورییەوە لە چاوەی ئێران پێوەندیی نێوان حکوومەت و خەڵک بە هەموو کێشەیەکەوە هەر بەراورد ناکرێت، بۆ سیستمێک کە تەنانەت هەندێک لە ناوەوەی خۆیشیان ئیتر تاقەتیان لێی نەماوە! ئەم لیست و یوارانە دەکرێت بۆ دەیانی دیکە درێژ بکرێتەوە و نموونەی بۆ بهێنمەوە، بەڵام تا ئێرە بابەتەکە ڕوونە و دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین کە لە قووڵایی هەر قەیران و کێشە یان هەر درەوشاوەیی و پێشکەوتنێکدا، بەراوردکردن دەتوانێ هەلی ئەوەمان بداتێ تا جۆرێکی تر بابەتەکە ببینین و خۆمان و وڵاتمان بە کەم نەبینین و لۆجیکیانە و بەبێ بڕیاری پێشوەختە، شتەکان هەڵسەنگێنین.
لە کۆتاییدا دەبێت بڵێم، هەر دەسەڵاتێکی دیکە لە باتی باشووری کوردستان بوایە، ئێستە خوا ئەزانێ کام سووریا یان ئەفغانستانی کۆن یان نوێ دەبوو.