لە سووریا چی دەگوزەرێت و كورد چی بكات؟

PM:12:15:17/07/2025 ‌
بەپێی گێڕانەوە ئیسلامییەکان، شەڕی ئاخرزەمان لە وڵاتی شامە کە بە هەندێک جیاوازی گەورە و بچووکەوە، دەکاتە سووریا. بابەتەکە ئەوە نییە کە ئێمە بڕوامان بە گێڕانەوە ئیسلامییەکان هەیە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە، ئیسلامییەکان و هێزە توندڕەوەكان كە لە چوارچێوەی ئیسلامی سیاسیدا خۆیان پێناسە دەکەن، باوەڕیان پێیەتی! دیمەنی هێرشی بەدەوییەکان بۆ سەر سوێدا و بێڕیزی بە پیاوانی گەورە و خەڵک و خوایان، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو دیمەنانەدا نەبوو کە داعش لەگەڵ ئێزیدییەکان و هەموو ئەو خەڵکانەی دەکرد کە لەناو ئایدۆلۆجیای ئەواندا نەبوون! جیاوازییەک ئەگەر هەبێت، لە قووڵایی و بارستایی تاوانەکەدایە، ئەینا لە خواستی تاوان و بێباکیی لە ژێرپێخستنی هەرچی کەرامەتی مرۆڤە، هەر هەمان داعش و مێشکە داخراوەکەی بوو! 

ڕەنگە ئەگەر ئێستە لە خۆمان بپرسین داعش چ جۆرە گرووپێک بوو؟ بە ئاسانی نەتوانین وەڵامی بدەینەوە، بەو مانایەی ئێمە و هەمووان دەزانین گرووپێکی توندڕەوی ئیسلامی سیاسی بوو کە خوازیاری دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامیی بوون، بەڵام ئەمە پێناسە ڕووکەشەكەیە، داعش هێزێکی ڕێکخراو و فرەسەر و فرەبەشدار بوو کە وەک بایەکی ژەهراوی و کارەساتبار، تۆزی نەفرت و نەگریسیی پێشانی هەموو ناوچەکە دا، بەتایبەتی بە خاک و وڵاتانی کورداندا.

لە مولوولەکانی داعشدا هەم دەقە ئیسلامییەکان دەگەڕان و هەمیش فرمانەکانی قەتەر و ڕیاز و هاوکات فیکە و ئاڕاستەکردنەکانی تورکیا، چەپڵەی وڵاتانی ڕٶژئاوایی و هاوکات تێخووڕین و لێدانیان، کۆی ئەم گومان و ئەگەرانە، وایکردووە ئێمە بە ئاسانی نەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارەی لە سەرەوە خستمە ڕوو، بدەینەوە. بەڵام باسەکەی من لێرەدا داعش و سەرچاوە ئایدۆلۆجیییەکان و هاوکارە نهێنی و ئاشکراکانی نین، تەنیا شوبهاندنی ئەو وێنە دزێو و قێزەونانە بوون کە ئەمڕۆژانە لە میدیای جبهانیدا بڵاو دەبنەوە و بە زۆر و ئەوپەڕی سووکایەتییەوە سمێڵی پیاوی ئاینی و ئاسایی و گەنجانیان بە بێڕێزی دەتاشی و بە خەنازیر یان بەراز (بەرازەکان) ناویان دەبردن!

سەرەڕای قێزەونی و دڕندەیی ئەو ڤیدیۆ و کردەوە و سووکایەتیانە کە ناخی هەموو مرۆڤێک جگە لە ئایدۆلۆجیستە توندڕەوەكان و ملکەچانی پرۆژە ئیسلامی-سیاسییەکانی سعوودیە و قەتەر، ئەم پرسیارە زەق دەبێتەوە، ئایا بە ڕاستی لە سووریا چی دەگوزەرێت و ڕووداوەکان بەرەو کوێ دەچن؟ ئاخۆ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و ڕەنگە بە گوشاری ئیسرائیل، دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر بە ڕاستی دەیانەوێت تەواوی نەخشەکە بگۆڕن یان نا تەنیا دەیانەوێت یاسای لۆجیکیی هێزەکان لەسەر زەوی ناوچەکە باشتر ببینن و بنوێنن و وەک تۆم باراک باڵوێزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری سوریا، بە ڕاشکاوی و بڕێکیش بە دەسلەخۆبەردانەوە دەریبڕی، دەیەوێت پێشانی بدات کە سووریا ئەگەر دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێزی نەبێت، ئەوا هەموو لایەن و هێز و گرووپێک بەر دەبنە گیانی یەک! 

ڕەنگە ئەمە یەکێک لەو ئەگەرانە بێت کە مێنتاڵیتەی خۆشباوەڕانەی کورد نەپەرژێتە سەری و وا بزانێت ڕووداوەکانی سوێدا بە مانای ئەوەیە سووریا لە بەردەم دابەشبوونێکی ڕاستەقینە یان لەخۆگرتنی دۆخێکی کۆنفێدراڵی یاخۆ فیدراڵیدایە، بێگومان ئەمەیش یەکێکە لە ئەگەرەکان، بەڵام بیرمان نەچێت ناكرێ لێدوانەکانی ئەم دواییەی تۆم باراک نەدیو بگرین و دەبێت زۆر ڕژد بیخوێنینەوە لەگەڵ ئەوەی کە ڕەنگە هەر لێدوان بووبێت بۆ تاقیکردنەوەی قورسایی و سەنگی هێزە جیاجیاکان لە گۆڕەپانەکەدا بێت، بەڵام بە هەموو ئەم ئەگەرانەوە، سوریا لە بەردەم دابەشبووندا بێت یان نا، ئیسرائیل ئەمەی بوێت و بیەوێت ئەمەریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی پێ ڕازی بکات، یان نا، نمایشێکی دڕندانەی دیکەیە كە کۆلۆنیاڵیست و زلهێزەکان بێت، بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە خۆمان دەبێت فریای وەزعەکە بکەوین و هەرچیشمان کرد مەمنوونمان بن و بەسەرتاندا دەسەپێنین! 

لە ناو ئەم پشێوی و گەڕەلاوژیەدا، کورد دەبێت خۆی وەک هێزێکی فەرمی و خاوەن کیان و دەسەڵات بناسێنێت، بەو مانایەی دەست لە ڕاڕایی گوتار و دەربڕین هەڵگرێت و بە ڕوونی لەسەر پێوەندیی بە چارەنووسی درووزەکان، وەرگرتنی هاوکاریی لە هاوپەیمانی دەرەوە، جیاوازیی تێڕوانینیان بۆ کۆی حوکمڕانی و دنیا، لەگەڵ جۆلانی و داعشی بۆینباخ لەمل و زۆر شتی دیکە بخاتە ڕوو. ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت بزانێ، ئەگەر ئەوە بکات پشتیوانیی کوردانی پارچەکانی تریشی هەیە، بە ڕوونی لە هەمبەر ئەو قسانەی باراک بوەستنەوە و لە حاڵەتی خۆماتكردن و دەست بە کڵاوی خۆگرتنەوە دەرچن و ئاماژە بە کڵاوەکانی ئەوانیش بکەن. 

پێم وابێ ئیتر ئەو ساتە گەیشتووە کە ئیدارەی ڕۆژئاوا پلان و پرۆژەکانی بۆ داهاتووی سیاسیی سوریا و ڕۆژئاوا ڕوونتر بڵێت و بە کردەوە بەو هێزە چالاک و زۆر و بە ئەزموونەی لە بەردەستیدایە، ئامادەی شەپۆلی پێشهاتەکان بێت.