میلیشیاکان و لێدانی ئابووریی کوردستان

AM:11:49:19/07/2025 ‌
دەستەواژەی میلیشیا لە ئەدەبیاتی سیاسیی هەموو وڵاتاندا، ئاماژە بە هێز و گرووپی نایاسایی یان لە یاسا دەرچووە و بەشێوەی باو و بەپێی لۆجیکی یاسا، قاچاخ و تاوانبارن و دژی ئاسایشی ئەو وڵاتەن. بەڵام مەرج نییە ئەم تێڕوانینە یاساییە کە دەنگی نوێنەرانی کۆمەڵانی خەڵکیشی لە پەڕلەمانی ئەو وڵاتەی بۆ دراوە، بە وردی و دەقیقی جیبەجێ بێت، چونکە لە هەندێک وڵاتدا هێزی میلیشیا بۆ بەکارهێنانی لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراوی دەسەڵات یان لایەنێک، دادەمەزرێن و كۆمەك دەكرێن و لە کاتوساتی پێویستدا ئاڕاستە دەکرێن. بە کورتییەکەی میلیشیاکان ئەو دەستە پیسانەن کە کارە پیسەکانی دەسەڵات یان لایەنێکی پیس بە نیازێکی پیس بە ئەنجام دەگەیەنن. 

زۆربەی ئەم میلیشیایانە بە شێوەیەکی شاراوە لەلایەن هەواڵگری یان دەزگای تری ئەو وڵاتەوە دادەمەزرێن و ئاڕاستە دەکرێن. لە دوای هێرشی ئەلقاعیدە بۆ سەر بورجە دوانەییەکانی ڕێکخراویی بازرگانیی جیهانی لە 11ی سێپتەمبەر و دواتر هێرشی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر ئەفغانستان و ڕاوەدوونانی ئوسامە بن لادن و کلکەکانی، تاقمێک لەوانەی قاعیدە بەرەو پاکستان ڕۆشتن، بەو وڵاتە ئیسلامییە خاوەن چەکی ئەتۆمی و یەکێک لە گەورەترین و بەهێزترین سیستمە هەواڵگرییەكانی دنیا، بڵاو بوونەوە. پاش تەفروتونابوونی قاعیدە و دامەزراندنی دەوڵەتی کاتی لە ئەفغانستان لەلایەن ئەمەریکا و ڕۆژئاواوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بیریان لەوە کردەوە ئەو دەستە و تاقمەی قاعیدە کە ئاودیوی سنوور بوون و ناو بەناو ئاودیو دەبوونەوە بۆ ئەفغانستان و تەقینەوە و خۆكوژی دەکەن و دواتر دەکشێنەوە، بەشێوەیەک کۆنترۆڵ بکەن و بیانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بۆ ئەم کارە دانوستان و گفتوگۆیان هەڵبژارد و پاکستانیان کرد بە نێونج و دیلماجی خۆیان! 

زۆریان ڕێسا و زۆریان بوونەوە خوری! کات و پارەیەکی زۆر خەرج کرا، بەڵام پرۆژەکە هەر سەرنەکەوت! دواجار ئەمەریکا لە ڕێگەی سیخوڕێکی خۆیەوە تێگەیشت ئەم هێزانەی قاعیدە کە هاتوونەتە پاکستان، هێزی هەواڵگری پاکستان ڕێکی خستوونەتەوە و دژی ئەمەریکا بەکاریان دێنێت! پرۆژەکە بەشێوەیەکی وا نهێنی لەلایەن پاکستانەوە جێبەجێ کرا، ئەمەریکا لە سەعاتی سفردا زانی، ئەمانە ئەو میلیشیا هەڵهاتووانە بوون کە پاکستان دەیویست بە جۆرێک لە سێبەری یاسادا کاریان پێ بکات و من پێیان دەڵێم میلیشیای نیوەیاسایی! 

ئەمانەم وەک بەراییەک باس کرد، تا بێمە سەر ڕۆڵی میلیشیا نیوەیاساییەکان (یان ئەگەر بڵێین تا کاتی گونجاو نیوەیاسایی هەر ڕوونە) لە سیاسەتی هەرێمی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا لە پاش شەڕی سووریا بە دیاریکراوی و دواتر ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، تا نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و تا ئەم هێرشەی بەدەوییەکانی باشووری ڕۆژئاوای سووریا بۆ سەر درووزەکان، سەرنجدان بە کۆی ئەم ڕووداوانە کە بە دڵنیاییەوە پانتاییەکەی هەر لە سوریادا کورت نەبووەتەوە، بۆمان دەردەخات کە دوو چەک یان توخمی نوێ وەک ئامرازی ڕەقی جەنگ لە گۆڕەپانەکەدا ڕۆڵی دیار و کاریگەر دەگێڕن، یەکەمیان درۆن و دووەمیان میلیشیاکان. 

باسی درۆنەکان باسێکی سەربەخۆ هەڵدەگرێت و دایدەنێم بۆ کاتێکی دیکە. بەڵام میلیشیا بە نیسبەت کوردەوە هەم لە ڕۆژئاوا و هەم لە باشووری کوردستان، گەورەترین و ترسناکترین کردەوەیان كردووە. هەم میلیشیاکانی سووریا و هەم میلیشیاکانی عێراق، کورد بە مەکینەی دوژمنخوازیی خۆیان دەزانن. لە هەردوو پارچەکەیشدا نیوەیاسایین و بگرە هەندێ چرکەسات هەبێت کە لە سەرووی یاسایشەوە بن! 

لە باشووری کوردستان میلیشیا عێراقییەکان ئەو دەستە پیسەن کە کارە پیسەکانی لایەنە نیاز پیسەکانی دژە کورد جێبەجێ دەکەن. میلیشیاکانی عێراق سێبەری خەست و خۆڵیان بەسەر بڕیارەکانی دەوڵەتەوە هەیە و بە پێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەکرا، سوودانی لەوە ترسنۆکتر و بێ دەسەڵاتتر بوو کە سەرەڕای هەموو پشتگیرییەکانی ئەمەریکا، سنوورێک بۆ وەحشیگەریی و دڕندەیی ئەمانە دابنێت! 

بێگومان تا ئێستە بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە دەستێکی بەهێز یان یاسایی یان سەروویاسا لە پشتی ئەم میلیشیایانەوەیە کە ئێستە نیوەیاسایی خۆیان پێشان دەدەن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمانە کۆمەڵێک ئایدۆلۆجیست و تیرۆرستی هاوشێوەی قاعیدە و داعشن کە ڕێکخستنیان بۆ کراوە و لە عێراق یاسایشیان بۆ دەركراوە، پێم وایە وڵاتانیش دەستیان تێدا هەیە و داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها پەرەپێدەرانی ئیسلامی سیاسیی ناوچەکە، ناوە یەکەمینەکانن! تەنیا لە ڕێگەی میلیشیای تاوانکارەوە دەکرێت کێڵگەی نەوتیی هەرێمێکی بەهێز و فەرمی بکرێتە ئامانج و سڵ لە لێكەوتەكانی نەکرێتەوە! 

لێدانی چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی زاخۆ، دهۆک، هەولێر و کەرکووک، نیشانەی ئەوەیە ئەم هێزانە هەم زانیارییان هەیە و هەم ئامانجیشیان دیارە! ئەم لێدانە واتە دەسدرێژیی بۆ سەر سەروەریی دەسەڵاتی کوردی و کەرامەتی خەڵکی کوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەو فرمانە بە پەلەیەی کە بە ڕواڵەت سوودانی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەمە دەریکردووە، بە دەردی هەمان ئەوانەی پێشوو دەڕوات و هیچی لێ بەرهەم نایەت! میلیشیاکان یان با بڵێین ئەربابەکانیانیش بە باشی لە یاسای یارییەکە دەزانن بۆیە هیچ یاسایاکیان بۆ گرنگ نییە! 

ئەم کردانەی میلیشاكانی عێراق، درێژەی هەمان سیاسەتی گوشاری ئابووریی سەر هەرێم و نانبڕینی خەڵکەكەیەتی، لەمەیاندا ئامانجەکە لێدانی ڕاستەوخۆی شادەماری ئابووریی کوردستانە، بۆیە دەبێت کورد بە ڕژدی و شێلگیرییەوە لە پاڵ سەركۆنەی ڕوون و ڕاشکاوی ئەم کردانەدا، جووڵەیەکی دیپلوماسیی بەهێزیش بخاتە گەڕ، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم میلیشیا تاوانکارە بێ ڕەشۆیانە کە لەژێر سێبەری یاسای عێراقدا، بە خوێن و کوشتن و تێکدان کاتی خۆیان خۆش و گەش دەکەن.