ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هیچ هێز، دەسەڵات و لایەنێکی حوکمڕان چ لە قەوارە و قەڵەمڕەویی بچووکی پێشمۆدێڕندا و چ لە پانتایی و هەرێمی گەورە و مۆدێڕندا، بەبێ سیستمێکی ئابووریی گشتی، مۆدێڕن یان پێشمۆدێڕن، تووشی قەیران و دواجار لە ئەگەری بەردەوامبوونی قەیران هەڵوەشانەوە دەبێت. لە هەموو سەردەمەکاندا بژێوی و قووتی خەڵکی هەرێم یان ناوچە یان وڵاتێک وابەستەی خاک و ژینگەی خۆیان بووە، هەر کاتێکیش خواستی دەسەڵاتخوازی و داگیرکاریی لە حکوومەتێکدا زیادی کردبێت، ئەوا جەنگە گەورەکان ڕوویان داوە.
نموونەی ئەمە لە مێژووی کۆندا، ڤایکینگەکان بوون کە جگە لە زستان و سەرما و دەریا و هەندێک هەرێمی بە پیتی بچووک، شتێکی ئەوتۆیان بۆ تێپەڕاندنی ژیان نەبوو، لەو سەردەمە دوورە دیرۆکییەدا، ڤایکینگەکان دەستیان دایە داگیرکاری و بە یەکگرتوویەیی زۆربەی شانشینەکانیان (هەڵبەت بێ کێشە و دووبەرەکیش نەبوون) بەرەو ڕۆژئاوا و باشووری جیۆگرافیای وڵاتەکەیان، واتە ئینگلیز و فرەنسە و تەنانەت ئیسپانیاش جووڵەیان کرد، ئەمە ئەو چرکەساتە بوو کە لەپێناو تێرکردنی زگی خەڵکی خۆیان ڕووبەڕووی شەڕ بوونەوە، ئەم شەڕە دواتر بوو بە شەڕی ئایدۆلۆجیا و لایەنی قووڵتری لێ کەوتەوە و درێژتر و درێژتر بووەوە، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەوەی یەکەمین تیری شەڕ دەهاوێژێت، زانایانە یان نەزانانە، دەرگای شەڕێک بەرەو پانتایی مێژوویەکی دوورودرێژ دەکاتەوە.
کاتێک هێزی ڤایکینگەکان بە کەشتییە گەورەکانی خەریکبوون دەگەیشتنە کەناراوەکانی ئینگلیز و شانشینەکانی فرەنسا، لە کڵێسە و دەربارەکانی ئەواندا باسی کۆمەڵێک شەیتان و کافر دەکرا کە خەریکن لە ئاوەکان دەپەڕنەوە و دەیانەوێت هەموو ڕەمزەکانی مەسیحییەت و پیرۆزیی بنپێ بخەن! شەڕەکان لە نەبوونی خۆراکی پێویست بۆ خەڵکی کۆمەڵێک شانیشینەوە سەرچاوەی گرت، بەڵام بوون بە شەڕێ ئاینی و نەتەوەیی و هەزاران کەسی تێدا بووە قوربانی و دەریایەک خوێن ڕژا! ئەو سەردەمە جیهان هێندە پێشکەوتوو نەبوو کە ڕێژەی برسێتی کەم بکاتەوە و لە ڕێگەی ئامرازە هەرە پێشکەوتووەکانی دانەوێڵە و زەوییەکان پاراو و بە پیت بکات و برسێتی لە مانایەکی ڕەهاوە بکات، بە مانایەکی ڕێژەیی!
ئێمەی کورد نەتەوەیەکی قانیع و گۆشەنشین بووین، هەمیشەی مێژوو بە نانێک تێر و بە هەزاران برسی بووین! تەنانەت شاعیرەکانی ئێمە زۆربەی زۆریان لە ژیان و بەڕێکردنی سۆفیئاسا و سكبرسی بوون، بەڵام بە دەگمەن دەبینین گلەییان لە زگی برسی و جلی شڕیان هەبووبێت! ئەگەر باسێکی وایش کرابێت، زیاتر بە مەبەست و زایەڵەیەکی عاشقانە بووە!
ئەم تایبەتمەندییە ئەگەرچی ناکرێت بەشێوەی ڕەها ئەرێنی بخوێنرێتەوە، بەڵام لایەنە درەوشاوەکەی ئەوە بووە کە کورد بە کەرامەت و دوور لە ستەم و داگیرکاری ژیانی داوەتە سەر، ئەخلاقی بێوێنەی مێوانداری و غەریبنەوازی و خوانداریی مێژوویی کورد هەر لەمەوە ه هاتووە، ئەگەر لایەنەکانی دیکەی ئەم تایبەتمەندییە مێژوویی و شارستانییەی کورد هەڵسەنگێنین و بە پێوەری ئێستە بیخوێنینەوە، ئەوا ڕەنگە بەو ئەنجامە بگەین، ئەگەر کوردیش هاوشێوەی ڤایکینگەکان بەپێی پێداویستییەکانی ژیان یان تەنانەت چڵێسی و سەرەڕۆیی دەستی داگیرکاریی بۆ پاوان و خوان و مەزاری وڵاتانی دیکە و دراوسێ ببردایە، ڕەنگە ئێستە لە دۆخێکی دیکەدا بژیایە، بەڵام ئەوەی چوو، ڕۆشت و ناگەڕێتەوە.
قسەمان لەسەر خوانی ئێستایە، بەغدا یارییەکی سیاسیی قێزەون لەگەڵ قووت و خوانی خەڵک دەکات، یارییەکە لە سەمای کچێکی ناو باڕێکی گەورە دەچێت کە لە هەر قونبادانێکدا دەمامکێک لە خۆی هەڵدەبەستێ کە گوزارشت لە کوتلە و هێزی جیاوازی گۆڕەپانی سیاسیی بەغدا دەکات، کۆمەڵێک دەمامک لە چرکەسات و سووڕانەوەی بەردەوامی سمت لە بەردەم میواناندا پێمان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەو دەمامکانە، هاوکات هیچیشیان نییە بە تەنیا!
ئەمە ئەو پەیامەمان دەداتێ کە لە بنەڕەتدا بەغدا نایەوێت نەتەوەیەک بە ناوی کورد و کیانێک بە ناوی کوردستان دەستی بگاتە دەمی، دەستی بگاتە دەمی تا زیاتر بیر بکاتەوە، تا ڕەنج و ئازارەکانی لە بیر بکات و چاوێک بە دەوروبەری خۆیدا بگێڕێت و دۆست و دوژمنی خۆی بناسێت. نایەوێت کوردستان ئەو وڵاتە بێت کە تەنانەت عەرەبە نەخوێندەوارەکانی دەشتەکانی خوارەوە ڕووی تێبکەن و هەناسەیەکی تێدا هەڵکێشن.
بە سەرنجدان بەو حیکایەتە مێژووییەی سەرەوە، لێرەدا هاوکێشەیەکی تەواو جیاواز زاڵە، سەردەمەکە سەردەمی مۆدێڕنە، لە عێراقدا برسێتیی نییە، بەڵام کورد برسی دەکرێت، گەندەڵیی لەوپەڕی خۆیدایە، پارەی بەلاش و بێ حیساب و کیتاب دەدرێت بە میلیشیا، تا مۆڕە لە کورد بکەن! زگی بەرپرس و پلەدار و دەوڵەتداریان وەک سەردەمی جاهیلی شۆڕ بووەتەوە، ئەمەریکا بە دۆلار هاوکاریی مانگانەیان دەکات، بەڵام مووچەی خەڵکی کوردستانیان بە بارمتە گرتووە!
واتە ئەم خواستەی بەغداد نەک بۆ ئەوەیە کە پارە و... بەشی ناکات، بەڵکوو بۆ ئەوەی دیسانەوە تامێک لە داگیرکاریی باوباپیرانیان بکەنەوە، تامێک لە چڵێسی و شەهوەتی هێز و دەسەڵات، ئینجا لەسەر حسێبی کێ؟ هی نەتەوەیەک کە ئەنفالیان کردووە و تەخت و تاراجیان لە 100 ساڵی ڕابردوودا تێک داوە! ئینجا برا و خوشکی خۆشباوەڕی وامان هەیە، داوای ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی دەکات و دەیەوێت ئەم کەمتیارە برسییە، پاش حەپەلوشکردنی بڵێت، ئەوە بەشی تۆشم داناوە و بڕۆرەوە بۆت دەنێرم.