بەغدا و بەدەوییەتی وشتر

AM:11:37:21/07/2025 ‌
یارییەکانی بەغدا تا دێت زیاتر و زیاتر ڕوون و بێ ڕووپاماییتر دەبن، هەرچەندە ئێمە دەبوو زووتر و ڕەهایانەتر بەم ئەنجامە بگەیشتینایە کە سیاسەتی پەمۆی حوکمڕانانی بەغدا پشتی بە شمشێرە خوێناوییەکەی مێژووی بیابان و ڕافزییەکانی کووفە و کەربلا بەستووە، بەو مانایەی ئەگەر هەندێ جار نەرمییەک لە ئەتەکێتی دیپلوماسیی بەغدا و هەندێ بەناو دۆست یان هاوپەیمانی کورددا پێشان درابێت، ئەوا بێگومان نەک لە سیاسەتە یاریکار و ناجوامێرانە ماکیاڤێلییەکەی ڕۆژئاوا، بەڵکوو لە سیاسەتە دڕ و داگیرکەر و خوێنپەرستەکانی عرووبەوە هەڵقولاوە! 

ئەگەر تۆزێک ختووکەی یادگەی خۆمان بدەین، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی "بارزان"دا، سوودانیمان بینی پاش پەخشکردنی دۆکیۆمێنتاریی لەسەر مەلا مستەفای نەمر، جۆرە زمانێکی جەستە و ڕووخساری بەکار هێنا، وەک بڵێی لە هەموو ئاخ و زاخی مێژووی کورد و خەم و مەینەتییەکانی گەیشتووە و لە بنەوەی تاریکییەکانی وجوودی مرۆیی خۆیدا، بەڵێن بە خۆی دەدات و لۆمەی باوباپیرانی دەکات و گوێچکەی مێژووی دڕندە و کوردکوژی خۆی با دەدات و لای خۆی ڕێک دەکەوێت کە دەبێت ئەمانە بۆ کورد قەرەبوو بکەمەوە، دەبێت ئەم مێژووی خەبات و خوێنەیان قبووڵ بکەم و لانیکەم مافی خۆیان بەپێی یاسا و ڕێکەوتنەکان بدەمێ! 

بەڵام ئەمانە تەنیا یارییەکانی ناو شاشە بوون و هەرزوو بۆمان دەرکەوت ئەو بەغایە نە لەژێر دەسەڵاتی سوودانییە بە تەنیا و نە سوودانیش ئەو مرۆڤە شووشەیی و بە ویژدانە بوو کە کەناڵەکان لەو ڕۆژەدا یارییەکانی چاو و لێو و نیگایان دەگواستەوە. زۆر کەسی دڵسۆز و بە ئەمەك لەبارەی عێراقی دوای 2003 قسەیان کردووە و بەردەوام هۆشدارییان داوە کە ئێمە دووبارە نەچینە ناو قەفەسی گورگەوە و خۆمان و داهاتوومان بە گورگانخوارد نەدەین! لە بیرمە ئەوکات وتارێکی ڕێبوار سیوەیلیم لەژێر ناوی "قەفەسی ئاسنین (یان بۆ ببمەوە بە عێراقی؟)" لەسەر یەکێک لە ماڵپەڕەکان خوێندەوە، ئەوکات لەگەڵ ئەوەی ئەو جۆرە ڕادیکاڵیزمەم بە لاوە بەرز و بەڕێز بوو، بەڵام ڕام وابوو ئەگەر بڕیارە دیموکراسییەک لە ناوچەکەدا تاقی بکرێتەوە، بە سەرپشکیی کورد دێتە ئەنجام و باشتریش وایە لە عێراقێکی فرەئاین و فرەنەتەوە و پڕ لە تەنگوچەڵەمەوە دەست پێ بکات. 

ئێستە دوو دەیە زیاتر لەو وتارە و ئەو تێڕوانینەی من بۆ وتارەکە تێپەڕیوە و مێژوویەک شایەتیی ئەوە دەدات، گۆڕانی دروست و بژاردەی ئاوەزمەندانە لە هەناوی ڕادیکاڵیزمێکی ژیرانە و مەعریفییەوە دێتە دەرەوە. بەو مانایەی ڕاستە ئێمە هەوڵمان دا دیموکراسی و عەلمانیەت و بەها بەرزەکانی هیومانیزمی ڕۆژئاوایی کە بێگومان بەرز و بە پێگەن لە عێراقدا، جێگیر بکەین، بەڵام ئایا ئەمە تەنیا لایەن و دەلاقەی وڵاتی ئیبراهیم و دەیان پێغەمبەر و هاوکات چەندانی وەک سەدام و بەعسییەکان بوو؟ 

ئەم وڵاتە بەر لە سەردەمی مۆدێڕن و قۆناغی دەوڵەت-نەتەوەکان، واتە بەر لە سایکس-پیکۆ، خیانەت و غەدری نێونەتەوەیی لە کورد، هەر وڵاتی خوێن و شەڕی دەسەڵاتی برایانی ئەمەوی و عەباسی بوو، دواتریش میرانەکەیان لەسەر دەستی عوسمانییە نێرجزییەکان جگە لە نەهامەتی و بێ ماڵ و حاڵی، هیچی بۆ کورد بە دیاری نەهێنا! ئێستەیش دوای ئەو هەموو ساڵە، هەمان تاس و حەمامە! 

جیاوازییەکی کولتووری و مێژوویی و مرۆیی، بەشێوەیەکی پێکهاتەیی و بنچینەیی لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەیە، بەشێوەی پێکهاتەیی واتە ئەو توخم و ئێلێمنتانەی بەشێوەی جەوهەری و نەگۆڕ لە کۆنەستی نەتەوەکاندا هەیە، ئەوان خوێن و کۆیلەخوازی و باج و خەراجیان لە ئاین و نەتەوەکانی دیکە دەوێت و ئێمەیش ئازادی و ئاشتی و ڕێزگرتن لە هەموو ڕایەکی جیاوازمان ویستووە. ئەمە هەمان خاڵ و تێبینیی درەوشاوە بوو، پاش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە وتاری سەرۆک بارزانیدا بیستمان. 

جیاوازییەکە لە بنەمدا کولتوورییە، کولتوورێک کە کورد بێت و کەلاوەشیان بۆ دەکاتەوە بە کۆشک و شوێنی حەوانەوە و مەدەنییەت، کولتووری ئەوانیش لە قووڵایی عەرعەر و بیابانەوە هاتووە، هەموو هێماکانی نەتەوەیەکی خەباتگێڕ و شەرەفمەندیان لە کەرکووک دایە بەر قەپی شۆڤڵ و ماڵ و حاڵی خەڵکیان لە تووز تاڵان کرد و مریشکیان دزی! 

ئێمە کە عێراقمان بنیات نایەوە بەو ڕۆحیەتە مرۆییەی لە پێکهاتی کولتووری گشتی و سیاسیماندا هەبوو کردمان، ئەوەی ئەوانیش کردیان و دەیکەن، بەپێی هەمان کۆنەستی بەدەویی کولتووریی خۆیانە! ئێمە ئاوێنەی بێگەردی مێژوو و کولتووری خۆمان بووین و لەو ڕووەوە هیچمان لە کیس نەداوە، بەڵام ئەوەی ئێستە ئەوان دەرهەق بە کورد و ماف و قووتی خەڵکی کوردستان دەیکەن، دەرەنجامی هەمان خواستی کۆیلەداری و خوێنمژییانە، هەروەک لە شوێنی تریش خوێندوومانەتەوە و بیستوومانە. 

عەرەب یاساکانی قورعانی وەلا نا، پێوەری هەموو شتێکی کرد بە عرووبە، نەک تەقوا و ناوەرۆکی ئایەتەکان، ئەینا سڵی لەو هەموو نانبڕین و مووچەخواردن و گزی و فزییە دەکردەوە کە دەرهەق بە نەتەوەیەک دەیکات کە ئەگەر لە خۆیان زیاتر لە مێژووی ئیسلامدا خزمەتیان بە خودا و کتێب و پێغەمبەرەکەی نەکردبێت، ئەوا کەمتر نەبووە.

پێم وایە نە بەغدای ئێستە و نە بەغدای داهاتوو نابن بەو ماڵە گەورە و پشت پێ بەستراوەی کە دەبوو ببن، هەروەک چۆن لە هیچ قۆناغێکی ڕابردووشدا نەبوون، بۆیە ئومێد دەکەم کورد و ئیرادەی سیاسیی کورد ئەم ڕاستییانە زیاتر ببین و باوەڕی پێ بێنن و بیر لە ڕێگاچارەیەکی یەکجاریی و یەکلاکەرەوە بۆ ڕزگاریی و سەربەخۆیی بکەنەوە، چونکە بەغدا بەدەوییەتێکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە کە وشترەکانی بیابان لە هەڵگرتنی و تەحەمولکردنیدا، بێ وێنەن و هیواداربوون بە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی چارەساز و ڕاستەقینە، بۆ هەمیشە دەخنکێنێت.