ئایا سوریا دابەش دەبێت؟

AM:11:02:24/07/2025 ‌
کاتێک لە 2020 - 2021 ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان کشایەوە و تاڵیبان لە ماوەیەکی چەند ڕۆژەدا دەستی بەسەر وڵاتدا گرتەوە و گەڕانەوە شوێنی جارانی خۆی! بەشێکی زۆری خەڵکی جیهان وەک ئەوەبوو چاو لە فیلمێکی خەیاڵی بکەن، دیمەنی خۆهەڵواسینی هاووڵاتییانی ئەفغان بە فڕۆکەی ئەمەریکاییەوە لە کاتی فڕیندا، فیلمە ئەکشن و زانستی-خەیاڵییەکانی هۆلیوود و بۆلیوودی بە بیر دەهێناینەوە، بەو جیاوازییە جەوهەرییەی کە ئەمەیان فیلم نەبوو، واقیعێکی نوێ و چاوەڕواننەکراو بوو، وەک خەون دەهاتە بەرچاو، خەونێک کە لە پشت گێڕانەوە و نواندنی فیلم و دراماکانەوەیە، دواتر ئەم تاقمە تازەیەی تاڵیبان چۆن لەگەڵ وڵات جووڵانەوە و چ جۆرە دیپلۆماسییەکیان هەڵبژارد و جیهان چۆن قبووڵی کردنەوە؟ باسێکی دوورودرێژە. 

بەڵام کشانەوەی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان، ڕەنگە یەکەمین نیشانەی کردەیی ئەو نەزمە نوێیە بووبێت کە ئێستە لە سوریا دەیبینین، بۆیە باسەکەم بە سوریا کورت دەکەمەوە، چونکە پانتایی ڕووداوەکان و لێدوان و هەڵوێستەکان لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بە جۆرێك ئاڵۆز و تێکئاڵاو و بەرینە، بە ئاسانی لە یادداشتێکدا بۆمان کۆ ناکرێتەوە. بۆ ئەم ڕاستییە هەر ئەوەندە بەسە کە ئاماژەی بەو دزە سەیر و باوەڕپێنەکراوەی ئیسرائیل بۆ ناو دەزگای ئەمنی و زانیاریی کۆمار بکەین کە ئێستەیش سەرەڕای هەموو قسە قەبە و هەڕوگیفەکانیان، بە تەواوەتی لە شۆکەکەی ڕزگاریان نەبووە. 

ئیسرائیل بەشێوەیک ئەم پەیامەی گەیاند کە ڕەنگە دەوڵەتێک هەبێ، کابینەی وەزیران و ئاڵا و هەموو ئەو شتانەی کیانی وڵاتێکی پێ دەناسرێتەوە هەبێ، بەڵام ئەم کیانە خۆی لەسەر تڕکەڵەکێک بەندە و دەتوانین بیڕمێنین. ئەمەیش هەر چاوەڕوان نەدەکرا، چونکە کۆمار بە دەیان ساڵ توانای سەربازیی خۆی بۆ ناوچەکە و جیهان دەنواند، بە درۆن یارمەتیی سەربازیی ڕوسیای لە شەڕ دژی ئۆکراینا دەدا، مووشەکی بالیستیکی دەنا بە هەولێرەوە! لە گەرووی هورموز و کەنداوی عەرەبیدا ئاژاوەی دەنایەوە، بەڵام لە هێرشەکەی ئیسرائیل و لە پێنج سەعاتی سەرەتادا، هەموو ئەم بانگەشانە پووچەڵ کرانەوە! 

سەرباری ئەوەی ئەو شەڕە پێوەندیی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆی بەو نەزمە نوێیەوە هەیە کە وادیارە ئیسرائیل بووە بە زوڕناژەنی، بەڵام مەیدانی زیندوو و گەرمی هاوکێشەکان، ئێستەیش هەر سوریایە. لە سەردەمی سەرهەڵدانی داعشەوە تا هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و هێنانە سەرکاری جۆلانی، سووریا هەر یەک دۆخی هەبووە، دۆخی شەڕ و نائارامی. ڕاستە لێرەولەوێ گوایە ئارامی و ئاسایشێک هەیە! لە هەندێ شوێن دۆخێکی کۆنترۆڵکراو هەیە وەکوو ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ڕۆژئاوایش سەرەڕای هاوکاری و پشتگیریی ئەمەریکا، هەر بێبەری نەبووە لەو نائارامی و لێدانانە کە لەناو کەوانەی ئاسایشی نیشتمانی تورکیادا پێناسە دەکرا! شانە نووستووەکانی داعش هەر ماون و لە کاتی پێویستدا وەخەوەر دێن و لەلایەن ئەم هێز و ئەو وڵاتەوە دەجووڵێنرێن و هاوکێشەکە دەگۆڕن و دۆخەکە تێک دەدەن. 

جۆلانی ڕەنگە وریاترین یان بە بەختترینی ئەو داعشە نوستووانە بێت کە بێگومان بە سیناریۆیەکی گشتیی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە بەرەو دیمەشق و کۆشکی کۆماری ڕێنوێنی کرا، هێندەی پێ نەچوو هێزە توندڕەو و داعشییەکانی جۆلانی کە ئێستە وەک سوپای وڵات ناویان دەبرێ، دەستیان دایە كۆمەڵكوژی عەلەوییەکان، ئەو دیمەنانەی لە دەسدرێژی و ڕاودەوونان و کوشتن کە مێدیاکان گواستیانەوە بۆ ڕای گشتیی جیهان و پێشانی خەڵکیان دا، بەرلەوەی هاوارێک بۆ مافی مرۆڤی کەرامەتکوژراوی عەلەوییەکان بێت، هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە بوو لە هەرچی لایەن و کەمینە و هێزی ناڕازی و دژەدیمەشق هەیە.

ڕاستییەکەی ئەو وێنانە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ وێنە و ڤیدیۆکانی سەردەمی ئوسامە بن لادەن و ئەبووبەکر بەغدادی نەبوو، بەڵام لەمەیاندا دیمەشق و گوتەبێژەکەی بە شێوەیەکی دیپلۆماتی ڕای دەگەیاند کە نابێت توندوتیژییەکان تەشەنە بستێنن! ئەوانەی دەسدرێژییان کردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی سزا دەدرێن! دیارە ئەمە بەشێک لەو یاریی و نەزمە نوێیەیە کە لە دیپلۆماسییەکی مێدیایی و بۆیینباخ لە ملدا دەردەکەوێت! ئەگەر لە خوێنگەوزاندنی عەلەوییەکان تۆزێک بۆ ئیدارەی نوێی دیمەشق گرینگ بوایە، بەر لە کێشەی درۆزەکان باسێک لە سزا و دۆسیەی بکوژانی دەکرد! 

ئێستە درۆزەکان بوون بە کێشەی نوێی سوریا، ئەمیان مێژوویەکی هەیە، بەڵام دەنگی تازەیە! لە هەمبەردا جۆلانی بەرلەوەی لەشکر و سوپای دڵڕەقی خۆی بنێرێت، عەشیرەتە بیابانی و بەدەوەییەکانی بۆ ناردن! هەمان سیناریۆیە لە ئاستی دیکە و لە کۆنتێکستی تردا. 
پێش ئەم شەڕ و خوێنڕشتنەی درۆزەکان، تۆم باراک کۆمەڵێک لێدوانی لێرەولەوێ دا کە وەک گڵۆپی سەوز بۆ جۆلانی دەبینرا و هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاواز و ناڕازییەکان بە هەر جۆرێک بووە، یەک بخات و سوریایەکی یەکانگیر و بەهێز بە یەک دەوڵەت و یەک ئاڵا و یەک هێزەوە ڕابگەیەنێ.

ئەم گڵۆپە سەوزەی باراک بۆ جۆلانی، تەنیا لێدوانێکی یاریکەرانە بووە یان نا سیاسەتی دەرنەکەوتوو و شاراوەی ئەمەریکا و بەشێک لەو پلانە نوێیەی بۆ نەزمە نوێیەکە، ڕەنگە لەم قۆناغەدا بۆمان ڕوون نەبێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە، سوریا چەندان کەمینەی ئاینی و نەتەوەیی و سیاسیی ناوەندبێز و لامەرکەزیی هەیە کە بە ئاسانی و بەبێ شەڕێکی کوشندە و خوێناویی تر، ملکەچی دیمەشق نابن! 

ئێستە پرسیار ئەوەیە، ئایا تۆم باراک بەم لێدوانانە ویستی هاوسەنگیی هێزەكان لە پانتایی واقیعدا بە باشی ڕوون بێتەوە و ببینێت و هەمووان لەوە تێبگەن کە سوریا نالكێنرێتەوە بەیەکەوە و دەکرێت جۆرێک لە سیستمی فیدراڵی و لامەرکەزی تێدا دروست بکرێت؟ یان نا باراک پێمان دەڵێت، ئەمەریکا و ناوچەکە ئامادەن بۆ هەڵگیرسانی شەڕی خوێناویی تر و دیسان دەبێت بگەڕێینەوە خاڵی سفر! واتە ئایا نەزمە نوێیەکە دەیەوێت بە خوێن سوریای نوێ بە داعشیزمێکی قاتلەبەر بنیات بنێت؟ یان دەیەوێت وردە وردە و لە سۆنگەی شەڕی هێزەکانەوە دیمەشق وەک ناوەند و پایتەخت لاواز بکات و بە شێنەیی دابەشبوون، بێتە ئاراوە؟