عێراق و ئازادیی ڕادەربڕین

PM:12:07:04/08/2025 ‌
ئازادی و ئازادیی دەربڕین، دوو بنەمای سەرەکیی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی هاوچەرخن، ڕەگوڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی فرەنسا و دواتر بە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بڵاو بووەتەوە و چاوشارکێی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی و پێشنەکەوتوویشدا کردووە. ئازادیی ڕا دەربڕین واتە ئازادیی ئەندێشە و بیروباوەڕەکان، بە زمانێکی ڕوونتر، ئازادیی ڕا دەربڕین ئامرازێکە بۆ گەیاندنی ئەندێشە و باوەڕێک بەبێ سانسۆر و سڕینەوە و قرتاندن، بۆ کەسانی تر، تەنانەت ئەگەر ئەم ڕا دەربڕین و گواستنەوەی ئەندێشە و باوەڕە، باوەڕێكی تریش بخاتە ژێر پرسیارەوە. 

لە پێشەکیی "جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ"دا باس لە سەرهەڵدانی دنیایەک کراوە کە تێیدا تاکەکانی کۆمەڵگە (لە دەربڕینی بیروڕایاندا ئازاد و سەربەست بن، ئەمە وەک باڵاترین ئامانجی مرۆڤایەتیی باس کراوە). ئازادیی دەربڕین، پێوەرێکی بنەماییە بۆ هەر چەشنە کۆمەڵگەیەکی چەند دەنگ و دیموکراتی. ڕەتكردنەوەی ئەم ئازادییە بەشێوەیەکی بەردەوام و زنجیرەیی، دەبێتە هۆی پێشێلبوون و ڕەتدانەوەی هەموو پێوەرەکانی مافی مرۆڤ. واتە ئازادیی دەربڕین، سەرەتا و کۆتایی هەموو ئازادییەکانە. بەڵام ئەمە سەرەتا و کۆتایی ئەو مشتومڕانە نییە کە لەمەڕ ئەم دەستەواژە گرنگە و ئەم بەها باڵا مرۆییە هەیە. 

چەندان ساڵ پێش ئێستە، نێردەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەردانێک گەیشتە ئێران، تا ڕاپۆرتێک لەبارەی ئازادیی دەربڕین بنووسێ، پاش ماوەیەک کە ڕۆیشتەوە و لە دانیشتنی گشتیی ڕێکخراوەکەدا قسەی کرد، ڕستەیەکی زۆر مانادار و هاوکات تاڵی وت، دەشێت بۆ زۆر لەو وڵاتانەی ناوچەکە بە ڕاستی بزانین. نێردەکە گوتی: بەڵێ، لە ئێراندا ئازادیی ڕا دەربڕین هەیە، بەڵام ئازادیی پاش ڕا دەربڕین نییە. قسەکەی نەستەق و قووڵ، بەداخەوە تاڵ و ناخهەژێنیش بوو! 

ئەو سەردەمە سەردەمی خاتەمی بوو، ئێران مومارەسەی هەندێ بەهای دیموکراتیانەی دەکرد کە دواتر بۆ هەموو دنیا ڕوون بووەوە خەیاڵپڵاوی یان یارییەکی کاتی بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم حاڵەتە دەتوانێت تاکتیک و فێڵی زۆر لەو وڵاتانە بێت کە دەیانەوێت بە دەمامکێکی ڕۆژئاوایی و ڕۆحێکی ڕۆژهەڵاتیانەوە لە یاریی ناو بەها باڵا و زاڵەکانی ڕۆژئاودا کە یاریی و پارادیمەکانی ئەوان دیاریی دەکەن، سەما بکەن و خۆش بدرەوشێنەوە، لە زۆر وڵاتی ناوچەکە ئازادی هاوتای بەرەڵایی و سووکی مانا کراوەتەوە و بەپێی ئەم لۆجیکەیش، ئەوا ئازادیی ڕا دەربڕین هەر شەکرشکاندنە.

بە دڵنیاییەوە تا نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە بەسەر ئەو پردەدا نەپەڕنەوە، هەر قوربانی و توندوتیژیی دەبینین. لە وڵاتگەلکدا کە هەژاری و گەندەڵی بڕستیان لە مرۆڤایەتیی بڕیوە، کەی و چۆن مرۆڤ بیری ئازادیی بە زەیندا دێت؟ ڕەنگە ئەگەر وەک کوردێک لەسەر چەمکی ئازادی و ئازادیی ڕا دەربڕین هەڵوێستە بکەین، شیعرەکەی مامۆستا "قانیع"ی نەمرمان بێتەوە یاد کە کاتی خۆی لە زیندانی ئێرانییەکاندا نووسیونی: 
بیری ئازادیم لە زینداندا فراوانتر ئەبێت 
قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە. 

بێگومان کورد لە ڕێگەی ئازادی و ئازادیویستندت دەستێکی باڵای هەیە، چونکە خەونی سەربەستی و ڕزگاریی لەژێر چەپۆکی داگیرکەر و چەوسێنەردا بەردەوام زیندوو بووە، بەڵام دەبێت بزانین ئەمە یەکەمین یان سەرەتاییترین قۆناغەکانی ئازادییە و دەبێت لە ئاستی کۆمەڵگەیەکی فرەدەنگ و بیروڕا جیاوازیشدا مومارەسەی زەین و دەروونمان بکەین، خۆشبەختانە کورد لەو ڕووەوە چەندان هەنگاو لە کۆی وڵاتانی ناوچەکە لە پێشترە. 

ئەگەر بێینەوە سەر وڵاتێکی وەک عێراق دەکرێت هەمان قسەی سواو، بەڵام هەمیشە موعتەبەر و ڕاست بڵێینەوە، عێراق وڵاتێکە تەنیا لەسەر نەخشە وڵاتە! ئەگەر بە مسقاڵێک خەونی بەها مرۆییەکان و دیموکراسی و ئازادی و... هەبوایە، دوای دنیایەک کارەسات و کوردکوژی و پاکتاوکردن، ئەنفالی شەرمەزار دەکرد، داوای لێبووردنی لە گەلی کورد دەکرد، خەڵکی کوردستانی بێ مووچە و قووت نەدەکرد! 

لە وڵاتێکی ناوڵاتی وەک عێراقدا کە هەر خێڵە و زوڕنای بیابانی خۆی دەژەنێت، ئێمە چۆن دەتوانین بیر لە ئازادی و ئازادیی ڕا دەربڕین بکەینەوە؟ ئەگەر لە ئێرانی سەردەمی خاتەمی ئازادی ڕا دەربڕین هەبووە، بەڵام ئازادیی پاش ڕا دەربڕین نەبووە، ئەوە لە عێراقی ئێستەدا نەک ئازادی خۆی، بەڵکوو هەر "ئا"بەکەبشی نییە، ئەمەیش دەرئەنجامی کولتوورێکی پێشنەکەوتوو و بەدەوییە کە کراون بە خاوەنی وڵات و بەداخەوە کوردیش گیرۆدەی گەمژەیی و دواکەوتوویی ئەو کولتوورە دڕ و وەحشییە بووە! 

من لەم ساڵانەی دواییدا و بە سەرنجدان لە زنجیرەی ئەو ڕووداو و حاڵەتانەی لەناو تۆڕێکی کولتووری، مەعریفی، سیاسی و یاساییدا لە عێراق پێکەوە گرێ دراون، بەو ئەنجامە گەیشتووم کە عێراق تەنیا بەغدا و کۆمەڵێک سەرۆک خێڵ و میلیشیا و سەرۆک حزبی عەرەبی بەدەویین کە بە سەرمایەی نەوت و بەختی گەشی بەدەوڵەتبوونیان بوون بە داشەهاڕەی ناوچەکە و بە تایبەتی بۆ کورد. 

هەر لەم ڕۆژانەدا پرۆژەیاسای ئازادی ڕ ادەربڕین لە پەڕلەمانی عێراق، بەهۆی ململانێ و پاساوە ئایدۆلۆجییەکانی لایەنە شیعە و سوننەکانی عەرەب، تەگەرەی تێکەوت. ئەمە بە ڕووکەش ڕووداوێکی ئاسایی دیارە، بەڵام پەراوێزێکە ڕۆحی ناوەندی تاریک و پێکەوەنەگونجاو و پێکەوە هەڵنەکەری عێراقی دیاری دەکات! هەزاران نەفرەت لەو ڕۆژ و ساتەی کورد ناوی بە عێراقەوە لکا و ئەم دۆڵپایە سواری ملی بوو!