چەندان ساڵە لێرەولەوێ دەخوێنینەوە و دەبیستین، گرێكوێرەی کێشەی کورد هێندەی سیاسی و جیۆپۆڵەتیکییە، هێندەیش پێوەستە بە دۆخی ئابووریی گشتیی کوردەوە، بە تایبەتی ئابووریی سیاسی. بێگومان دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوەکان یان هەموو ئەو کیانانەی نیوەسەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەرن. بەبێ پشتبەستن بە سیستمێکی ئابووریی مۆدێڕن، ناتوانێ ئیدارەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە بۆ قەڵەمڕەوی خۆیان پێشکەش بکەن و وڵات لەگەڵ شاچەمکی سەردەمی مۆدێرن واتە "گەشەپێدان"، هەڵپێکن.
ئابووریی و گەشەپێدان (گەشەسەندن) ئەگەرچی دوو دەستەواژەی لێک جودا دیارن، بەڵام بە تەواوی پێکەوە گرێدراون و پێوەندییەکی هاوتەریبانەیان هەیە. گەشەپێدان و مۆدێرنکردنەوەی هەموو جومگەکانی ژیانی هاووڵاتییان، هەر لە ڕێگەوبانەوە بگرە تا پەروەردە و خەرجی و شێوازی ژیان و گەشتوگوزار و ... پێویستی بە ئامراز، سیستمی بیرۆکراسیی پێشکەوتوو و پەروەردەیەکی نوێوەبوو هەیە، تا کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هوشیار و پڕجووڵە پێ بگەیەنێ و نەوە دوای نەوە سوکانی بەڕێوەبردن و پێشخستنی کۆمەڵگە بگرنە دەست.
ئابووری مۆدێرن تا سەردەمانێک لەسەر بڕبڕەی پشتی بیرەنەوتەکان دەوەستا، بەڵام دوای ساڵانێک هەرزوو دەوڵەت و میلەتان تێگەیشتن پشتبەستن بە ئابووریی نەوتی، سیستمێکی ئابووریی تاکەکاڵا بەرهەم دێنێت کە لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی خوازراو یان نەخوازراوی سیاسی یاخۆ تەکنیکیدا، هەموو جومگەکانی حوکمڕانی و بەڕێوەبەرایەتی و سیاسیی وڵات، دەکەونە مەترسییەوە. واتە لەناو هاوکێشەی ئابووریی تاکە کاڵایی كە تەنیا پشتی بە نەوت بەستبێ، لایەنی کڕیار دەتوانێت بەهۆی یاریی بە کارتێکی نهێنی یان پێشبینینەکراوەوە، کۆدەتایەکی ناوەخت و چاوەڕواننەکراو و ناراستەوخۆ دژی ئەو وڵاتە بکات و ئەویش تا خۆی کۆ بکاتەوە ئەگەری داڕمانی زۆر دەبێت!
ئابووریی نەوتیی تەنیا قومارێکە لە ماوەی چەند دەیەی پێشوودا هەندێ وڵاتی تا سنووری داڕمان و لەناوچوون برد، چونکە لەناو هاوکێشەی ئابووریی تاکە کاڵاییدا زیاتر دەوڵەتان و ڕووداوە سیاسییەکان ڕۆڵ دەگێڕن و ئابووری و هەڵبەز و دابەزەکانی دیاریی دەکەن، بەپێچەوانەی ئابووریی نانەوتییەوە کە تۆ وەک بەرهەمهێنەر دەستکراوەتر دەبی، بە مەرجێک ئاگاداری سیستمی هاوردە و هەناردە لە دەرەوە و بەتایبەتی دەرودراوسێ بێت، ئەینا ئەمەیش دەبێت بە خەسار لە باتی قازانج!
بێگومان هەموومان دەزانین ژینگە و سروشتی کوردی هەمیشە لە بەردەست و دەمی داگیرکەردا بووە و کورد تەنیا پاش ڕاپەڕینی 1991 توانیمان بەشێکی بچووکی ئابووریی وڵاتی خۆمان بگریتە دەست، ئەوەیش لەناو بازنەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا سنووری دیاریکراوی بۆ دانراوە، چونکە سەربەخۆیی وەک وڵاتێک نییە دراوی تایبەت بە خۆی هەبێت و هەبوونی ئەو دراوە دەتوانێت دڵی ئابووریی وڵات گەنج بکاتەوە و بیخاتە ترپە و لێدانێکی بەهێز. بە هەموو ئەمانەوە، ناتوانین بڵێین بە تەواوەتی کورد توانیویەتی لەم تەنگژانە و بەدیاریکراوی ئەم تەنگژە و گرێكوێرەی ئابوورییە کە دۆزەكەیشی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە، دەرباز بووە.
بێگومان دوای ڕاپەڕین و دامەزرانی کابینەکانی حوکمڕانی یەک لە دوای یەک تا ئێستە، هەر کابینەیەک هەوڵی خۆی داوە کەشێکی لەبار و شیاوی ئابووری بێنێتە ئاراوە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەو دیدگا و ڕوانینەی بۆ ئابووری لە کابینەی نۆیەمەوە ڕەنگە هەشتەمیش، دەستی پێ کرد و پێگەیشت، زیاتر لە هەموو کابینەکانی تر ڕوونتر و شەفافتر، دەزانێت چ پێناسەیەکی بۆ ئابووری هەیە و دەبێت چ بکات و چەندە کات و پشوودرێژیی دەوێت و هەتا دوایی. گرنگترین لایەنی ئەم دیدگا و تێڕوانینەی سەرۆک وەزیران خەونی ئابووریی سەربەخۆ بووە، واتە ئابوورییەک نەک تەنیا هەر گرێدراو بە نەوت وەک تاکە کاڵا کە خەرجی زیاد دەکات، بەڵکوو لەژێر کاریگەریی یاری و مشتومڕە سیاسی و تەناهییەكانی وڵاتان و میلیشیاکانی عێراقیشدا زۆر زیانبار نەبێت و لەمانەیش گرنگتر کە تەواوکەری ئەو پلان و دیدگا ئابوورییەیە، پشتبەستن بە ئابووریی نانەوتی و پەرەپێدان بە کەرتە جیاوازەکانی وەک کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و...ە.
ساڵانی پێشوو بە ئاڕاستەی ئەم پرۆژەیەدا هەناری کوردستان بوو بە براندێکی ناوچەکە و تەنانەت هەناردەی هەندێ لە وڵاتانی دەرەوەیش کرا، ئێمە جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجەمان هەیە و ڕەنگینی و زەنگینیی دەستی چاندن و پەروەردەی دار و میوەی بۆ هەمووان ناسراوە و بەختەوەرانە حکوومەت لە پشتگیریی کەسانێکی بە تواناشدا سەرپشک و یارمەتیدەر بووە. ئەمساڵ بەپێی ئەو ڕاگەیەنراوانەی بڵاو کراونەتەوە، بەرهەمی تەماتەی هەرێم زۆرە و جووتیاران هەموو هەوڵ و لێهاتوویی خۆیان لە بەرهەمهێنانی تەماتەیەکی باش بە کوالیتی بەرز پێشان داوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێویستی بە سیاسەتێکی هەمەلایەنەیە کە جووتیاران لەم وەرزەدا ئەو تێچووەی بۆ بەرهەمهێنان کردوویانە، بە قازانج بۆیان بگەڕێتەوە، ئەمەیش لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانە هاوشان و پێوەندیدارەکان بەو بەروبوومەی دۆشاوی تەماتە و چەندان بەرهەمی تری لێ بەرهەم بێت. ئەمە هەمان سیاسەت و پلانی ئابووریی دەوێت کە لەسەرەوە تیشکم خستە سەری.
بێگومان سەرخستنی تەواوەتی سیستمی ئابووریی نانەوتی و گەیشتن بەو سەربەخۆییە، شیاو و پێویستە، پشوودرێژیی و سەبری زیاتری دەوێت، بەڵام داهاتوویەکی پتەو و لەبار فەراهەم دەکات، بۆیە پێویستە لەم پرۆژەیەدا هەم حکوومەت و هەم خەڵک هاوکار و هاندەری یەکتر بن، تا کوردستان لەسەر دەستی هەمووان ببووژێتەوە و ئاوەدان بکرێتەوە.