پاسەوانانی دۆزەخ (هەڵوێستەیەک لەسەر گیرانی عەجاج)

PM:12:03:07/08/2025 ‌
ئەنفال زامێکی گەورەیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بووە بە یادەوەرییەکی گشتی گەورە. ڕەنگە گەورەترین دڵەڕاوکێ و مەترسیی ئێستە، کەوتنەداوی وتنەوەی قسەی دووبارە و سواو و ژوڕنالیستیانە بێت لەبارەی ئەنفالەوە، لە باتی دڵەڕاوکێی گێڕانەوەی ئەنفال بە هەموو کون و کەلەبەرەکانییەوە هەر لە تۆپزئاواوە تا نوگرەسەلمان و هەر لە هەوای کوێستانیی کوردستانەوە تا چاڵە تاریکەکانی مردنی بیابان! جیۆگرافیای مەرگەساتی ئەنفال نەک تەنیا بە پێوانەی ژمارە، بەڵکوو بە پێودانگی شێوازی دوورخستنەوە و ڕاگواستن و ئەشکەنجە، تا گەیشتن بە دوا وێستگەی مەرگ و نەمان، دەپێورێت. 

کێشەی گێڕانەوەی ئەنفال تەنیا لە قووڵایی کارەساتەکە و زمانی کورت و لە گۆکەتووی ڕزگاربووانی وەک تەیموور و فەرەج و هەموو ئەوانەی لە کتێبی شایەتحاڵەکانی ئەنفالدا ناویان هاتووە و لە پرۆژەیەکی گەورەی تۆمارکردن و گێڕانەوەی ئاساییدا عارف قوربانی ئیشی لەسەر کردوون، نایەت، بەڵکوو لەو گوێگر و گێڕەرەوە پلەدووانەیشە کە گوێبیستی شایەتحاڵەکان یان بینەری ڤیدیۆکان و خوێنەری ڕاپۆرت و نووسینەکانی پێوەندیدار بە ئەنفالن. 

حاشا لەوە ناکرێت کە لە دوای ٨٨ەوە تا ئێستە، کاری زۆر هەم بە قەبارە و ژمارە و هەمیش بە قووڵبوونەوە و تێڕامان کراون، بەڵام قەبارەی کارەکان زۆر لە بارستایی قووڵبوونەوەکان زیاترن. قووڵبوونەوەکانیش لە ئاستی قووڵیی برینەکەدا نین. زۆرجار ئەنفال لەگەڵ هۆڵۆکۆستی جووەکان بەراورد کراوە (سەرباری ئەوەی ئەم بەراوردە چەندە ڕاست و پێوەست بە زەمینەی مێژوویی و ئاینی و سیاسیی هەر دوو ڕووداوەکە، چەندە لۆجیکی بێت کە من پێشتر بە وتارێک لەسەری وەستاوم)، بەڵام قووڵبوونەوە لەسەر ئەنفال، لەگەڵ قووڵبوونەوەی بیرمەندانی جوو لەسەر هۆڵۆکۆست، بەراورد نەکراوە. 

بۆ نموونە، ئایا ئێمە کتێبێکی وەک "ئایخان لە ئۆرشەلیم"ی هانا ئارێنتمان بەرهەم هێناوە؟ بە دەیان چەمکی گشتگیری فەلسەفی و سیاسی و ئەخلاقی، هەوڵمان داوە دنیای جەلاد بە شێوە و زمانێک نیگار بکەین کە دەنگی تاریکییەکانی هەموو مرۆڤێک بێت و هەمووان گوێیان لێ بێت و بۆ ساتێکیش جەلادەکەی دەروونی خۆیان بدۆزنەوە و دەمکوت و لغاوی بکەن؟ واتە زامەکەمان کردووە بە زامێکی وێناکراو بۆ ئەویترەكانمان؟ ئەو ئەویترانەی ئەگەر گوێیان بۆ گێڕانەوەکانیشمان گرتبێت، جگە لە سۆز و بەزەییەکی نزم و نەوی، نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە هەڵوێستێک بۆ پرسێک بەناوی کورد دەرببڕن؟ 

بێگومان دیارە هیچ کام لەم جۆرە هەوڵانە سەری نەگرتووە، ئەینا دوای سێ دەیە لە ڕووداوەکە، دەبوو تێڕوانینی مرۆڤی کورد بۆ خۆی و کێشەکانی و بۆ ئەخلاقی سیاسی و کولتووریی وڵاتانی ناوچەکە و بازرگانانی زلهێزی جیهانی و دەوڵەتە پشتیوانیکەرەکانیان ڕوونتر و قووڵتر لەوە بوایە کە ئێستە هەیە. تێڕوانینێک کە لە ئاستێکی باڵای سیاسیدا یاریی هێزە سیاسییەکانی ئێمەیان بەرەو ئاڕاستەیەک ببردایە کە پرسێکی گەورەی خوێناویی وەک کورد بە یاریی مووچەوە گرێ نەدرێت. دەبوو بەغدا و تاران و ئەنقەرە و دیمەشق و تەنانەت ڕۆژئاوا، ملکەچی پرسی کورد بکات! کورد تەنیا بە هەڵپەڕکێ و مێژووی شێوێنراوی لێڵ و پێڵەوە نەناسرێ! تێڕوانینێک کە هێزە سیاسییەکانی ئێمەی دەربەستتر و شێلگیرتر بکردایە لە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەغداییەكانی ئێستە کە هەڵگری میراسی ئەویترکوژیی باپیرانی بەعسی و بەدەوییانن! 

ناکارامەیی و خەمساردیی ئێمە لە تیۆریزەکردن و شوناسبەخشیی بەم کارەساتە، وایکردووە ڕزگاربوو و بەجێماوانی ئەنفال، بیانەوێت دۆزەخەکانی ئازار و مەرگەسات لە هەمبەر قەرەبوودا بگۆڕنەوە! قەرەبوویەک کە لەناو خواستی ئاسایی ژیان و مانەوە لەژێر تارمایی مەرگدا هەناسە دەکێشێ، ئەمەیش بە ڕوونی بەو مانایەیە کە نەک دنیا، بەڵکوو خۆیشمان لە هەتوانی ئاسایی برین و بیرەوەریی ڕزگاربووانی ئەنفال کارێکی ئەوتۆمان نەکردووە. 

ئەم لەکارەساتخستنەی ئەنفال و بەتاڵکردنەوەی لەو پەیامە خوێناوی و مەرگبارە، بەر لە هەر شتێک لە ئەستۆی خۆمانە، ئێمە وەک کورد و دانیشتوو و داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستە دەبوو لەمێژە باوەڕمان بەم ڕاستییە هێنابێت کە ئەگەر خۆت چیرۆکی ئازارەکانت نەگێڕیتەوە، ئەوا بۆت دەگێڕنەوە و لەم پرۆسەیەی شوێنگۆڕکێی گێڕەرەوەکانیشدا تۆ تەنیا بەرکار و قوربانییەکی دیکە و دووبارەیت! کارەکتەر و ئۆبژەیەکی ئیلهامبەخشی بۆ گوێ و چاو و خەیاڵکردنی بیسەر و بینەر و بەردەنگی دیکە. کێشەکە لەوەدایە ئێمە نە توانیومانە ئەو گێڕەرەوە باڵایەی دۆزەخ بین، نە توانیویشمانە لە تەشکی قوربانییەکی ئەتککراو و زمانترساو خۆ قوتار بکەین! 

نزیکەی 10 ساڵ پێش ئێستە، ڕاپۆرتێک لەسەر عەجاج بڵاو کرایەوە، عەجاجێک کە نەک تەنیا دوای 20 ساڵ زیاتر نەگیرابوو، بەڵکوو تەنیا دوو وێنەی لەبەردەستدا بوو کە لە مەشقێکی سەربازیدا دیارە، لە یەکیاندا خەریکی خواردنی مارێکە بە زیندوویی و لەویتریشیاندا خەریکی کەوڵکردنی کەروێشکێکە بە زیندوویی. ئەوکات وتارێکم بە فارسی نووسی لەژێر ناوی "ێشکارگی چهرەی جلاد و تقویت حافڤەی جمعێ" و لە وتارێکی دیکەیشدا کە بە زمانی کوردی و لەژێر ناوی "جەلاد لە نێوان بەرداشی کۆیلایەتی و جەنگاوەریدا" بوو، باسم لە دەمامکەکانی جەلاد و ئارەزووەكانی بۆ نەبینین و خۆشاردنەوەی كرد کە لە ترسێکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرن. 

ئێستە بە هەموو گومان و ئەگەرێکەوە کە هەیە، دەڵێن عەجاج گیراوە، لەم ساڵانەی ڕاکەڕاکە و خۆشاردنەوەیدا چەندان نەشتەرگەریی کردووە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، ئەمە خۆی دەرخەری هەمان خواستی جەلاد بۆ دەمامکهەڵبەستن و هەڵاتن لە خۆی و تاوانەکانێتی. عەجاج نابێ تەنیا دادگایی بکرێت، بەڵکوو دەبێت دەروونشیکاریی هەمەلایەنە بکرێت، ئەوەی كە لە چ کولتوورێکی خێزانی و سیاسی و مێژووییەوە هەڵقوڵاوە؟ کورد لە کوێی خەون و مۆتەکەکانی ئەودا بووە و بەها و دیسیپلینەکانی چین و چ بوون؟ دەیان تەوەر و باسی دیکە. ئایا وەک ڕۆبێرت مێرڵ لە کتێبی "مەرگ، کار و پیشەی منە"، لە زمانی ڕۆدۆلف لانگ پاڵەوانی چیرۆکەکە /ئاماژەیەکە بە کەسایەتیی ڕۆدۆلف هوس بەرپرسی ئوردووگای ئاشوویتس/ باسی دەکات کە مەرگ و کوشتن تەنیا ئیشوکاری بووە و وەک ئەرکێک چاوی لێ کردووە. عەجاجیش وەک ئەرکێکی سەربازی دەستی داوەتە کوردکوژی و ئازار و ئەشکەنجەدانی ساوا و ژن و پیری کورد و دواتر دانی بە دەمی سەگە گەورەکانی نوگرەسەلمانەوە، یان لە ڕقێکی ئەستوور و ئارەزوویەکی ڕەش و بەدەویی بیابانەوە خۆی لێ بووە بە پاسەوانی دۆزەخ و نوێنەری خودایەکی بەعسیی وێناکراو لە قووڵایی بیابانی عەرعەر و قەڵای بە ڕۆحی بێ ئارام و بە مۆتەکەدەورەدراوی نوگرەسەلمان؟