هەڵەبجە سیمبولێكە هەتا کوردێک لەسەر زەوی مابێ هەر لەو پلە بەرزەی خۆیدا دەمێنێتەوە. چ شتێک وا دەکات هەڵەبجە وەک ئەم هێما نەمرە بمێنێتەوە؟ بێگومان کاتێک باس لەو شارە دەکەین ئانوساتی 16ی ئادار بە خەیاڵماندا دێتەوە، واتە کیمیابارانکردنی ساڵی 1988، واتە هەڵەبجە بە برینەوە بووە بە هێما، کەس نکۆڵی و حاشا لەو برین و ئازارە ناکات، لە یادی کەس ناچێت بەعسییە گۆڕبەگۆڕەکان لەسەر خاکی پیرۆز و بێگەردی کوردستان بێت چییان كرد، بەڵام ناڕەوایە ئەگەر هەڵەبجە تەنیا لە دەلاقەی برینەوە ببینین و تەنیا بەهۆی برینەوە بیکەین بە سیمبول.
هەڵەبجە مێژوویەکی تایبەتمەندی هەیە. مێژوویەک لە کوردایەتی، سەرمایەیەكی ئەدەبی، مێژوویەک لە خەبات و باوەڕدارێتی، مێژوویەک لە پێکدادان و ئاوارەیی و کوشتوبڕ. واتە هەڵەبجە وەک هەر شارێکی مەزن و گرنگی دیکە تێکەڵەیەکە لە شتەکان، هیچ شارێک بە تەنیا لە یەک ڕەهەند و لایەنەوە شوناسی پێناسە ناکرێت. بێگومان ئێمە بە لانیکەم چەند ساڵێک لە شوێنێکدا نەژین، ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین كە شتێک لەو شارە و دانیشتووانەکەی تێگەیشتووین، چونکە خوێندنەوە و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسانە و ڤیدیۆی کەناڵ و پەیجەکان، بەهیچ شێوەیەک ناتوانن ئەو وێنە ڕاستەقینە و واقیعییەی شارێک یان هەر دیاردەیەک، پێشان بدەن.
ئەوەی بە نیسبەت هەڵەبجەوە بە تایبەتی لێرەدا و پێوەست بەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بخرێتە ڕوو، ئەوەیە كە ژیانکردن لە هەڵەبجە دەتوانێت ڕێپێشاندەرمان بێت تا ڕۆحی ئەو شارە و خەڵک و خواکەی بناسین. واتە هەڵەبجە بەهۆی ئەو مێژووە سەنگین و ڕەنگینەی لە ژان و برین و شکۆ و ئەخلاقەوە، دەبێت حەتمەن لە ناویدا بژیت تا قسەیەکی دروست و تەواوی لەسەر بکەی، جەخار من جارێک بە منداڵی بە ناویدا تێپەڕیوم و بۆ سەردانی خزمان بەرەو سلێمانی ڕۆیشتووین، بەڵام بەختەوەرانە لە پاش کۆڕەوەکە و دوای ئازادبوونی باشووری کوردستانیش هەر هاتوچۆمان مابوو و زۆر شت لە هەڵەبجەییەکان فێر بووم.
فێربوون نەک وەک ئەوەی مرۆڤ شتێک لە ڕۆژنامە یان کتێب یاخۆ فیلمێک فێر دەبێت، بەڵکوو فێربوون بەو مانای کرداریی و پراکتیکی. لە بیرمە یەکێک لە خزمانی دوورمان کە ناوی "پشتیوان" بوو، دوای ساڵانێک بگرەوبەردە، لە کەنەدا مافی مانەوەی وەرگرتبوو، برایەکی و دایکی و خوشکێکی لە کیمیابارانەکەدا شەهید بوون، کاتێک باسی حیکایەت و ڕووداوەکانی ژیانی خۆی بۆ بابم دەکرد، دەیوت من چرکە بە چرکەی ڕووداوەکە و زامەکانم لەبیرە، قەت کۆن نەبوون و هەمیشە تازەن، دەزانم کە ڕۆژئاواییەکان دەستیان هەبووە لە کۆی ئەو ڕووداوانەی بەسەر گەلەکەمان لە باشوور و بە تایبەتی بەسەر هەڵەبجەدا هاتووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە من ڕق لە خۆما گەورە بکەم و نەتوانم ڕۆژئاواییەکم خۆش بووێت، نەتوانم یارمەتیی پیرەژنێک یان پیرەپیاوێک بدەم کە لە شەقامێک دەپەڕنەوە، ڕەنگە ئەم باسانە زۆر سەرنجڕاکێش نەبن، بەڵام گرنگیی بابەتەکە لێرەدا بوو کە کاک "کەریم" مسوڵمانێکی تەواو بوو و لەسەر بابەتی سفووری و باڵاپۆشیی زۆر هەستیار بوو، کەچی بەو ڕۆحییەتەوە و بەو برینەوە دنیای ڕۆژئاوای ئازاد و ڕووتی دەخوێندەوە! من ناڵێم ئەمە تایبەتمەندیی زاڵ و گشتیی هەموو کۆمەڵگەی هەڵەبجەیە، بەڵکوو دەڵێم ئەوەی ناسیاویم لەگەڵیدا هەبووە، خاوەنی ئەم کراوەیی و جوامێرییە بوو، بۆیە دەکرێت بڵێم بەشێکی زۆری هەڵەبجە دەشیت ئاوا سەردەمی بن.
لە بیرمە هەر کاتێک کاک کەریم باسی هەڵەبجەی دەکرد، دەمودەست باسی ئەنفالیشی دەکرد، یانی جیاوازیی لە نێوان برینەکاندا نەدەکرد، ئەوەی تۆزێک زیاتر لەم ئەزموونە کاڵانە بزانێت، تێدەگا هەڵەبجە و دەوروبەری مەڵبەندی سۆفیگەریی و پیاوچاکی و جوامێری بوونە. بە هەموو ئەم باسانەوە ژینگەی هەڵەبجە ژینگەیەکی فرەڕەنگ و سەوزەڵان بووە کە ئەم جۆرە کولتوورە لە باوەشیدا باڵای کردووە، ژینگە و سروشتی هەڵەبجە ئەوەندە دڵڕفێن و دڵبزوێن بووە، تەنانەت لە وێنەیشدا ئەو تایبەتمەندیەی دیارە. بە کیمیاباران ئەم ژینگەیە بریندار و ژاراوی بوو، بەڵام نەمرد و دیسان بووژایەوە، بە هەوڵی حوکمڕانی کوردی و ئیرادەی بەرز و بڵندی خەڵکەکە، هەڵەبجە بوو بە پارێزگا و خاتوونێکیش ڕاپەڕێنەری کاروبارەکانێتی.
لە ئاگرکەوتنەکەی ژینگە و سروشتی هەڵەبجەدا، هەوڵ و تەقەلای خەڵک و حکوومەت لە شەهیدبوونی هاووڵاتییەک و کارمەندێکدا، خۆی پێشان دا. من ئەمە بە بابەتێکی ڕەمزی دەزانم کە خەڵک و دەسەڵات لەگەڵ هەموو پرس و کێشەکانی نێوانیان /کە دیاردەیەکی هەمیشەیی و بەردەوام بووە لە سەرانسەری مێژووی حوکمڕانیی مرۆڤایەتیدا و ئێستەیش هەر بەردەوامە/ دەست لەناو دەستی یەکتر فریای ژینگە و سروشت کە دایکی ژیان و بوون و مانەوەی مرۆڤن، دەکەنەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا تیمە ژینگەپارێزە خۆبەخشەکان لە کوردستان، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات و دواتر باشوور، سەلمێنەری ئیرادەی نیشتماندۆستی و کوردپەروەریی میلەتێکن کە لە گیانفیدایی و فیداکاریی بۆ ڕزگاریی دەوەن و پووش و گیا و ئاژەڵ و هەر بوونەوەرێکدا، بوون و ڕۆحی بەو ژینگە و خاکەوە بەندە، سەلماندیان لە دڵی هەر برینێکدا هیوایەک چرۆ دەكات و لە ناخی هەر هیوایەکدا ئیرادە و پاڵنەرێک بۆ ژیان و ڕزگاریی خۆی حەشار داوە.
ڕۆحی فیداکارانی ژینگەی هەڵەبجە و کوردستان ئارام و پاراستنی کوردستان وەفایە بۆ ڕۆح و خەباتی مرۆڤانە و ژینگەدۆستیان.