دەمێکە لەناو بڕێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاواییدا، وا باو بووە کە هەر جۆرە دانوستان و تەعامولێک لەگەڵ حکوومەت یان هەر شێوە پێکهاتێکی دەسەڵاتدا، لادانە لە ئەرکی ڕۆشنبیرانە و کەسی ڕۆشنبیر، واتە دەبێت بەردەوام دژی دەسەڵات بێت! ئەم ئایدیایە بێبەری نییە لە حەقبینی، بە سەرنجدان لەو ئاڵۆزییەی هەر جۆرە دەسەڵاتێک دەتوانێت هەیبێت بۆ بەدیهێنانی ئارەزوو و خواستەکانی خۆی! هەندێک یاریی دەسەڵاتیان بە تۆڕی ئاڵۆزی جاڵجاڵۆکە چواندووە کە زۆرینە پێوەی دەبن و ئەگەریش پێوە بن و زیاتر جووڵە بکەن، ئەوا خراتر دوئاڵێ لێیان و دواجار دەبن بە قووتی جاڵجاڵۆکە.
ئەم تێڕوانینە زیاتر بابەتێکی فەلسەفییە کە فەیلەسووفی وەک میشێل فۆکۆ پەرەیان پێدا و بەو دێرینەناسییەیشەوە کە دەیکرد، تێڕوانینەکانی خۆی بە باشی خستە ڕوو و بەرگریی لێ کردن. ئەم تێڕوانینە لەناو ئێمەی کورددا بە حوکمی چالاکیی گوتاری ڕەخنەگر لە دەسەڵاتی ئەویتر لە هەموو پارچەکانی کوردستان، هەرزوو پەرەی سەند و وەک تێڕوانینێکی حەقبین و حەقیقەتدۆز لەناو بەردەنگدا جێی خۆی گرت. لە پاش ڕاپەڕێن، ئەم تێڕوانینە لە دەسەڵاتی ئەویترەوە بە توندی گوازرایەوە بۆ دەسەڵاتی خود، واتە لە ناوەندە داگیرکارەکانی وەک بەغدا، تاران، دیمەشەق و ئەنقەرەوە گوازرایەوە بۆ هەولێر. بە حوکمی ئەوەی هەولێر پایتەختی سیاسی و دەرکردنی بڕیارە گرینگە سیاسییەکان بووە و هەیە.
لەم شوێنگۆڕکێیەی تێڕوانینە ڕەخنگەرەکەوە بۆ دەسەڵات، شتێک ڕووی داوە کە پێدەچێت بەشێک لە گرێكوێرەی پێوەندیی تاک و دەسەڵات یان کۆمەڵ و حکوومەت، لەمەدا بێت. ئەو شتە چییە؟ ئەوەیە کە لە تێڕوانینی ڕەخنەگرانەی ئێمەدا بۆ دەسەڵاتی ئەویتر، چاوەڕوانی هیچ دەسکەوت و دەرئەنجامێکی ئەرێنی نەبووین، چونکە دەسەڵاتەکە لە جەوهەردا بێگانە بوو بە بوونی ئێمە و جەمسەرەکانی بوونمانەوە وەک زمان، ئاین، کولتوور و مێژوو. نەک هەر بێگانە، بەڵکوو دژیش بوو، بەڵام لە تێڕوانینی ڕەخنەگرانەی ئێمەوە بۆ دەسەڵاتی خۆمان (کە حکوومەتی هەرێم بێت)، چاوەڕوانیی هەیە. ئەو شتەی ڕووی داوە هەر ئەوەیە، واتە گریمانەکان گۆڕاون. خواستی ڕەخنەکاریی لە ڕووخاندنەوە گۆڕاوەتە سەر ڕەخنەی ڕادیکاڵ.
لەم نێوانەدا دەبوو پردێک هەبوایە تا ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە دەسەڵاتی فاشیی بکوژ بگۆڕێتە سەر ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە دەسەڵاتێکی خۆماڵیی کە لەگەڵ کێشەکاندا دەستەویەخەیە و لاریی لە کەموکوڕنییەکان نییە. ئەو نەوا و زایەڵەیەی بە هەمانشێوەی ڕەخنەکاریی دەسەڵاتی ئەویتری لە دەسەڵاتی خۆماڵیش دەخوڕێت، بێگومان لە گۆڕانی لۆجیکیی بێبەشە کە دەبوو لەم جێگۆڕکێیەدا ئەنجامی بدایە و بەم شێوەیە دەکەوێتە ناو خولانەوەیەکی بێ دەسکەوت و دروشمی حەماسی کە لە کرداردا هیچ دەسکەوتێکی نابێت.
دەسەڵاتی کوردیش دەشێت وەک هەموو دەسەڵاتەکانی جیهان (هەڵبەت ئێمە دنیای نوێ بێبەشی کردووین لە ئاڵا و کورسیی خۆمان وەک دەوڵەتی سەربەخۆ و نەتەوەی سەربەخۆ) هەڵگری کۆمەڵێک توخمی قەیرانسازی تایبەت بە خەسڵەتە جەوهەرییەکانی دەسەڵات بێت، بەڵام خۆ نابێت ئێمە لەگەڵ هەموو دەسەڵاتێکدا بە بیانووی ئەوەی تۆڕەکانی وەک جاڵجاڵۆکەن، تەنیا لە دەرگای قسەی نالۆجیکی و خەیاڵپڵاوی و جنێوەوە بچینە ژوورەوە. پرسیارەکە ئەمەیە، ئەگەر دەسەڵات لە جەوهەردا خراپە، بۆچی دەبێت هەبێت؟ پرسیارە بۆ هەموو دەسەڵاتەکانی جیهانە! لە سویسراوە بگرە تا سعوودیە و ئەمەریکا و مەقادیشۆ و کوردستان!
کەواتە ئەم پەڕگیرییە لەناو لۆجیكێکی ئاوەزمەندانە و پراکتیکیانەدا ناژی، هێندەی لەناو تیۆر و قسەی نەستەق و خەوندا ڕاکشاوە! تەعامول و دانوستان لەگەڵ دەسەڵات خاڵی سەرکەوتن و پێشخستنی کۆمەڵگەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکە ڕۆژ دوای ڕۆژ دیموکراسیتر بێت و ئەو جەوهەرە تاریکەی هەیەتی تیشکی بەر بکەوێت. لە دەرەوەی ئەمە، بێت ئێمە دەبێت بەردەوام یان چەک بەدەست بین یا بۆڵەکەر و لەمپەرسازی بێ دەسکەوت.
بە ڕای من دەسەڵاتی کوردی بەناو وەها پرۆسەیەکدا هاتووە، توانستی دیموکراتیبوونی زیاتری تێدایە، بە مەرجێک ڕۆشنبیرانی پەڕگیر و گوتاری ماکیاجکراو بە فەلسەفەی ناپێویست، بوار بدەن.
وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر بە ڕادەی وەزارەتە گرنگەکانی دیکە بە بایەخ و کاریگەر نەبێت، بێگومان لەوان بایەخدارتر و گرنگتریشە، چونکە بەدەر لە شۆڕش و خەباتی شاخ، کولتوور و زمانەکەمان سەنگەر و مەتەرێزی بەرگریی لە مانەوەمان بووە. ئەم وەزارەتە بە کردار دەریخستووە بە دەنگ داواکارییە کولتوور و ڕۆشنبیرییەکانەوە دێت و بۆ پاراستنی کەلەپوور و سامانی نەتەوەیی و قسوور ناکات، کڕینەوەی میراسیی کتێبخانە و ئەرشیڤەکەی مامۆستای ڕەوانشاد عەزیز گەردی، بۆ خستنە بەردەست خزمەتی گشتی، یەکێک لە نیشانە دیارەکانی دەربەستی و ئەخلاق و دیسیپلینی نیشتمانی و نەتەوەییە کە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریدا بە ڕێنوێنی سەرۆكی حكوومەت، هەیە.
ڕەنگە ئەگەر تۆزێک کنە و پشکنین بکەین، زۆر کاری لەم شێوەیەمان لە مێژووی چالاکیی وەزارەتی ڕۆشنبیریدا بۆ دەربکەوێت، بۆ نموونە بەهایەک کە ئەم وەزارەتە داویەتی بە پەرەپێدانی زمان و کولتووری کوردی، تەنیا لە باشووری کوردستاندا بەرتەسک نەبووەتەوە، زۆر نووسەر و شاعیر و لێکۆڵەر لە ڕٶژهەڵات بە بەرنامە و پلانەکانی ئەم وەزارەتە دەنگیان بیسترا و هونەریان خرایە ڕوو.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی نەتەوەسازییە، دەربەستییەکی بەرز و دڵخۆشکەریشە بەوەی لەناو دەسەڵاتدا بە هەموو ڕەخنە و توانجێک کە هەمانە، خواستێکی نوورانی و درەوشاوە هەیە بۆ بەدەنگەوەهاتنی بەها کولتوورییەکانی کۆمەڵگە، من هەر ئەوەندە دەڵێم، لە پاڵ هەموو ڕەخنە و تەنانەت تەشهیرەکانماندا، با تۆزێک پێزانینی ئەم کار و هەوڵانە بین، بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بستێنن.