ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە مێژووی سلێمانی بدەینەوە، هەر لە زەمانی بابانەکانەوە تا سەردەمی شێخ مەحموود و هەر لە سەردەمی نالی مەزنەوە تا دەیان شاعیر و هونەرمەند و ڕۆشنبیری ناودار، بە ئاسانی و بێ سێ و دوو، لەوە تێدەگەین کە سلێمانی چ شارێکی بەشکۆ و مێژووكردە، بەبێ هیچ ئەرێ و نەرێیەک دەبێت ددان بە گەورەیی پێگە و پلەی سلێمانی لە مێژووی دەیان ساڵەی خۆیدا بنێین. ئەمە ئەو دیمەنەیە کە ئێمە لە خەیاڵماندا یان ڕاستتر بڵێم، لە خەیاڵماندا بووە.
ئەو دۆخەی ئێستە لە سلێمانی هەیە هەموومانی دڵتەنگ کردووە، بێگومان تەنیا مەبەست ڕووداو و شەڕەکەی لالەزار نییە، بەڵکوو مەبەست کۆی ئەو دۆخەیە کە دەمێکە بەسەر سلێمانیدا سەپێنراوە و ئەو دیمەنە وێنا مێژووییە شکۆدارەكەی سەرەوەی لە یاد بردووینەوە. ئەگەرچی مێژووی هیچ شارێک بە تایبەتی مێژووی نزیک، هیچ کات لە یاد ناکرێت، بەڵام ئەمە ڕاستییەکە دەکرێت ببێت بە بیرەوەری و نۆستالجیایەکی بێ گیان، بەداخەوە ئێمە ئێستە ئەم هەست و تێگەیشتنەمان هەیە.
ئەستەمە لە دۆخی ئاڵۆزی ململانێی حزبی و کێشە قووڵ و چارەسەرهەڵنەگرە ناوخۆییەکانی حزبێكدا، ئەو مێژووە شکۆدارە لەبیر بکەین، ڕەنگە کاڵ بێتەوە، بە خەیاڵێکی دوور شەوانێک لە گوێسەبانەی ماڵێک لە گوندێک یا پیاسەیەکی سەرچنار و تەنانەت لە کافێیەكدا یادی بکەینەوە، وێنەی گەورەپیاوان و چیرۆکی ڕووداوە مەزنەکان و هەیبەتی شێرەژنانی بانگهێشتی خەیاڵی ماندوومان بکەینەوە، بەڵام هیچ کام لەم حاڵەتانە مانای مردن و لەبیرچوونی هەتاهەتایی ئەو مێژووە نادات بە دەستەوە، چونکە شار لەسەر شانی مێژووەوە هاتووە و مێژوویش مرۆڤ دروستی کردووە و بە یادەوەریی ڕۆح و جەستەی نەوە دوای نەوە گواستوویەتییەوە، بگرە لە حاڵەتێکی وەک ئێستەی شاری سلێمانیی بێناز و ئازیزماندا، ئارەزوو و خەیاڵبزوێنیی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ ساڵان و ساتانی پڕشکۆ و هەیبەت زیاترە. واتە تا تاریکایی زیاتر زاڵ بێت تامەزرۆیی ئێمە بۆ ڕووناکیش زیاتر و بگرە چەند قات دەبێت.
سلێمانیی ئێستە بۆیە گیری خواردووە، چونکە لە پاش نەمانی مام جەلال کۆمەڵێک کەس دەستیان بەسەر میراسەکەیدا گرت، هیچ تێگەیشتن و ئەزموون و دەروەستییەکی ئەخلاقیانە و بە تایبەتی هیچ ماندووبوونێکی واقیعییان نەبوو، هاتنە سەر خوانی ئامادە. خوانێک کە بە میراتی دەیان هەزار شەهید و پێشمەرگە و کەڵەپیاوی جوامێر و هیچ نەویست ڕازێنرابووەوە، ئەمانە ئەو ڕەنج و ئازارانەی پشت خوانە ڕەنگینەکەیان نەبینی، بەڵکوو تۆزێک حورمەتی نان و نمەک بیانگرێت، تۆزێک شەرم لە ڕەنجی ئەو ڕۆژانە بکەنەوە کە ئێستەی بۆ ڕەخساندوون، بەڵام وا دەرنەچوو.
چارەنووسی حزب و شارێک و زۆنێکی پڕ قوربانی و سەروەریی کەوتە دەست یەک تاکە کەس! یەک تاکەکەس کە ئەگەر لەم چەند ساڵەی دواییدا و لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا و تا ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەم کەسی ئاسایی و ئەو کەسی نائاسایی، تا پەلاماردانی ئەم دووکان و ئەو کاسبکار و ... لەبەرچاو بگرین، دەتوانین بڵێین لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە تەواو نییە! ئەم تاکەکەسە وەک فیلمە ئەکشێن و خەیاڵییەکان، وەک بڵێین ئەم شارە و مێژووە خوێناوییەکەی پارچەزەوی یان گۆچانێکە و باوكی بە میرات بۆی جێهێشتووە، بە ئارەزووی خۆی تەراتێن دەکات و ماڵ و موڵک و خەڵک و باڵندە و خشۆکی ئەو سروشتە بە تاپۆی ڕەشی خۆی بزانێت و ئەگەر ئارەزووی کرد، شتێکیش بەشی ئەم هاوڕی و ئەوچەك و فیسار خزم و فڵان ناسیاو بدات!
ئەوانەی سەرنجی دۆخەکەیان دابێت، تێدەگەن ئەم قسانە بە ویژدان و پارێزیشەوە دەکرێت، تاکڕەویی لە سایکۆلۆجیای کەسی یەکەمی یەکێتیدا، بابەتێکە ناشاردرێتەوە، نە خۆی هەوڵی شاردنەوەی دەدا و دەتوانێ بیشارێتەوە، نە لای خەڵکیش شاراوەیە! ڕووداوەكەی لالەزار کارەساتێکی مرۆیی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەورەیە کە لە چەندان لاوە خەسار و مەترسیی ڕووبەڕووی خەڵک و ئابووری و ژیانی مەدەنیی شارەکە دەدات، (بۆ نموونە هونەرمەند حیکمەت هیندی و مامۆستا عەبدولی حەمەجوان)، سەرباری ئەوەش کە لەم دۆخە ناسک و پڕ لە گۆڕانکارییەی ناوچەکەدا سەرنجی ناحەز و تێکدەرانی هێنایەوە سەر قەوارەی كوردستان و دەیان ڕیپۆرتاژ و هەواڵیان دژ بە کورد و کیانی کوردی بە هەموو لایەکدا بڵاو بووەوە.
لە هەموو ڕوویەکەوە دەبوو ڕووداوەکەی لالەزار ڕوو نەدات، ئەگەر سەرۆکی یەکێتیی نەیتوانیوە دۆخەکە ئاراستە بکات و پلانێکی یەکلاکەرەوەی دیموکراسی بۆ چارەسەری ئەو ناکۆکییە (بێگومان ڕوونە ناکۆکی ناو یەکێتیی و خێزانییە) داڕێژێت، بەو مانایە نییە کەسیتر نەتوانێ بە ئاشتیی کێشەکە چارەسەر بکات، دیارە ئەو کۆمەڵگە و پانتایی گشتیی سیاسەت بە یاریگا یا سەربازگە تێگەیشتووە، بۆیە بۆ هەموو بڕیارێک هێز دەجووڵێنێت و ژیان و بوونی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە و هیچ باکی بە یاسا ڕاستەقینەکانی دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی نییە.
من دەڵێم ئەم ڕووداوەی لالەزار بەرجەستەبوونەوەی ترۆپکی قەیرانی ئاڕاستەکردنی یەکێتییە لە لایەن یەک کەسەوە، ڕەنگە ئێستە لێكەوتەكانی بە زوویی یەخەی نەگرن، بەڵام لە داهاتوودا هەموومان تووشی کەتنێکی گەورە دەکات و لە سەروویشیانەوە شەخسی خۆی!