گواستنەوەی عەقلیەتی شۆڕش لە شاخەوە بۆ شار، بە درێژایی زیاتر لە 34 ساڵ گەورەترین ئاڵنگاری بووە، کە بەرۆکی ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن و حوکمڕانیی کوردستانی گرتووە.
لەو مێژووەدا، ئازادی؛ ئەگەر گرنگترین پێداویستیی ژیان بووبێت، بەڵام تاکە پێداویستیی گرنگ نەبووە و نییە، بەڵکو:
- گەنجان چاویان لە کارە.
- خەڵک چاویان لە خزمەتگوزاریی باشتر و زۆرترە.
- کارەبای 24 سەعاتیان دەوێت.
- ئاوی خوارنەوەیان پێویستە.
- شەقام و شاڕێگای نوێیان دەوێت.
- کەرتی کشتوکاڵی و ژینگە پێویستیان بە پەرەپێدان هەیە.
لەو ڕۆژەوەی مەسروور بارزانی سەرۆکایەتیی حکوومەتی وەرگرتووە، ڕێگای حوکمڕانی گوڵڕێژ نەبوو، بەڵکو ڕێگایەکی سەخت و دژوار بووە، چەندان دۆسیەی یەکلانەکراوە هەبووە، دەستی بۆ هەر دۆسیەیەک دەبرد، دەیان لوغمی بۆ دانرابووەوە:
- دۆسیەی نەوت و مووچە.
- دانوستان لەگەڵ بەغدا.
- لەوانەش گرنگتر و هەستیارتر، نەوەی ئێستەیە کە لە سەردەمی دیکتاتۆرییەت و زوڵمی بەعس نەژیاون، واتا زۆر تەماشای ڕابردوو ناکەن، بەڵکو بە ئومێدی داهاتووێکی گەشتر تێدەکۆشن.
لە سەرەتاوە تا هەنووکە، مەسروور بارزانی، لە ناو ململانێیەکی دوولایەنە دایە:
- بەرەی ناوخۆیی: بەرانبەر هەندێک لایەنی سیاسی و دەزگای میدیایی، کە هەست کردنیان بە بەرپرسیارییەتیی ویژدانی و ئەخلاقی، لە ئاستێکی نزم دایە.
- بەرەی دەرەکی: کە لە کۆمەڵێک هاوکێشەی هەرێمى و نێودەوڵەتیی ئاڵۆز پێکهاتووە.
لەناو ئەو ئاڵۆزی و ئەو دۆخە تەمومژاوییەدا، مەسروور بارزانی چرایەکی ئومێدی هەڵکرد:
- ژمارەیەکی یەکجار زۆری پڕۆژە دەستیان پێ کرا، کە ژێرخانی حوکمڕانییان بەهێزتر کرد.
- کار بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی دیجیتاڵی دەستی پێ کرد، پلانسازی بۆ پێشخستنی خوێندن لە ئاستە جیاوازەکان کرا.
- کەرتی وەبەرهێنان گەشەی کرد و گەشایەوە.
- تا ئەوپەڕی توانایەوە بەپیر چاوەڕوانی و داوای لاوانەوە چوو.
مەسروور بارزانی، باوەڕی وایە و دەزانێت کە پڕۆژەکان بە ژمارەی وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان پێوانە ناکرێن، بەڵکو ئەو کاتانە دەست پێ دەکەن کە کامێراکان دەکوژێنرێنەوە. ئەوەش دەزانێت کە نەوت (داهات) و (ئافات)ە لە یەک کاتدا، هەر هەنگاوێک لەو بوارەدا جەنگێکی یەکلاکەرەوەیە، دواخستنی هەر هەنگاوێکیش واتا قەیرانێکی تر، بۆیە هەنگاوەکان پێویستیان بە دیقەت و بڕیارەکانیش بە حیکمەت هەیە.
مەسروور بارزانی باوەڕی وایە، ئایندە تەنیا لە هۆڵەکانی کۆبوونەوە دروست ناکرێت، بەڵکو لە بیر و مێشکی منداڵێک دەست پێ دەکات، کە یەکەمین دێڕی لەبارەی خۆشەویستیی نیشتیمان فێر دەکرێت، بە شێوازێک کە تێبگات ئەوە جوانترین حەقیقەتى ژیانە.
ئەوەی دنیابینی و حەقیقەتی حوکمڕانیی مەسروور بارزانی، کە بنیاتنانی وڵات و دەوڵەت و مسۆگەرکردنی ئایندەی ئەو میلەتەیە، جا ئەگەر کەسانێک، با مووچەخۆرى ئەو بن و بە ناوی ئەویش قسە بکەن، بەڵام کە نەزانن ئەو حەقیقەتە بڵێن، ئەوە گوناحی ئەو نییە، بەڵکو چانسە و نایهێنێ!