لە زۆربەی گوتارەکانیدا، سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، بەشی زۆر و گرنگی گوتارەکەی ئاراستەی توێژی لاوان دەکات، کە نوێنەرایەتی هێزی زیندوو و دەنگ و ڕەنگی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە دەکەن. مەسروور بارزانی وەک تەنیا توێژێک و نەوەیەک تەماشای لاوان ناکات و بەرخوردیان لەگەڵ ناکات، کە چاوەڕوانی دەرفەت دەکەن، بەڵکو وەک سەرمایەیەکی ستراتیجی و هێزێکی ئامادەی هەبوو بۆ بنیاتنانی ئایندە باوەڕیان پێ دەکات.
مەسروور بارزانی هەمیشە دووپات لەوە دەکاتەوە، کە لاوان بناغە و داینەمۆی گۆڕانکاری و چاکسازییەکانن، توانای پاراستنی دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانن، لە ڕێگای بیر و تێهزرینی نوێ و دوو لە خۆدووبارە کردنەوە و دوورەپەرێز بوون، بەو باوەڕە داوای وەبەرهێنان لە توانا و باوەڕی گەنجان دووپات دەکاتەوە، لە ڕێگای ڕەخساندنی کەشی لەبار و هاندانیان بۆ بەدیارخستنی داهێنان و کارەکانیان، بۆ ئەوەی ببنە هاوبەش و خاوەنی ڕاستەقینەی داڕشتنی بڕیارە سیاسی و ئابورییەکان.
ئەو گرنگی دانە، لاوان دەخاتە ناو چەقی پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردیی هاوچەرخ، هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاو و بەرجەستەیان پێ دەدات، کە تەجاوزی سنووری دروشم و وشە و چەمکە بە بریق و باقەکان دەکات، بە ئارستەی پێ سپاردنی ئەرک و بەرپرسیارەتی ڕاستەخۆ لە داڕشتنەوەی ئیرادەی گشتی و بیرگەى گشتی، لێرەدا گوتارەکەی مەسروور بارزانی دوو ئاراستە وەردەگرێت: یەکەمیان، دڵنیایی دانە بە کۆمەڵگە، کە ئایندەیان لە دەستی ئەمین دایە. دووەمیان، هاندانی گەنجانە بۆ ئەوەی ببنە ئەو پاڵەوانانەی کە ئایندە دروست دەکەن.
بە بۆچوونی من، لایەنی هەرە بەهێزی ئەو گوتارەی مەسروور بارزانی، ئەوەیە کە لاوان ناخاتە پێگەی پاشکۆیەتی و ڕاپەڕاندنی ئەرکی یاریدەدەری، بەڵکو وەک هێزی تەواوکاری و خولقێنەر باوەڕی پێیان هەیە، سەرۆک وەزیران باوەڕی وایە، لاوان هیوایەکی دواخراو نین، بەڵکو حەقیقەتێکی هەبوو و هەنووکەیینە، کە ستوونی سەرەکینە بۆ مانەوەی قەوارەی دەستووری کوردستان و پێشخستن و گەشەپێدانی.
لەو سەردەمەی کە ڕکابەری توند لە نێوان گوتارە سیاسییەکان هەیە، کە بەسەر گوتاری خۆڕادەستکردن و گوتاری خۆنەچەماندن دابەش بووینە. گوتارەکەی مەسروور بارزانی لەو گۆشەنیگایەوە بە لاوان دەڵێت: "ئێوە ئیرادەی ئێمەن" ئەو چەمکە تێگەیشتن و فەلسەفەی سیاسیی مەسروور بارزانی کورت دەکاتەوە، لەوەی کە گۆڕان و چاکسازی و گەشەپێدان لە چاوەڕوانی نەوەکانی داهاتوو دا نابێت، بەڵکو لە هەنووکەوە دەست پێ دەکات، لە هزر و بیری هەر کچ و کوڕێکی گەنج، کە باوەڕیان هەیە ئایندەی کوردستان بە دەستی ئەوان دەنووسرێتەوە و مسۆگەر دەکرێت.