شانزەی ئۆکتۆبەر گەورەترین ناپاکیی مێژووی کوردایەتی

لە دوای فەرمانڕەوایەتیی مادەوە، کورد تەنیا لەبەر کوردبوون بە هەموو پێوەرەکان و بە گشت جۆرەکان سەرکووت و بێ دەنگ دەکرێ.

بەڵام کورد لەم هەزارەها ساڵەدا، بۆ مانەوە شەرەفمەندانە، مانەوە و ئازادی، بەرگریی کردووە و تێکۆشاوە.

هەر ئەمەیش بووەتە هۆکاری کوشتن، گرتن و بەکۆمەڵ لەناوبردنیان.
  
جینۆسایدی گەلی  کورد زۆرە، هەر لە جینۆسایدی دەرسیمەوە بۆ دواترینیان کە کوردانی ئیزدی بوو بە دەستی داعش.

کورد هەمیشە لە نێوان مانەوە یان توانەوە بووە، ئەگەر خەباتی رزگاری و رۆحی ئازادیی کوردان نەبوایە، کورد ئێستە تۆزی مێژووی نەمابوو، هەر ئەو خەباتەیش تووشی دەردەسەری و بەکۆمەڵ لەناوبردنی کردووە.

شۆڕشی سوڵتان ئیسحاق لە هەزارەی یەکەم، دواتر هەموو بەرخودان و شۆڕشەکان چ هی شێخ عوبێدوڵای نەهری، شێخ مەحموود، شێخ سەعیدی پیران، ئاگری داخ، بارزانیی نەمر، قازی محەمەد، مام جلال و سەرۆک بارزانی... گەیشتە ریفراندۆمی سەربەخۆیی 2017.

ئەو ریفراندۆمەی گەلی کورد بە نوێنەرایەتیی مێژووی هەزارەها ساڵەی خۆی و بە نوێنەرایەتیی شەهیدان، کە خوێنیان بۆ سەربەخۆیی کورد رشت، دەنگیان بۆ رزگاری لە بندەستی و ئازادی و سەربەخۆیی دا.

سەرکەوتنی ئەو خەونە قەتیس ما لە نێوان یەک شەڕدا، شەڕی ئازادیی یەکجاری، یان مانەوە بە بندەستی، تا سەردەمێکی نادیاری تر.

ئەو شەڕەیش کەوتە رۆژی شانزەی ئۆکتۆبەری 2017 لە شاری کەرکووک، هەموو کوردی دنیا چاوی لەوە بوو کوردان وەکو هەمیشە بۆ رزگاری ئازایانە بەرگری بکەن و سوپای شپڕێوی دوژمن ببەزێنن و خەونی 
هەزار ساڵە بێتە دی.

بەڵام بەداخەوە هەندێک کەڵفام بە دەست تێکەڵکردن لە گەڵ دوژمن، خەونی هەزار ساڵەیان سپارد بە سەردەمێکی تر کە رەنگە دیسانەوە بۆ دەرفەتێکی وەکو شانزەی ئۆکتۆبەر، کوردان سەدان ساڵ و شۆڕشی تریان پێویست بێت خەونی مەزنی سەربەخۆیی لە شەڕێکدا کۆ بکەنەوە.