ورمێ یه‌كێك له‌و شارانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه كه مێژوویه‌كی دوور و درێژی له شۆڕش و پێكدادانه‌كانی هێزه بچووك و گه‌وره‌كان له سه‌ده‌ی ڕابردوودا هه‌یه، له‌وانه ڕووسیا، عوسمانی، ئێران، كورد، ئاشوور و ئه‌رمه‌ن. ده‌توانین بڵێین مێژووی شاره ستراتیجه‌كان له‌م ناوچه‌یه‌دا به خوێن نووسراونه‌ته‌وه كه ورمێ‌ش یه‌كێك له‌وانه‌یه. دوو سه‌رهه‌ڵدانی خانۆی یه‌كده‌ست (له‌پزێڕین) له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان و شۆڕشی سمكۆی شكاك له سه‌رده‌می په‌هله‌وی یه‌كه‌مدا، دوو نموونه‌ی دیاری ده‌سته‌ویه‌خه‌بوونی كورد بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆخی خۆی و شوناسی سیاسی و كولتووری بووه كه تا ئاستێكی زۆر ناسراون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م شاره پانتای ته‌راتێنی زلهێزه‌كان بووه، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین جۆره پێكه‌وه‌ژیانێكی ڕێژه‌ییش له هه‌ندێك قۆناغدا له نێوان پێكهاته‌كان هه‌بووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه نه‌ك هه‌موو ڕاستییه‌كه نییه، به‌ڵكو به‌شه گرنگه‌كه‌ی ڕاستییه‌كه‌ش نییه. واته پێكه‌وه‌ژیان له ورمێ به پێكهاته‌ی كورد، ئازه‌ری، ئاشووری و ئه‌رمه‌نه‌وه به‌شێوازه پێش‌مۆدێرن و مهدهنییهكهیهوه، ڕه‌نگه پێگه‌یه‌كی نزم و خلیچكی هه‌بووبێت، به‌ڵام بێبه‌ری نه‌بووه له‌و ڕق و ئهویدیبینی(بێگانهبینی/داگیركهرزانینی ئه‌ویدی)هی كه له ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و زمانییهكهیدا ئاماده بووه، دواتر له فۆرمی ئایدۆلۆجیای سیاسی‌دا گه‌یشتووه‌ته ئاستێك كه له هه‌ر بۆنه و ڕێوڕه‌سمێكدا، پانتوركیزم بانگهێشتی ده‌ركردنی كورد بكات و بڵێت ئه‌مانه په‌نابه‌ری عێراقین! كوردێك كه به‌پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كان، ڕێژه‌ی زۆری شاره‌كه پێكدێنێت.
ئه‌مه ئه‌گه‌ر گۆڕمه‌نی (متغیر) و فاكته‌ری ئاینیشی بخه‌ینه سه‌ر، هاوكێشه‌كه زیاتر قهیرانئاژنگ ده‌بێت. دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و بێبه‌شبوونی كورد له ده‌وڵه‌تی خۆی له چوارچێوه‌ی ویلایه‌تی مووسڵدا، ڕۆحی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی توركی له فۆرمی جیاوازی شیعی و سوننه‌دا به‌سه‌ر هه‌موو جیۆگرافیای ناوچه‌كه‌دا باڵه‌فڕه‌ی بوو. جیۆگرافیای كوردستان له‌بارترین و بێبهرگترین ژینگه بۆ ئه‌م باڵنده دڕ و نه‌گریسه بوو. كه‌مالیزم له ڕۆح و جه‌سته‌ی بریندار و بۆگه‌نكردووی كه‌لاكی ئیمپراتۆریی عوسمانی له دایك بوو. زه‌وینه‌ی مێژوویی توركه‌كان له چه‌ند 100 ساڵ حوكمڕانیی ئیسلامی- سیاسی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا، خه‌ونی داگیركاریی هه‌ر له زه‌ینیاندا زیندوو هێشتبووه‌وه، هه‌رگیز نه‌یانتوانی ده‌ستبه‌رداریی خه‌ونی ئه‌و پانتا فراوانه‌ی حوكمڕانیان بن كه ئه‌سپی ئاره‌زوو و خواسته‌كانیان تێدا تاو دابوو. بۆیه له‌م خه‌ونه سه‌ركوتكراوه، له‌و لاشه بۆگه‌ن و له لنگهفرتهی كهمالیزمهوه، ئه‌و منداڵه دهجالئاسایه له دایك بوو كه ئێمه وه‌ك "پانتوركیزم" ده‌یناسین.
ڕه‌نگه پانتوركیزم نزیكترین ئایدۆلۆجیا بێت له نازیزم و فاشیزم. به‌و جیاوازییه‌وه كه ئه‌و ئایدۆلۆجیایانه خۆیان به ئاین ده‌مامكدار نه‌ده‌كرد، ئه‌وان بێ ده‌مامك و ڕووهه‌ڵماڵراو بوون. نازیزم باسی له‌ناوبردنی جووه‌كانی به ڕوونی و ڕاسته‌وخۆ ده‌كرد، به‌ڵام پانتوركیزم باسی پێكه‌وه‌ژیان ده‌كات و مه‌به‌ستیشی ژیانێكه كه خۆی پێناسه‌ی ده‌كات و به‌پێی پێوه‌ره بوونناسانهكانی ئه‌و بێت، پانتوركیزم ده‌توانێت باسی ئاشتی بكات، به‌ڵام به شه‌ڕ ده‌ست پێ بكات، باسی پێكه‌وه‌ژیانی برایانی بكات، به‌ڵام كۆیله‌ی بوێت، ئه‌كته‌رانی پانتوركیزمی ورمێ له هه‌مان كاتدا كه ئاوه‌ها به‌ڕواڵه‌ت جه‌ربه‌زه و بوێر دیارن، زۆر ترسنۆكیشن! سنووره وه‌همییه‌كانی ئێران و تووران ده‌بڕن، به‌ڵام به‌بێ پشتگیریی ئه‌نكه‌ره و باكۆ، ناتوانن ئه‌و نمایشه بكه‌ن كه ساڵانه ده‌یبینین له هه‌مبه‌ر كورد ده‌یكه‌ن.
ترسنۆكیی پانتوركیزم هه‌ر له‌مه‌دا نییه كه له‌لایه‌ن دوو یان چه‌ند ده‌وڵه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران كلكهقوونه ده‌درێن و پشتیوانیان لێ ده‌كرێت، به‌ڵكو له‌وه‌یه كه ته‌نیا به كورد ده‌وێرن، به نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت و سه‌ركوتكراو و چاوترسێنكراو، نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه به هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر له هه‌مبه‌ریان خۆڕاگر و ڕاوه‌ستاو جووڵاوه‌ته‌وه. نابێت ئه‌م خاڵه گرنگه له بیر بكه‌ین، پێوێرانی پانتوركیزم به كورد (به پشتیوانی حوكمی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی) به‌و مانایه نییه كه ئه‌وان ته‌نیا دژ به كوردن و كورد تاقه ڕق و گرێپوچكهی ده‌روونیی ئایدۆلۆجیاكهیانه، به‌ڵكو پانتوركیزم دژ به هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه له ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ر و به‌هاكانی ئه‌وان بیر بكاته‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی تێزی "زمانی خۆر" تێفكرێ و خه‌ونی هه‌بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سه‌رنه‌كه‌وتنی پانتوركیزم تا ئێسته به‌هۆی به‌رگریی و نهشكاویی كورد بووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش هه‌م له ئێران و هه‌م له توركیا و ته‌نانه‌ت عێراق و ڕووسیاش گرێیه‌كی ده‌روونیی گه‌وره‌ی به‌نیسبه‌ت كوردانه‌وه لایان دروست كردووه، كورد نه‌یهێشت ئه‌و خه‌ونه تاریكه‌ی پانتوركیزم كه به قه‌تلوعام و پاكتاوكردنی ئه‌رمه‌نه‌كان تاریكتر داده‌هات، زیاتر بڕواته پێش و له‌مپه‌رێكی گه‌وره‌ی بۆ دانا، له‌م دراما ترسناكه‌ی ئایدۆلۆجیایه‌كی به‌خوێن تێراو و نۆستالێجیتهوهر بۆ ئیمپراتۆریی مه‌زن و شكۆداری ئاسمانی- زه‌وینی (ئوستووره‌یی).
ڕه‌وایه ئه‌م پرسیاره بكه‌ین، ئایا هه‌موو ئازه‌رییه‌كانی ورمێ پانتوركن؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بێ سێ و دوو نه‌خێره، چونكه هیچ پرسیارێكی ڕه‌ها كه مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی وه‌ڵامی به‌ڵێ یان نه‌خێر بێت، هه‌ر له ڕوانگه‌یه‌كی توندئاژۆیانهوه هه‌ڵده‌خێزێت كه ئێمه دژی ئه‌وه‌ین. به‌ڵام ده‌كرێت ژیربێژانهتر بپرسین پانتوركیزم چه‌نده له ورمێ په‌ره‌ی سه‌ندووه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به سه‌رنجدان به‌و نمایشه‌ی كه نه‌ورۆزی ڕابردوو تور‌كان (ئازه‌رییه‌كان!) له هه‌مبه‌ر نه‌ورۆزی شكۆداری كورداندا، ڕێكیانخست و به گورز و گۆپاڵه‌وه هاتن بۆ خۆپێشاندان تا ئاستێك ڕوونه.
به سه‌رنجدان به دروشمه‌كانیان، بێده‌نگیی لایه‌نانی حكوومی، هێزی شوورای شاری ئه‌وێ له به‌رژه‌وه‌ندیی تور‌كان، پشتیوانیی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی تاران و... ئه‌و پلانه سیاسی و ئه‌جێندا ئیدارییه‌ش ده‌بینین كه ئاو له بنی دره‌ختی پانتوركیزمێك ده‌كات، كه ده‌یان ساڵه چڵ و لقه كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ئاو دراوه، له نمایشی ئه‌م ڕۆژانه‌ی تور‌كان له میانه‌ی یاریی نێوان دوو تیپی فووتباڵدا، تور‌كان به دروشمی "حه‌سه‌نی/ئه‌ردۆغان له كوێی بۆ نایه‌یته‌وه كوردان له سێداره بده‌ی" هه‌مان پانتوركیزمیان جاڕ دایه‌وه، ئه‌مجاره‌یان ڕوونتر و ڕاشكاوتر گوتیان كه پانتوركیزم له تاران و ئه‌نكه‌ره‌وه پاڵپشتیی وه‌رده‌گرێت وه‌ك چۆن له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌ڵانی ئێران، حه‌سه‌نی كرا به حاكم شه‌رعی كوردستان و به لێشاو كوردی له سێداره ده‌دا و بووبوو به عه‌جاج تكریتی له كوردانی ڕٶژهه‌ڵات، ئێسته‌ش له‌لایه‌ن پانتوركانهوه بانگهێشت ده‌كرێته‌وه، بانگهێشتێك كه ڕووی له تاران و ئه‌نكه‌ره‌یه.