من هه‌میشه له‌گه‌ڵ بابه‌تی به‌راوردكردن كێشه‌م هه‌بووه، به‌و هۆكاره‌ی شتێك له به‌راوردكردندا هه‌یه كه نالۆجیكی و ده‌ستكردانه ده‌نوێنێت. له به‌راوردكردندا هه‌میشه جۆرێك له هه‌ڵسه‌نگاندن به‌پێی پێوه‌ری ئه‌ویتر بوونی هه‌یه، ئه‌م بابه‌ته به‌زۆری له ده‌روونناسی كۆمه‌ڵایه‌تیدا و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی خێزانی‌دا زیاتر خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش ده‌روونناسان و ڕاێژكارانی خێزانی، له مه‌ترسییه‌كانی به‌راوردكردن ئاگاداریان كردووینه‌ته‌وه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه باشتر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌راوردكردن به‌پێی چ لۆجیكێك ئیش ده‌كات و مه‌ترسییه‌كانیشمان باشتر لێوه دیاره.
به‌پێی توێژینه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕاپۆرته ده‌روونناسییه‌كان، به‌شێكی زۆی خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام خۆیان (یان دۆخی خۆیان) له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا به‌راورد ده‌كه‌ن، واته به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان لاوازی یان كه‌موكوڕییه‌ك له خۆیاندا ده‌بینن و میكانیزمی به‌راوردكردن هه‌ڵخڕێنه‌ری ئه‌و خۆ به‌كه‌مبینییه‌یه، ڕه‌نگه مێدیۆم و ناوكۆییه‌ك كه به‌راوردكردن به خۆكه‌مبینی و نوقسانبینییه‌وه هه‌ڵده‌پێكێت، ده‌سته‌واژه یان ئیدیۆمی "چاولێكه‌ری" بێت، ئه‌م ده‌سته‌واژه كۆنه ده‌لاله‌ت له كرده یان دۆخێكی ده‌روونی ده‌كات كه مرۆڤ یان تاكێك به‌بینینی كه‌س یان تاك یان دۆخی به‌رانبه‌رێك له ده‌روونیدا ده‌چێنرێت، ورده‌ورده له پێوه‌ندیی جۆراوجۆری ڕۆژانه‌دا باڵا ده‌كات.
چاولێكه‌ر به هه‌ر بارێكدا چاوی لێ بكه‌ی، ده‌لاله‌تێكی نه‌رێنی هه‌یه و هه‌ڵخێزراوی ئه‌و خۆ به‌كه‌مبینییه‌یه كه له سه‌ره‌وه تیشكم خسته سه‌ری، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ئێسته له قه‌ڵه‌مڕه‌وی كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسیدا سنووردار نه‌بووه‌ته‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی تیۆریزه بكرێت، له پانتای سیاسه‌ت و ژیانی ڕۆژانه‌شدا به‌كار ده‌هێنرێت، بۆیه به‌كورتییه‌كه‌ی ده‌توانین بڵێی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان مه‌عریفه و باڵه جیاوازه‌كانی زانسته مرۆییه‌كانه، له هه‌ر بوارێكی مه‌عریفی و زانستیشدا مانا و ده‌لاله‌تی تایبه‌تی خۆی په‌یدا كردووه. پاڵنه‌ر و هه‌ڵخڕێنه‌ری چاولێكه‌ری ده‌توانێ به دوو ئاراسته‌دا بڕوات و دوو ئه‌نجامی جیاواز بۆ خۆی ببینێته‌وه.
ئاراسته‌ی یه‌كه‌میان كه ناته‌ندروسته و جۆرێك بنبه‌ستی ده‌روونی و زه‌ینییه ئه‌نجامێكی توندئاژۆیانه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، كه له جه‌وهه‌ردا به‌و خۆبه‌كه‌مبینییه ناوێرێت. واته چاولێكه‌ری له سنووری به‌راوردكردنێكی پاسیڤ و ناكارامه‌دا ده‌مێنێته‌وه و خه‌مۆكی یان جۆرێك شكست به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. ئاراسته‌ی دووه‌م كه ئه‌نجامێكی جیاوازتری ده‌توانرێت هه‌بێت، ئه‌مه‌یه كه چاولێكه‌ری و به‌راوردكاریی ده‌بێته هۆكارێك بۆ بینینی ڕاستی و یان خواروخێچیی ڕووخساری ڕاسته‌قینه‌ی خۆت. له‌م چركه‌ساته هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌دا پرۆسه‌كه تاك یان جڤاك یان... به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌بێت كه بوێرانه چاو له ڕووخساری خۆی بكات و له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه‌یه‌ی خۆی پێ به‌راورد ده‌كات و به‌پێی ئه‌وه خۆی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی "خۆناسانه" و "مه‌عریفه‌ناسانه"ی هه‌بێت، تا به‌م شێوه‌یه عه‌قڵی خۆڕه‌خنه‌كاری سه‌رهه‌ڵبدات و له‌باتی خه‌مۆكی و بنبه‌ست و گیرخواردن له كاتێكی دیاریكراودا و چه‌قین له دۆخێكی پاسیڤدا، بیر له تێپه‌ڕین له دۆخی ئێسته و هه‌وڵی چالاكانه و بنیاتنه‌رانه و تێپه‌ڕاندنی كه‌س یان لایه‌ن و جه‌مسه‌ری چاولكێكراو و خۆپێ به‌راوردكراو ده‌كات، ئه‌مه ئاراسته و ئه‌نجامی دووه‌مه كه به‌دڵنیاییه‌وه له ڕه‌وتێكی چالاكی پۆزه‌تیڤ و به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه.
ئه‌م هاوكێشه كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسی و ده‌روونناسانه‌یه له ئاستی هێزه سیاسییه‌كانیشدا به ئاسانی جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام به یه‌ك جیاوازیی جه‌وهه‌رییه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه زۆرجار هێزێك به ئاراسته و ئه‌نجامی یه‌كه‌مدا خۆی هه‌ڵواسیوه، یان باشتره بڵێین هه‌ڵواسراوه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ئالییاته سیاسی و سه‌ربازیییه‌ی هه‌یه‌تی، هه‌ر خۆی به خاوه‌نداری ئاراسته‌ی چالاك و پۆزه‌تیڤی دووه‌م ده‌بینێت و ده‌ناسێنێت، به‌ڵام به‌م هێزه ده‌ڵێن: پاشای عه‌رشی كه‌لاوه!
ئێسته له پانتای سیاسه‌تی كوردستاندا دوو هێزی دیار و كاریگه‌ر ده‌بینێرن، یه‌كه‌میان پارتی دیموكراتی كوردستانه و ئه‌وی تریشیان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان. به‌هه‌ر پێوه‌رێك چاوی لێ بكه‌ین، پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌م له‌ڕووی پێگه‌ی سیاسییه‌وه له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، له یه‌كێتی سه‌رتر و له پێشتره و هه‌میش له‌ڕووی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و ئه‌ته‌كێتی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، چه‌ند قات باڵای بڵندتره له یه‌كێتی. یه‌كێتی نیشتمانی له‌گه‌ڵ چه‌ندان قه‌یران و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ناوخۆییدا ده‌سته‌ویه‌خه‌یه و هه‌وڵی داوه به نمایشه ناباوه‌كانی سه‌رۆكێكی گه‌نج، ئه‌م كێشه و قه‌یرانانه په‌رده‌پۆش بكات، ڕه‌نگه ئه‌م كێشه و قه‌یرانانه هێشتا كاتیان پێویست بێت ببنه هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كه كۆی پێكهاته‌ی ئه‌و حزبه و مێژووه‌كه‌شی ڕووبه‌ڕووی داڕمان و كه‌وتنی گه‌وره بكات، من پێشم وایه ئه‌و یارییه سیاسی و میدیاییه‌ی كه تا سه‌ر ئێسك دژه‌دیپلۆماسی و ملهوڕی پێوه دیاره، ته‌نیا كاتێكی كورت بۆ ئه‌و قه‌یران و كێشانه ده‌كڕێت و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌بێت، ئه‌وا كه‌وتنێكی گه‌وره ده‌كات كه هه‌ستانه‌وه‌ی ئاسان نابێت.
له ئاوه‌ها دۆخێك‌دا یه‌كێتی كه‌وتووه‌ته ناو زه‌ینییه‌تێكی وه‌همییه‌وه كه خۆی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكرات به‌راورد ده‌كات، ئه‌مه خراپ نییه له بنه‌مادا، به‌ڵام كاتێك ئه‌م به‌راورد و چاولێكه‌رییه به ئاراسته‌ی یه‌كه‌مدا واته خۆلاوازبینیدا ئیش ده‌كات و هیچ سه‌ره‌داوێك له خۆڕه‌خنه‌كردن كه جه‌وهه‌ری ئاراسته‌ی دووه‌مه له‌م حزبه نابینین، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی شكست و مه‌ترسیی گه‌وره‌ی لێ بكه‌ین كه زۆنی سه‌وز ده‌خاته دۆخێكی دانسقه‌وه و هیچ دوور نییه به‌دیله‌كانی ئه‌و سنووره به ئاسانی جێگه‌ی بگرنه‌وه، ئه‌و به‌دیلانه‌ی كه به به‌رنامه‌یه‌كی ئیسلامی سیاسییه‌وه له ده‌ره‌وه پشتگیریی ده‌كرێن و ساڵانێكه خۆیان مه‌ڵاس داوه تا ده‌رفه‌تێكی وه‌ها بێته پێشێ! به‌رواردكردنی یه‌كێتی به پارتی، ته‌نیا له‌ناو لۆجیكێكی ده‌ستكرد و دژوازدا مانا په‌یدا ده‌كات، یه‌كێتییه‌ك به دنیایه‌ك قه‌یران و بێ پلانی و به‌جێنه‌گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و پاشه‌كشه‌پێكردنی ئازادی و به‌ها گه‌وره له مێژینه‌كانی ئه‌و شاره له كوێ، پارتییه‌ك كه هه‌ر مانگه و پڕۆژه‌یه‌كی بنه‌مایی گه‌وره بۆ هاووڵاتیان ده‌كاته‌وه له كوێ؟ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌م تێڕامانه‌دا پێی ده‌گه‌ین، ئه‌مه‌یه كه یه‌كێتی به چاوێكی خوار و نوقسانه‌وه خۆی به‌راورد ده‌كات به پارتی، به‌جۆرێك زیاتر له كۆمیدیا ده‌چێت! پارتیش به‌باشی پێگه و تواناكانی خۆی ده‌بینێت، بۆیه به ئاشكرا و نهێنی به‌م كۆمیدییه پێده‌كه‌نێت، ئه‌گه‌رچی به‌هۆی دۆزی كورد و خاوه‌ندارێتییه‌ك كه له دۆزی كوردی ده‌یكات پێكه‌نینه‌كه‌ی جارێ نه‌كردووه‌ته قاقا!
پرسیارێك كه بێگومان ته‌واوكه‌ری ئه‌م تێڕوانینه شیكارانه‌یه‌ی منه ئه‌مه‌یه: پارتی خۆی به كام هێز به‌راورد ده‌كات؟ یان چاو له كام هێز ده‌كات؟ من له یاداشتی داهاتوومدا هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه.
نوخته سه‌ری دێڕ.