زۆر له‌سه‌ر ژن و ژنێتی گوتراوه و زیاتریش ده‌گوترێت، ئێسته نامه‌وێت له‌سه‌ر دنیایه‌ك تیۆری و بیردۆز بوه‌ستم كه به‌ده‌گمه‌ن گوزارشت له دۆخی ژنان و پێگه و ئاستی ژنێتی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت ئاوڕێكی تر له‌و وێنا چه‌وت و پیاوسالارانه‌یه بده‌مه‌وه كه ژن و ژنێتی له زمان و ده‌ربڕینیدا، یان ئه‌گه‌ر دروستتر بیڵێم له نه‌ست و ناوشیاریدا هێشتا عه‌یبه‌یه، هه‌ر جۆره ده‌ركه‌وتنێكی ژنانه ده‌كه‌وێته به‌رده‌م مۆركلێدان یان بڕیار له‌سه‌ر دانێك. قه‌زاوه‌تكردن یان بڕیاردان له‌سه‌ر فڵان جووڵه و فیسار كرده‌ی ژنێك، زۆر جیاوازه له‌وه‌ی پیاوێك بێت، چونكه بڕیارده‌ر و قازیی سیستمێكی پیاوانه‌یه.
وه‌ك پێشتریش گوتوومه ئه‌م گۆشه‌نیگا ڕه‌خنه‌ئامێزه‌ی من له پیاوسالارییه نه‌ك پیاو وه‌ك بوونه‌وه‌رێك. ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌كی ئاسایی بهێنمه‌وه، ده‌ڵێم ژنێك (گه‌نج یان پیر) له گوندێكی دووره‌ده‌ست و له سه‌رده‌می ئێسته‌دا كاتێك ده‌یهێنینه به‌رده‌م كامێرا و پێشكه‌شكارێك، كه به چه‌ندان نه‌شته‌رگه‌ری و بۆتۆكس و... خۆی ده‌ستكاری كردووه، له پشت كامێراوه پرسیاری لێ ده‌كات، ئێمه ژنێك ده‌بینین كه پێشكه‌وتوو نییه، له سه‌رده‌می ئێسته‌دا ناژی، له یادگه‌ی ڕابردوو و له ته‌پوتۆزی گونده‌كانماندا ده‌ریده‌هێنن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌ك له ڕووی گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری، ژیانی گوندی و... ڕوو بدات، ته‌نیا ئه‌م ژنه (زۆرجاریش پیاو!) نمایش ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له ژنێتی زه‌ق بكرێته‌وه كه له پشت كامێرایه و نوێیه، زۆرجار بۆ چركه‌یه‌كیش بێت هه‌ر ده‌كه‌وێته به‌ر كامێرا.
ئه‌م دوو ژنه هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه به‌رده‌م قه‌زاوه‌ت و داوه‌ریكردنێكی پیاوسارانه كه مه‌رج نییه هه‌ر پیاوان ئه‌م پرۆسه‌یه پراكتیزه بكه‌ن، به‌ڵكو زۆر له خانمان هه‌ن به لۆجیكی پیاوان ده‌ژین و تێنافكرن بۆ خۆیان، ئێسته له‌م دیمه‌نه‌ی كه نه‌خشاندم، هه‌ردوو ژنه‌كه ده‌كه‌ونه به‌رده‌م داوه‌ری و قه‌زاوه‌تی پیاوسالارانه، یه‌كه‌میان به زه‌بوونی و نۆستالیجییه‌وه پێگه‌ی دیاری ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی تریشیان (ڕه‌نگه له‌و كۆنتێكسته و به‌رده‌م هه‌مان كامێرا یان ڕه‌نگه له كۆنتێكستی تر و شوێنێكی تر، گرنگ ئه‌وه‌یه كچێكی ئه‌مڕٶیی بێت و له‌ڕووی جوانكارییه‌وه ده‌ستكاریی خۆی كردبێت)، به‌هۆی جوانكاری و ده‌ستكاریكردنی جه‌سته‌ی خۆی و ئه‌م جۆره بابه‌تانه كه به‌دڵنیاییه‌وه لایه‌نی نه‌رێنی خۆی له‌ڕووی پزیشكی و سایكۆلۆجییه‌وه هه‌یه، ده‌كه‌وێته به‌رده‌م قه‌زاوه‌ت و داوه‌ریكردن. هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌مه‌یان ئیتر سنووری داوه‌ریكردنێكی ئاسایی تێده‌په‌ڕێنرێت و به‌ره‌و دادگاییكردنێكی ڕه‌مزیی یه‌كجاره‌كی ده‌ڕوات! ئه‌ویش به پرۆسه‌ی دنیایه‌ك ته‌شهیر و سووكایه‌تی پێكردن و تانه و توانجی سێكسی و هه‌تا دوایی.
ئه‌وه‌ی كه هه‌ردوو هه‌ڵوێسته‌كه پیاوسالارانه‌یه گومانی تێدا نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌میان تیرۆركردنه به‌هۆی جیاوازبوونه‌وه. وه‌ك گوتم نه‌شته‌رگه‌ریی خانمان بووه‌ته قه‌یرانێكی سه‌رانسه‌ری له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیدا، ئه‌مه‌ش گوزارشت له‌و كێشه و نوقسانییه ده‌كات كه مرۆڤی ئێمه له‌مێژه له گۆشه‌نیگایدا یان لانیكه‌م له نه‌ستیدا به نیسبه‌ت جه‌سته و له‌شی خۆیه‌وه هه‌یه‌تی، به ده‌ربڕینێكی تر ڕوانینی ئێمه بۆ جه‌سته‌مان، پڕه له كێشه و قه‌یران. له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌بێت ئه‌مه بزانین كه كۆمه‌ڵگه‌ی بێ قه‌یران، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مردووه، به‌ڵام ئه‌مه‌ی كه ئێمه چۆن ڕووبه‌ڕووی قه‌یران ده‌بینه‌وه و له كوێدا دیالۆگ داده‌خه‌ین و تیرۆری كه‌سایه‌تی و ڕووشاندنی ده‌روون ده‌ستپێده‌كات، جه‌وهه‌ری بابه‌ته‌كه‌یه.
ماوه‌یه‌ك پێش ئێسته كه‌ویار هه‌ورامیی هونه‌رمه‌ند به‌هۆی ڕووخساریی بۆتۆكسكراو و... كه‌وته به‌رده‌م دنیایه‌ك جنێو و سووكایه‌تیی پێكردن. ئه‌مه‌ی كه ئه‌و كه‌سه به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی پێوه‌ندیی ده‌گرێت و پێوه‌ندیی به‌خۆیه‌وه هه‌یه، ئێمه ده‌توانین باسی كاریگه‌رییه خراپه‌كانی له‌لایه‌نی جۆراوجۆره‌وه بكه‌ین، بابه‌ته‌كه هه‌ر ئه‌و كه‌سه نییه، به‌ڵكوو دیارده‌یه‌كی گشتگیره، ئێمه ده‌توانین هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر هۆكاری ئاوه‌ها هه‌ڵسوكه‌وتێك له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی "خود"دا بكه‌ین، نه‌ك ئه‌وه‌ی به ده‌یان و سه‌تان كۆمێنت و قسه‌ی نه‌شیاو گرێ پیاوسالارانه‌كانی خۆمان هه‌ڵبڕێژینه دنیای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه.
ئه‌م دیارده‌یه كه ته‌نیا پێوه‌ستیش نییه به ده‌ركه‌وتن یان جۆری ده‌ركه‌وتنی ژنانی ئێمه له پانتای گشتیدا، خه‌ریكه جۆرێك په‌ره‌سه‌ندن تاقی ده‌كاته‌وه كه دیالۆگ و گفت و گۆ كه شاكلیل و ده‌روازه‌ی لێك تێگه‌یشتن ده‌كوژێت، سیستمێك له قه‌زاوه‌تكردن و داوه‌ریكردن دروست ده‌كات كه وه‌ك بڵێی هه‌مووان تاوانبارن و هه‌مووانیش دادوه‌رن! ئه‌مه دژوازییه‌كی سامناكه. ئه‌م حاڵه‌ته له كاتی هه‌ڵبژاردندا زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه و له‌لایه‌ن هه‌مان دیدگه‌ی پیاوسالارانه‌وه په‌ره‌ی ده‌درێتێ، بۆ نموونه ئه‌و ژنانه‌ی كه كاندیدن به هۆی هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه، یان جۆری قسه‌كردن و هه‌ڵوێست نواندنیان، ده‌كه‌ونه‌به‌ر گاڵته و سووكایه‌تی پێكردن، ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕه‌فتاره‌كه‌ی ژنانه‌یه و دنیای پیاوسالار ئه‌مه‌ی پێ قووت ناچێت، ژنێك له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی ئاوه‌دانی یان فڵان و فیسار حزبی خۆی (گرنگ نییه چه‌پ بێت یان ڕاست!) وه‌ك ژنێك قسه ده‌كات.
به‌داخه‌وه ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه دوای چه‌ندان ساڵ ده‌ركه‌وتنی ژنان له پانتای گشتی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هێشتا ژن وه‌ك ڕه‌گه‌زی سووك و نزم ده‌بینرێت و ده‌ركه‌وتنی وه‌ك واقیعی خۆی و ژنێتیی خۆی جێگه‌ی عه‌یبه و گاڵته‌پێكردنه. ئه‌گه‌رچی ناكرێت ئه‌م ئه‌نجامگیرییه به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆردا بسه‌پێنرێت، به‌ڵام كه‌م نین ئه‌و كه‌س و ڕوانگانه‌ی كه له ئاستی جۆراوجۆری فیكری و سیاسی و ئیداریدا، په‌ره به ئاوه‌ها وێنا و پێناسه‌یه‌كی نادروست و ناته‌ندروست ده‌ده‌ن. ئه‌مه پێمان ده‌ڵێت له بنه‌ما په‌روه‌رده‌ییه‌كان و هه‌روه‌ها له ململانێ ئایدۆلۆجییه‌كاندا، هێشتا كێشه‌ی رژدمان هه‌یه و ئه‌وه‌ی ده‌بێته قوربانی، مرۆڤ و مرۆڤبوونی ژن یان پیاوه، نه‌ك ڕاست و چه‌پ و سوور و سه‌وز!.