دەسپێک
لە میانی ئەم وتارەدا کە هەوڵێکی سادەیە، تیشک دەخەینە سەر پێگەی گوتاری بارزانییەکان (سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی) لە ژیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و کاریگەرییان لە بەشداریی سیاسیدا، لەگەڵ گرنگیی ڕۆڵیان لەناو سیستمی سیاسیی عێراق و پdوەندیی نێوان قسە و کردار لە پرۆسەی دیموکراسیدا.
لە مێژووی سیاسیی عێراقی پاش ٢٠٠٣ەوە، گوتاری سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نەک تەنیا دەنگی حزبێک، بەڵکوو دەنگی گەل و هەرێمێکی کاریگەر بووە لە داڕشتنی ئاسۆی سیاسیی ئەم وڵاتەدا.
گوتاری سێکوچکەی بارزانییەکان کە (سەرۆک بارزانی) لە لووتکەی هەڕەمی سێکوچکەکەیە و لەبەر ڕۆشنایی ڕوانگە و ڕێنوێنی و ڕاسپاردەکانی ئەو، گوتاری هەریەکە لە (نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان) چوارچێوە دەگرن، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم سێ سەرکردەیە لە سێ نەوە و ئەزموونی جیاوازن، توانیویانە کاریگەریی بەرچاویان لەسەر خەڵکی کوردستان هەبێت، بە تایبەتی لە هەڵمەتەکانی بانگەشە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا.
سەرۆک بارزانى دەنگی شۆڕش و مانەوە
گوتاری سەرۆک بارزانی، وەک سەرۆک و کارەکتەرێکی سیاسیی مێژوویی، هەمیشە بە سیمبۆلی بەرخۆدان و دیموکراسی هەژمار کراوە. لە هەر هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا، بارزانی بە دەنگێکی بەهێز و ئاماژەیەکی ڕوون بۆ مێژووی خەباتی کوردستان، هانی خەڵکی داوە بەشداریی کارا لە ژیانی سیاسی و پرۆسەی دیموکراسیدا بکەن. دیارە گوتاری بارزانی تەنیا لە چوارچێوەی سیاسەتی کوردستاندا نەماوەتەوە و نامێنێتەوە، بەڵکوو پەیامێکی فرەوانتری هەیە بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بەوەی بەشداریی هەڵبژاردن مافە و بۆ خاوەندارێتی لەم مافە و سەرخستنی دیموکراسیەتیش، دەنگدان دەرفەتی لەبار و ئامرازی کاریگەری سەرخستنی پرۆسەکەیە و ناکرێ هیچ کەس دەستبەرداری ئەو مافەی بێت.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی (٢٠١٤، ٢٠١٨ و ٢٠٢١)دا، گوتاری بارزانی لە ئاستی کوردستاندا جەختی لە گرنگیی "بەشداریی گشتی و یەکڕیزیی نیشتمانی” دەکردەوە و لەسەر ئاستی عێراقیشدا پێداگیریی لەسەر "جێبەجێکردنی دەستوور و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی” کردووە، ئەم تێڕوانینە هۆی سەرەکی بووە بۆ جۆشدانی کوردستانییان و تەنانەت بەشێک لە پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش، بۆ ئەوەی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لەوێوە کار بۆ عێراقێکی سەقامگیر و دەستوورسەروەر بکەن.
لەو ڕووەوە، سەرۆک بارزانی بە دووربینیی سیاسی و هەناسەیەکی شارستانییانەی دوور لە بەرچاوتەنگیی نەتەوەیی و حزبی، بە زمانێکی سادە و دڵسۆزانە، توانیویەتی هەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لە زەین و زاکیرەی خەڵکدا ببووژێنێتەوە و وایان لێ بکات هەست بکەن دەنگەکەیان نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ ئاسۆ و ئایندەی عێراقیش گرنگە.
نێچیرڤان بارزانی، دیپلۆماسیەت و هاوسەنگیی سیاسی
گوتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک کارەکتەرێکی دیپلۆماتی بە ئەزموون، کە زیاتر جەختکردنەوەیە لەسەر "هاوسەنگیی سیاسی، دیالۆگی نێوان پێکهاتەکان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دیموکراسی”، لە ئاستێکی تردا و بە جۆرێکی دیکە کاریگەریی لەسەر خەڵک هەبووە و هەیە.
لە هەڵمەتەکانی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکان، بە ڕوونی هەست بەوە دەکرێت بە شێوەیەکی ستراتیجی خەڵک لەوە هۆشیار دەکاتەوە کە بەشداریی هەڵبژاردن نەک تەنیا مافێکی دیموکراسییە، بەڵکوو ئامرازێکیشە بۆ دروستکردنی هاوکێشەیەکی هاوسەنگ لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا.
هاوکات لە گوتاری نێچیرڤان بارزانیدا، گرنگیی "هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا" تەوەرێکی زیندووە، ئەم پەیامەیش دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ خەڵکی عێراق بەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن و دەنگ بەو لایەنانە بدەن کە باوەڕیان بە هاوکاری و دیالۆگە.
ڕاستییەکەی، گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەم هەڵمەتەی بانگەشەی هەڵبژاردندا توانیویەتی هەستی "بەرپرسیارێتیی هاوبەش” لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقدا ببووژێنێتەوە و بیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی ویژدانیی لە ئاست ئێستەی خۆیان و ئایندەی نەوەکانیان.
مەسروور بارزانی، چالاکی و نوێکاری لە بەڕێوەبرندا
گوتاری مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک نوێنەری نەوەیەکی تازە لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، زیاتر بە جووڵە و چالاکی دەناسرێتەوە. بەو پێیەی ئەو زۆرتر جەخت لەسەر "گەشەپێدانی ئابووری، خزمەتگوزاری و چارەسەری کێشەکانی خەڵک” دەکاتەوە، وایکردووە پەیامەکانی بگەنە ئەو چین و توێژانەی خەڵک، بە تایبەتی گەنجان کە زیاتر نیگەرانی ژیانی ڕۆژانە و دواڕۆژی خۆیانن.
لە هەڵمەتەکانی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکاندا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی زیرەکانە ئاماژە بە پێوەندیی نێوان "بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان و باشترکردنی ژیان” دەکات. لە میانی خستنەڕووی ئامارەکان و ئاماژەدان بە پڕۆژەکانی گەشەپێدان، هەوڵ دەدات باوەڕ بە خەڵک بهێنێت دەنگەکەیان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتووی ژیانیان هەیە و دەبێت. ئەم گوتارە بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە تایبەتی لە نێوان گەنجاندا کە موژدەبەخشی هەلی کارە، بووەتە هۆی زیندووکردنەوەی هەستی بەرپرسیارێتیان لە پێوەست بە گرنگیی بەشداریی سیاسی.
کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان
بە دڵنیاییەوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەم سێ گوتارە ستراتیجییە کە لە یەک ڕەگوڕیشەی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرن، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر خەڵکی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەیە، بۆیە دەتوانین ئەم کاریگەرییە لە چەند ڕوویەکەوە شی بکەینەوە:
١- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی:
گوتاری ئەم سێ سەرکردەیە، بە زمانێکی ئاسان و پەیامێکی ڕوون، توانیویەتی ئاستی هۆشیاریی سیاسی لەناو خەڵکدا بەرز بکاتەوە، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان کە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردندا زۆرینەی جار بەرزتر بووە، ئەمەیش بەو واتایە دێت کە ئەم گوتارە یەک ڕەگ و ئاست جیاوازە، بەردەوام ڕۆڵێکی گرنگی لە هاندانی خەڵک بۆ بەشداریی سیاسی و بە پیرەوەچوونی هەڵبژاردن و خاوەندارێتی لە دەنگ و مافی خۆی، بینیوە و دەبینێت.
٢- بووژاندنەوەی هەستی پێویستیی بەشداریکردن:
بارزانییەکان لە ڕێگای ئەم گوتارەدا، توانیویانە هەستی "پێویستیی بەشداریکردن” لە زەینی خەڵکدا ببووژێننەوە، ئەویش بە جەختکردنەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، واتە لەدەستدانی مافی دەربڕینی بۆچوون و ئەم پەیامەیش وایکردووە تەنانەت ئەو کەسانەی لە قۆناغ و وێستگەی جیاوازیشدا لە پرۆسەی سیاسی و گۆڕانی دیموکراسییانە بێ ئومێد بوون، بە جۆش و خرۆشەوە خۆیان بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئامادە بکەن.
٣- کاریگەریی لەسەر گەنجان:
ئەم گوتارە کە بوون و بەها و بەرژەوەندیی کۆی پێکهاتە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی، بە ئامانج گرتووە، توانیویەتی سەرنجی گەنج بۆ بەشداریی سیاسی ڕابکێشێت و وەک بەشێکی کاریگەری کۆمەڵگە، بەهۆی بایەخ و ئومێدبەخشیی گوتارەکەوە، هەستیان کردووە دەنگەکەیان دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات.
کاریگەریی گوتارەکە لە هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا
لە دەرەوەی هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن، بە حوکمی پێگە و کاریگەریی مێژوویی و سیاسیی بارزانییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراقدا و خاوەندارێتیکردنی 100 ساڵە لە دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان، گوتارەکەیان ڕۆڵی گرنگی لە داڕشتنی هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا هەیە و دەبێت، دەکرێ لە چەند خاڵێکدا کورتی بکەینەوە:
یەکەم: پردی نێوان هەرێم و عێراق
گوتاری نێچیرڤان بارزانی، بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکانی نێوانیان، توانیویەتی ببێتە پردێکی پتەو بۆ لە یەکتر نزیککردنەوەی دیدگاکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، تا ئەو ئاستەی ئەم گوتارە لە قۆناغە سیاسییە هەستیارەکاندا، بە تایبەتی لە دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتی تازە، ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبووە و هەیە.
دووەم: دەنگی ئارامی جێی متمانە
بە درێژایی 30 ساڵی ڕابردوو و تا ئەمڕۆ، عێراق بە دەست کێشەی ئەمنی و قەیرانی سیاسییەوە دەناڵێنێت، لەم نێوەدا گوتاری سەرۆک بارزانی کە بە دەنگێکی ئارام و هاوسەنگ و جێگیر، جەخت لەسەر دەربازکردنی عێراق لەم دۆخە چەقبەستووە دەکاتەوە، گوتارێکی چارەسەرخواز کە پەیام و ئامانجە سەرەکییەکەی "دەستوورسالاری و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵ"ە، وایکردووە نەک تەنیا گەلی کوردستان، بەڵکوو بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەکانی عێراقیش، وەک سەرکردەیەکی جێ متمانە و ئومێد، مامەڵە لەگەڵ بارزانی بکەن.
سێیەم: وێنەی ئەرێنی
مەسروور بارزانی، بە باسکردنی پڕۆژە و چالاکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و چاکسازیی لە دامەزراوەکاندا، توانیویەتی وێنەیەکی ئەرێنی پێشکەش بکات. ئەم وێنەیە، بە تایبەتی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، دەکرێ ببێتە نموونەیەک بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەدەمەوەچوونی داخوازیی خەڵک و کاری سیستماتیکەوە، وڵات بخرێتە سەر ڕاستەڕێی گەشەپێدان و پێشکەوتن.
داڕشتنی بڕیاری سیاسیی عێراق
ئەوەی جێی سەرنجە، گوتاری بارزانییەکان تەنیا لە ئاستی ڕیتۆریکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داڕشتنی بڕیارە سیاسییەکانی عێراق دەبێت، دەکرێ ئەمەیش لەسەر چەند ئاستێکدا بخەینە ڕوو:
لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە: بە هاندانی خەڵک بۆ بەشداریی سیاسی و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداری، ئەم گوتارە دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەو پێیەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداری لە هەرێمی کوردستان، دەنگ و پێگەی کوردستان بە دلێری و هێزەوە دەباتە ناو پەرلەمانی عێراق، بەمەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و دیاریکردنی سیاسەتەکانی عێراق دەبێت.
لە ڕێگای دیالۆگەوە: ئەم گوتارە بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی گفتوگۆ، دەتوانێت ئاستی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بەرز بکاتەوە. بەردەوامیی دیالۆگ دەرگا بەسەر چارەسەری بەشێک لە کێشەکاندا دەکاتەوە.
لە ڕێگای گەشەپێدانەوە: گوتاری جەختکردنەوە لەسەر پڕۆژەکانی گەشەپێدان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات، پرسی مسۆگەركردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دەکاتە باسی گەرمی سەر مێزی وتووێژی سیاسیی عێراق و بەشێک لە وتووێژەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.
دەرئەنجام
گوتاری بارزانییەکان لە هەڵمەتەکانی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، نەک تەنیا ڕەنگدانەوەی دەنگ و داخوازییەکانی گەلی کوردستان، بەڵکوو زایەڵەی دەنگ و داوای تەواوی پێکهاتە پەراوێزخراوەکانی عێراقیشە بۆ چەسپاندنی دیموکراسیەت و هاوبەشیی ڕاستەقینە لە داڕشتنی بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
هەر یەکێک لەم سێ سەرکردەیە، بە شێوازی تایبەتی خۆیان، توانیویانە خەڵک بۆ بەشداریی دیموکراسی جۆش بدەن. سەرۆک بارزانی بە مێژوو و سیمبۆلیزمەکەی، نێچیرڤان بارزانی بە دیپلۆماسیەت و هاوسەنگییەکەی و مەسروور بارزانی بە چالاکی و پڕۆژەکانی، پێکەوە دەنگێکی بەهێزیان دروست کردووە کە کاریگەریی نەک تەنیا لەسەر بەشداریی سیاسیی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو لەسەر داهاتووی هاوکێشەی سیاسی و داڕشتنی بڕیارە سیاسییەکانی عێراقیش دەبێت.
سەرکردایەتیی بارزانییەکان، نموونەیەکی زیندووە لەوەی چۆن سەرکردایەتیکردن بە بەرپرسیارێتی و بوونی گوتارێکی کاریگەر، دەتوانێت نەک تەنیا خەڵکی خۆت، بەڵکوو تەواوی وڵاتێک بەرەو ئاسۆیەکی باشتر ببات.
پەیامی سەرۆک بارزانی و دوو جێگرەکەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا كە "یەك دەنگیش گرنگە” جومگە و چەقەکەیەتی، پاڵنەر و هاندەرێکی باشە بۆ خەڵکی کوردستان تا بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن و ڕۆڵیان لە داڕشتنی دواڕۆژی خۆیان و هەرێمی کوردستان و تەنانەت هی تەواوی پێکهاتەکانی عێراقیشدا هەبێت.