هەورەبرووسکە لە سلێمانی باران لە هەولێر

AM:11:07:04/11/2025 ‌
پرۆژە یەک لە دوای یەکەکانی سەرۆک وەزیران، هەم لە ڕووی ژمارەوە و هەمیش لە ڕووی ستراتیجی و پانتاییەوە وەک خەون خۆی دەنوێنێ، ڕاستییەکەی ئەگەر بە ویژدانەوە قسە بکەین، ئەمە هەر ڕچەی کاک مەسروور بووە، واتە بە پلانی ئاوەدانی و بنیاتنانی ئابووریی سەربەخۆ و نانەوتی و مسۆگەرکردنی دواڕۆژێکی ئەمین بۆ کوردستان، دەستی پێ كرد. 

ژمارەی پرۆژەکان و پانتایی و ستراتیجیبوونیان کاری من نییە و پێم وایە باشتر وایە پاش ئەم هەرا و هۆریایەی بانگەشەی هەڵبژاردن کەسانی شارەزا و تەنانەت ڕەخنەگری حکوومەت دانیشن هەڵیسەنگێنن باشتر بێت، دڵنیام لەو حاڵەتەیشدا جگە لە ستایش و سەرسووڕمان بۆ ئەم پاڵەوانە سیاسی و ئابوورییە، ئەنجامی دیکەی نابێت. کاتێک دەڵێم پاڵەوان ئاماژەیە بە هەموو ئەو خۆڕاگری و کۆڵنەدانەی مەسروور بارزانی لە هەموو ئەو قۆناغە قەیراناویانە بەشێکیان وەک ئابووری و کۆرۆنا سەرانسەریی بوون و بەشێکی زۆریشیان وەک دۆخی مووچە و خزمەتگوزاریی گشتی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و ناپاکیی ناوخۆیی و... تایبەت بوون بە کوردستان. 

لە هەموو ئەمانەدا جگە لە هەوڵ و ماندووبوون و هیوابەخشین و چارەسەر، چیترمان لە بارزانی كوڕ نەبینی، ناڕەزایەتییەک، پەلاماردانی لایەنێک، تەنانەت لەبەر خاتری لێکنەترازانی زیاتری ماڵی کورد، هیچیشی بە ناپاکان نەوت، ئەو بە پرۆژە یەک لە دوای یەکەکانی قسەی خۆی کرد و گوتی، دەتوانین ملکەچی بەغدا نەبین و سەربەرزانە بژین، سەلماندیشی "دەتوانین دژە مەرکەزیەت بین و سەربەخۆ و بە کەرامەتەوە بیگوزەرێنین، بەغدا دەتوانێت هەموو ڕێگری و فاشییەت و یاساشکێنییەک بکات، بەڵام ئێمە هەر پێش دەکەوین". 

بە ڕاستی سەرۆک وەزیران بە کردار قسەی کردووە و زۆر غەدری لێ دەکرێت، ئەگەر ئەم هەموو هەوڵ و پرۆژەیە باسی لێوە نەکرێت. ڕاستە وەک خۆیشیان وتوویانە لە ئاستی خەڵکی کوردستاندا ئەم پرۆژانە کەمن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کراوەیی و سینگفرەوانیی سەرۆكی حكوومەت پێشان دەدات، داننانێکی دیموکراسیانەیشە بە ماف و خواستەکانی خەڵکدا، بەڵکوو زیاتریش بۆ هاندانی خەڵکە بۆ ئەوەی مافی خۆیان لە حکوومەتەکەیان بە دەنگێکی بەرزتر و دلێرانەتر داوا بکەن. 

پرۆژەی ئاوی هەولێر کە دەنگدانەوەی لە میدیاکانی دەرەوەیش هەیە، پرۆژەی ڕووناکی و پێشتر و ساڵانی پێشوویش لەپێناو پەرەپێدانی ئابووریی نانەوتی، پرۆژەی هەناردەکردنی میوە و بەروبوومی خۆماڵی بۆ دەرەوە و بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی و.. پرۆژە مەزنە دیارەکانن. 
هەر کام لەم پرۆژانە لە دۆخی کوردستان و ئەو مێژووەی پێیدا هاتووە، بە ڕادەیەک کاریگەر و ستراتیجین کە ڕەنگە کاریگەرییەکانی پرۆژەی ڕووناکی چەندان ساڵی دیکە بۆ هەمووان دەرکەوێ، کاتێک کۆی ناوچەکە تووشی کێشەی کارەبا دەبێت وەک ئێستە عێراق خەریکە تووشی دەبێت و دەست بە داوێنی هەرێم بووە. پرۆژەکانی دیکە بە ورد و درشتیانەوە دانیشتن و بەرنامەی تێروتەسەلی دەوێت. 

من تەنیا دەمەوێت ئاماژە بە پرۆژەی پشتێنەی سەوزیی هەولێر بکەم کە چەندە بە دووربینی و پەرۆشی و دەربەستییەوە ڕاگەیەنراوە. ئەم پرۆژەیە لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانەوە بە لەبەرچاوگرتنی کەشی پڕقەیرانی ژینگەی جیهانیی و ناوچەکە و بابەتی ژینگەی تەندروستی ژیان و ئاوەدانی، بەهۆی ئاو و سەوزایی و نەهێشتنی بە بیابانبوون و دیاردەی کۆچ، دەكرێ، پرۆژەیەکە داهاتوویەکی دووری لەبەرچاو گرتووە و لە ڕەهەندی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە پێش لە کۆچی نەرێنی و ناپێویست دەگرێت و بەم جۆرە زەمینە و ختووکەدانێکی ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوایە کە لەگەڵ قەیرانی پەنابەریدا ڕووبەڕوون تا هاوکاریی وەها پرۆژەگەلێکی مەزن لە کوردستان بکەن.

بە ئەنجامگەیاندنی ئاوەها پرۆژەگەلێک بەر لە هەر شتێک، واتە بەر لە پارە و سەرمایە، ڕوانینی ستراتیجی پێویستە، کاتێک ئەو ڕوانگە نەبێت سەرمایە لە جێی دروستی خۆیدا بەکار نابرێت و خەسار دەبێت، سەرۆکی حكوومەت بە هاوکاریی کەرتی تایبەت و بەشدارکردنی کەرتە ئابوورییە تایبەتەکان لە پرۆژە گشتییەکاندا، پێمان دەڵێت هەر پرۆژەیەکی مەزن بەر لە سەرمایە، ئایدیایە، بۆیە ئەو ئاماژەیەی لە کاتی ڕاگەیاندنی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بە ڕستەیەکی جێی ڕامانی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی دەستی پێ کرد کاتێك گوتی: گوڵ لە بەر باران شین دەبێت نەک بە دەنگی هەورەبرووسکە. 

ئەم ڕستەیەی مەولانا، من دەخاتەوە بیر ئیدیۆمێکی کوردیی خۆمان کە بۆ ئەم بارودۆخەی کوردستان و ئەو هێزە پڕ هەراوهۆریایانەی کە تەنیا دەقیڕێنن و بە زمانێکی زبر و دروشمئاسا قسە دەکەن، پڕ بە پێستە. لە کوردیدا دەڵێن "دەگرمێ و نابارێت یان بگرمێنە و مەبارە"، ئەمەیش بەو مانایە دێت کە دەکرێت دەنگت هەبێت و هەراوهۆریا بکەیت، بەڵام لە کرداردا هیچ سوودێکت نەبێت و هیچ دڵۆپە بارانێکت لێ دانەبارێ، تا گوڵێک بڕوێنێ. ئەمەی دووەمیان حاڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە دەمێکە دەگرمێنێ و ناشبارێت، بەڵام مەسروور بارزانی سەلماندی بە بێ گرمە دەتوانێت دابارێت و کوردستان گوڵباران بكات. 
ئەمە ئەو پاڵەوانێتییەی کەسایەتییەکی سیاسی و کاریگەرە کە ئێمە وەک سەرۆکی حكوومەتی تاقانەی كورد دەیناسین.