ڕووناكبیری چەواشەكار

AM:11:05:06/12/2025 ‌
بۆ كەسانێك كە ئاگایەكی سیاسی ئەوتۆیان نییە، یا لەبەر هەر هۆكارێكی دەمارگیریی سیاسی و حزبی بێت، بەرانبەر بە پارتی، لێكدانەوەی هەڵە بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دوور لە واقیع و بە تێگەیشتنی ئایدۆلۆجییانەی خۆیان بكەن، ڕەنگە ئاسایی بێت، بەڵام كارەساتە خۆ بە ڕووناكبیرزانێك لە سۆنگەی ڕقی كەسی و بە دیدگای ئایدۆلۆجییانە و نەیارانە، خوێندنەوەی لنگەوقووچ بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكات و هەوڵی بە لاڕێدابردنی ڕاستی بەرجەستە و هەبوو بدات، چونكە ئەوكاتانە، هەم شوناسی ڕووناكبیریی ئەو كەسە دەكەوێتە ژێر پرسیار، هەمیش ئەو ماسكەی چەندان ساڵە بە ناوی سەربەخۆیی و بێلایەنی  سیمای ڕاستەقینە و لایەنداریی خۆی پێ شاردووەتەوە، دەكەوێت. 

مەریوان وریا قانع كە هیچ كاتێك ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو ڕقە كەسی و تایبەتییەی خۆی، ڕەخنە لە پارتی بگرێت و هەڵسەنگاندنێكی سیاسی و لۆجیكی بۆ ئەو حزبە بكات، لە وتارێكدا دەڵێت: پارتی لە هەر 100 دەنگ 80 دەنگی نەهێناوە. ڕێك ئەوەی ئێمە لە زەوینەی واقیع و بە كردار بینیمان، ئەوهەڵیدەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ تێڕوانینی ئایدۆلۆجیانەی خۆی تێكەڵی بكات، ئیدی باكی بەوە نییە ئاخۆ ڕاستییەكان چەواشە دەكرێن یان نا؟ بێگومان ئەگەر بەو لێكدانەوەی مەریوان بێت، ئەوا پارتی تەنیا سەت هەزار دەنگی هێناوە، لە كاتێكدا وێرای ئەوەی هەڵبژاردنەكە بە كۆمسیۆنی عێراق و بە یاسای فرەبازنەیی و چەندان ڕێوشوێنی ئەلیكترۆنی و تەكنیكی و زانستی كرا، هاوكات ستەمیش لە ڕووی كورسی و دەنگەوە لە پارتی كرا، هێشتایش ملیۆنێك و 111 هەزار دەنگی هێناوە و بووەتە حزبی یەكەمی سەر ئاستی عێراق. 

ئەوەی مەریوان دەیڵێت، پێچەوانەكەی ڕاستە، بەو مانایەی ئەو حزبە لە كۆی هەر 100 دەنگێك 80 دەنگی هێناوە، بەڵام ئەم چونكە هەرگیز ناتوانێت لەو ڕقە كەسی و سیاسییە بێتە دەرەوە كە بەرانبەر بە پارتی هەیەتی، ئیدی دێت هاوكێشەكە پێچەوانە دەكاتەوە. بەدەر لەوەی ئەمە چەواشەكاریی و بە لاڕێدابردنێكی زەقی ڕاستییەكانە، هەرگیز لەگەڵ شوناسی ڕووناكبیریش یەك ناگرێتەوە، ڕووناكبیر كەسێكە بە ئارگۆمێنت، واقیعییانە و خوێندنەوەی لۆجیكی، ڕووداوەكان دەبینێت و هەڵیدەسەنگێنێت. بێگومان مەریوان دەتوانێت وا وێنای بكات كە پارتی دۆڕاوی یەكەمی هەڵبژاردنە، بەڵام كێ ئەمەی لێ وەردەگرێت؟ چۆن خوێندنەوە بۆ تێگەیشتن و لێكدانەوەكانی دەكەن؟ ئەم جۆرە ڕوانینە، زادەی ڕقێكی سیاسی ئەستوورە بەرانبەر بە حزبێك كە بە هەموو پێوەرێك نەك یەكەم بووە، بەڵكو سەرووی یەكەمیش بووە. 

من لێرەدا بەرگریی لە پارتی ناكەم و كاریشم بەوە نییە، بەڵام بە ئەركێكی گەورەی ویژدانی و ئاكاری و نیشتمانی دەزانم، چەواشەكارییەك ڕاست بكەمەوە كە لەلایەن ڕووناكبیرێكەوە دەگوترێت، ساڵانێكە واقیع بە لنگەوقووچی دەخوێنێتەوە و بە داخەوە زیانی گەورەیشی لەو پەراوێزەوە لە ناوبانگی خۆی داوە. 
ڕەهەندییەكان، بەو شێوەیە لە كۆمەڵگەی خۆیان تێگەیشتبوون كە نازانستی و نالۆجیكی و ناواقیعییە، دیاردە و دەركەوتە سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكانی كۆمەڵگەی خۆیان دەخوێندەوە، بۆیە دواجار هەموویان بوونە دوژمنی یەكتری و ئێستە پێوەندی هاوڕێیەتیشیان نەماوە. 

جوان گوتراوە "ئەوەی لەسەر بەتاڵ بنیات نرابێت، بەتاڵە". بۆیە نابێ لەبەر هەر هۆكارێكی ئایدۆلۆجی و ڕقی كەسی خوێندنەوەی پێچەوانە بۆ واقیع بكەین. دەبوو مەریوان، زۆر بە ڕاشكاوانە ددانی بەوەدا بنایە كە پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانە و ڕەخنەیشی لە حزبەكانی تر بگرتایە كە بۆچی دەنگەكانی پارتی زیاد دەكات، بەڵام هی ئێوە نا؟ نەك بێت تەنیا لە سۆنگەی ئەوەی كەیفی بە پارتی نایەت، هاوكێشەكان پێچەوانە بكاتەوە. 
دواجار دەڵێم، ئەگەر هەر كەسێكی ئاسایی ئەو جۆرە لێكدانەوە بۆ دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن بكا، بۆ ئێمە جێی بایەخ نەبوو، چونكە ڕەنگە هوشیاریی سیاسی هەر ئەوەندە بێت، بەڵام كاتێ كەسێك وەك ڕووناكبیر ناسراوە، دێت بەهەمان تێڕوانینی عەوام، هەمان لێكدانەوە دەكات، ئەوا دەبێ پێی بگوترێت، تۆی هەڵەی، یان نابێت هەڵگری شوناسی ڕووناكبیر بیت، یاخۆ نابێ لە ڕاستییەكی بەرجەستە و دیار لا بدەی كە وەك مانگی چواردە دەدرەوشێتەوە، چونكە باوەڕت پێ ناكرێ و خەڵك زۆر هوشیارە ئێستە و سەردەمی نەوەتەكان نییە هەرچی بڵێن وا بزانن وەردەگیرێ.