ئایا سەربەخۆیی کوردستان خەونێکی شاعیرانەیە؟ خەونێک کە لە هەندێک قۆناغدا سیاسییەکان بە لۆجیکێکی دیاریکراو و تا ڕادەیەکیش ڕەوا بە هێمنی و پارێزەوە یان بە توندی و تووڕەییەوە ڕەتیان دەدایەوە و باسیان لە سیاسەتی "تا ئەو شوێنەی بۆمان دەکرێت یان سیاسەت بەپێی واقیع نەک خەون و خەیاڵ" دەکرد. ئەم هاوکێشەیە بەپێی ئەو جیۆپۆڵەتیکەی پاش سایکس-پیکۆ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین کرا، دێتە ئاراوە. واتە ململانێی نێوان خەون و واقیع، زۆرانبازیی نێوان حەز و عەقڵ. عەقڵێکی سیاسی و هەژموونی کە بێگومان تاقە دەرکەوتەی عەقڵ نییە، بەڵام لە ئاستە سیاسی و هێزتەوەرەکەیدا زاڵترین و بە دەسەڵاتترینە و بە ئاسانی ناکرێت لەژێر سێبەری بڕۆینە دەرەوە. ئەم عەقڵە زاڵە بەهێزە سیاسییە، هەمان هاوکێشەی زاڵی جیۆپۆڵەتیکی نێودەوڵەتییە کە فرەجەمسەر و فرەفاکتەرە.
ئەمە وێنە گشتییەکەیە، بەڵام لە دوای سایکس پیکۆ و پاش ئەو هەموو خەبات و شۆڕش و قوربانیەی کورد (وەک سەرەکیترین قوربانیی نەزم و دیزاینی جیۆپۆڵەتیکی سایکس-پیکۆ)، کاتی ئەوە هاتوو هەرچی سایکس پیکۆ و نەزمی سیاسەتی ئەوکات ڕستی، بکرێتەوە بە خوری؟ ئایا کورد چەندە لە زەوینەسازیی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە بەشدار بووە؟ ئاخۆ هەر بڕیارە ئەو گۆڕانکارییانە ڕوو بدەن، یان یارییەکی میدیاییە لە نەزمێکی میدیایی-سیاسیی نوێدا بە سەرپشکیی ڕۆژئاوا و شوێنپێگرتنیانە لەلایەن بەشە کاریگەرەکەی دنیای عەرەب و...؟ یا کۆدەنگییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ئارادایە تا کیانێکی سەربەخۆ ئەگەرچی لەژێر چەترێکی تایبەت و دیاریکراودا بێ، بدەن بە کورد؟ ئەگەر ئەم کیانە سەربەخۆیە باشوور بێت، ئەی وڵاتانی داگیرکەری دیکەی وەک تورکیا، ئێران و سووریا چ دەکەن؟ یاخۆ ئەگەر ئەوە لە باشوور ڕوو بدات، ئەم وڵاتانەی تریش ناچار نابن لانیکەم چەندان هەنگاوی گەورە لە سەرکوتکردن و سنووردانان بۆ کورد و خواستەکانی پاشەکشێ بکەن؟ یان نا ناوچەکە بە سەربەخۆبوونی باشووری کوردستان بەرەو گرژییەکی کۆنترۆڵنەکراو دەڕوات؟
ئێمە لە ژێر تیشکی ئەم پرسیارانەدا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارەی سەرەتا کە ئایا لەم بارودۆخەی ئێستەیشدا سەربەخۆیی خەونی شاعیرانە نییە؟ ئەگەرچی لە کولتووری سیاسی و گوتاری شیکارانەی ڕۆژنامەنووسیی ئێمەدا، وا ڕاهاتووین زیاتر لەسەر وەڵامەکان ئیش بکەین، یان باشتر وایە بڵێم، وا ڕاهاتووین بەدوای وەڵامدا بگەڕێین و وەڵامی پرسیارێک بدەینەوە، تەنانەت زۆر جاریش بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێکی ژیرانە و واقیعی لە ئارادا بێت، ئێمە گوتارێک دەبینین کۆمەڵێک وەڵاممان دەخاتە بەردەم!
ڕوونە ئەم جۆرە لە شیکاری و ڕوانگە لە ناو نەریتێکی نابەرهەمهێنی ڕۆژانەدا پۆلێنبەندی دەکرێت، لە حاڵێکدا ئێمە لە قۆناغی سەرەتادا دەبێت پرسیاری دروست و بەجێ بکەین، ئەوجار بەدوای وەڵام یان وەڵامەکاندا بگەڕێین. ڕۆژانە لێرەولەوێ لەم پەیج و ماڵپەڕ بۆ ئەو ئەکاونت و هەژمار، بەر دەیان و سەتان بڕیاری ڕەها و بە حیساب بێ ئەملاولا دەکەوین کە تەمەنیان ئەوپەڕەکەی 12 سەعاتە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە بەناو ئەو ڕێچکە هەڵە بێ پرسیارەدا دەڕۆن و لە هەڵپەی خستنەڕووی وەڵامێکی وەهمی یان بەردەستن، تا خەڵکی لێ کۆ بکەنەوە و بەم شێوەیە بڵێن، بەڵێ ئێمە دەتوانین قەرەباڵغییەک دروست بکەین و باش تێگەیشتووین شتێک لە ئارادایە و ڕووداوێکی گرنگ بەڕێوەیە. بەڵام ئەمە ڕێک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دنیای میدیا و شیکاریی ڕۆژنامەوانیی ئێمەیە، بۆیە من داکۆکی لە بیرکردنەوەی زیاتر لەو پرسیارانەی خۆم دەکەم کە لە سەرەتاوە کردمن،
دیارە ئەمانە بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نین كە من هیوام بە کیانێکی سەربەخۆی کوردی نییە، بەڵکوو حەزی لەمێژینەمە، بەڵام وەک وتم واقیع جیاوازە لە حەزی ئێمە. تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا، ماوەی چەند مانگێک پێش ئێستە و لە سەروبەندی دروستبوونی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و باکوری کوردستان، باسی لەوە دەکرد کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک خێڵن و بۆ دەوڵەتداریی نابن. بێگومان لە دووتوێی ئەم قسانەدا زۆر شت دەتوانین هەڵێنجین، دیارە من بە پرسیارەوە ئەم شتە هەڵدەهێنجم و لە باراک دەپرسم، مەگەر ئێوە خۆتان نەبوون ئەم جیۆگرافیایەتان بە دڕندانەترین شێوە دیزاین کرد؟ ئەی ئێوە نەبوون یاریی شیعە و سونە و کورد و عەرەب و تورکمانتان تۆختر کردەوە، ئێستە چی ڕووی داوە وا ئەم قسانە دەکەی؟
هەر لەم ڕۆژانەی دواییدا باراک دەڵێت: "کێشەکانی عێراق و سوریا بەرەو دابەشبوونیان دەبەن، ئەگەرەکە وایە کوردیش لەژێر هەر ناوێکی دەسەڵاتداریدا بێت لەو دوو وڵاتە، خۆی بەڕێوە ببات". وایدانێین بڕیارە ئەو شەپۆلە مەزنە گۆڕانکارییەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر و پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەڵی کرد، خەریکە ناوچەکە بەرەو نەزمێکی جیۆپۆڵەتیکی تازە دەبات و بڕیاریشە دۆخی کورد گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بەڵام دەبێت لە باراک بپرسین: مەبەستت لە "ئەگەرەکە وایە کوردیش لەژێر هەر ناوێکی دەسەڵاتداریدا بێت لەو دوو وڵاتە، خۆی بەڕێوە ببات" چییە؟ ئایا دەتانەوێت باسی حوکمی زاتی یان جۆرێک لامەرکەزی یاخۆ فیدرالیزمێکی شیکستخواردووی وەك عێراق بکەن، یان کوردستانێکی سەربەخۆتان مەبەستە؟
مەبەستی تۆم باراک یان ڕەنگە بتوانین بڵێین سیاسەتی نوێی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا لە (ئەگەرەکە وایە کوردیش لەژێر هەر ناوێکی دەسەڵاتداریدا بێت لەو دوو وڵاتە، خۆی بەڕێوە ببات) چییە؟ ئەگەرچی باراک زۆر قسە دەکات و بەشێکی زۆریشیان هەر فڕێ دەدات، ئیتر یان مەبەستی یارییەکە لە ئاستی میدیایی و گوتاردا یان بە ڕاستی زەوینەسازییەکی زەینییە بۆ ڕووداوە مەزنەکە، بەڵام ئێمە نابێت ئاسۆی لێڵ بەهۆی جوانیی تیشکەکەیەوە بە نزیک و ڕوون بزانین، بەڵکوو تا یەک تۆسقاڵ لێڵی لە دەربڕین و گوتە و کردەی هەر گوتارێکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتیدا بەرانبەر کورد هەبێت، دەبێت بوەستین، تێفکرین و بپرسین.